ئایا محەمەد عەلاوی دەتوانێ باڵانس رابگرێ؟
February 17, 2020
وتار و بیروڕا
محەمەد عەلاوی بۆ بوونی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێویستی بە دەنگی یاسایی پەرلەمانی عێراقە، ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیانەی دەتوانن ئەو رێژە دەنگە بۆ بوونی محەمەد عەلاوی بە سەرۆک وەزیران کۆ بکەنەوە لەلای خۆپیشاندنران گەندەڵن، لێرەوە محەمەد عەلاوی دەکەوێتە نێوان بەرداشی دوو خواستی دژ و پێچەوانە، بەرداشێکی تر کە محەمەد عەلاوی دەبێ خۆی بۆ ئامادە بکات بەرداشی ئێران و ئەمەریکای سیر و مارە.
ئەرکی لە پێش و هەنووکەیی محەمەد عەلاوی ئارام کردنەوەی شەقامی عێراقە و ئارام کردنەوەی شەقامیش لە قۆناغی یەکەمدا پێویستی بە جێبەجێ کردنی داواکاری خۆپیشاندەرانە، لە هەمان کاتدا دەبێ دەبێ بەرژەوەندی ئەو حزب و لایەنانەش لەبەرچاو بگرێ کە کەژاوەی گەیشتن بە کورسی سەرۆک وەزیرانی بۆ دەڕازێننەوە، خۆپیشاندەرانیش دژ بە رازاندنەوەی ئەو کەژاوەیەن کە عێراقی بە دۆخەی ئێستا گەیاندووە، جا ئەگەر داواکاری خۆپیشاندەران لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە، تێدەگەین کە محەمەد عەلاوی و کابینەکەی بە چ دەردێک دەچن.
١ــ خۆپیشاندەران داوای دادگایی کردنی گەندەڵکاران و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەکەن، محەمەد عەلاویش بۆ بوونی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێویستی بە دەنگی ئەو خزب و فراکسیۆنە پەرلەمانیانەیە کە خۆپیشاندەران بە گەندەڵیان دەزانن، ئایا محەمەد عەلاوی دەتوانێ ئەوانە بداتە دادگا کە بووکەڵەیەک دەبێ بە دستیانەوە؟ ئایا محەمەد عەلاوی لەناو ئەو هەموو فەزایەی عێراق دەتوانێ داواکاری خۆپیشاندەران لە ئاوەدانی خۆشگوزەرانی جێبەجێ بکات؟.
٢ــ خۆپیشاندەران دەڵێن: ئێران بۆ دەرەوە، میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیش دەڵێن: ئەمەریکا بۆ دەرەوە، محەمەد عەلاویش بەبێ بوونی (OK)و رازامەندی ئێران ناتوانی بە خەونیش کورسی سەرۆک وەزیرانی عێراق ببینێ، ئایا محەمەد عەلاوی لەو دوو (دەڵێن)ە دژە کامیان هەڵدەبژێرێ؟
لێرەوە کێشە و بەربەستەکانی بەردەم محەمەد عەلاوی و کابینەکەی کۆتاییان نایات، بەدەستهێنانی پشتیوانی کورد و سوننەش دوو کێشە و بەربەستی ترن، بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانیەش بەندە بەوەی تا کوێ بەدەنگ خواست داواکاریەکانیانەوە دێ، ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیش نەک هەر لەگەڵ خواستەکانی کورد و سوننە نین، بەڵکو دژی هەر خواستێکی ئەو دوو پێکهاتە سەرەکیەن و دەیانەوێ خۆیان خواسەکانیان بۆ دیاری بکەن، لیرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە حکومەتەکەی محەمەد عەلاوی ناتوانێ باڵانس لە نێوان ئەو دژانە رابگرێ، بۆیە حکومەتەکەی عەلاوی بەر لەوەی لە دایک ببێ لەبار دەچێ و عێراق دەخاتە ناو کۆمەڵێ گێژاوی نوێ