شەهید ئیدریس بارزانی ، كێوێك بووە لە ورە ، لە نەبەزین ، سەرجاوەی ئومید بۆ ئایندەی گەش ، ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی..

شەهید ئیدریس بارزانی ، كێوێك بووە لە ورە ، لە نەبەزین ، سەرجاوەی ئومید بۆ ئایندەی گەش ، ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی..
شەهید ئیدریس بارزانی، جگە لە كاری حزبی و سیاسی خۆشەویستی جەماوەر بوو و هیچ كات خۆی لە خەڵك جودا نەدەكردنەوە خەمخۆر و دڵسۆز بوو و بە هەموو توانا تێدەكۆشا تا كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكات و هیچ كات رێگەی نەدەدات بێ‌ ئومێدی و سەختییەكان كار لە سەر روحییەتی خەبات و بەرخۆدان كورد وكوردستانییەكان بكات .كاریگەری رەوتی سەركردایەتی كاك ئیدریس لە هەموو رووە سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەكانەوە ، هەرگیز پر ناكریتەوە .
لە مێژووی هاوچەرخی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا كەسایەتی سەركردەیەكی بلیمەتی وەك كاكە ئیدریس نموونەیەكی كەم هاوتای ئەو چەشنە سەركردانەیە كە چەند لە ماوەی ژیان و ساڵان و قۆناغەكانی خەباتیدا ناسراو و دیار و خاوەن رۆڵی كاریگەرانە بووە، بەدڵنییاییەوە دوای بەجەستە ماڵئاوایی كردنیشی رێرەوانی ئەو سەركردە بڵیمەتە بەردەوامە و ئامادەیی و زیندوێتی ئەو سەركردەیە لە ژیان و رەوتی تێكۆشان و كاروبارەكانی خەباتدا پێگەیەكی بەرزی مێژوویی هەبووە و هەیە. بەو هەموو سیفات و ئەدگارە جیا و كەموێنانەی هەیبوون، بەو خەسڵەتە رەوشی و هزری و سەركردەییانەی هەیبوو شوناسێكی پڕ بایەخ و پڕ لە تایبەتمەندی لە مێژوودا بەرجەستە كرد و بۆ نەوەكانی گەلەكەی وەك قوتابخانەیەك دەدرەوشێتەوە و دەتوانرێ بۆ دروستكردنی كەسایەتییەكی كامڵ و سەكەوتوو، بۆ ئەداكردنی ئەرك و كاروبارەكان بەشێوەیەكی پاك و راست و لەخۆبووردوانە سوودی لێوەربگێرێ و تواناداری و ئاكارە بەرز و بێهاوتاكانی بكرێتە بنەما و هاندەر لای هەركەسێك بۆ خزمەتی نەتەوە و وڵات و داكۆكیكردن لە راستی و دادپەروەری كەسایەتییەكی ژیرانە و سوودمەند لە خۆیدا بەرجەستە بكات.
ئیدریس بارزانی لە كاتی قەیران و رۆژە سەختەكاندا توانیی رۆڵێكی گەورە بگێڕێت لە گۆڕینی شكست بۆ سەركەوتن و وەرچەرخان، كاك ئیدریس سڵی نەدەكردەوە لە خزمەتی دۆزی رەوای میللەتی كورد، بەتایبەتی لە ئاداری ١٩٧٤، دوای تێكچوونی پەیوەندییەكان، بە سەرپەرشیی ئیدریس بارزانی شاندێكی كورد چوون بۆ بەغدا بۆ وتووێژ لەگەڵ سەدام حوسێن، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، یاخود درێژكردنەوەی ماوەی جێبەجێ‌كردنی ناوەڕۆكی پەیماننامەی ١١ی ئادار، بەڵام بەرپرسانی حكوومەت پێشنیازەكەیان رەت كردەوە و ھێرشی سەربازیی دڕندانەیان بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵكی سڤیل فراوانتر كرد. لە كاتی شەڕ و ھێرشەكاندا لە ١٩٧٤، ئیدریس بارزانی ڕۆڵێكی گەورەی گێڕا لە بەڕێوەبردنی بەرەكانی شەڕ و دەستەبەركردنی ھەموو پێداویستییە سەربازییەكان بۆ تەواوی ھێزەكانی پێشمەرگە لە سەرتاسەری كوردستان، ئەوەش بووە ھۆی تۆماركردنی سەركەوتن و داستانێكی گەورە، چ جای دەسبەسەرداگرتنی چەك و تەقەمەنییەكی زۆری سوپای عێراقی.
شەهیدی ئیدریس خۆی بە خەمخۆری گەلەكەی دەزانی، ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەكی ئەوەبوو بتوانێ رۆژێك لە رۆژان كارێكی گرنگ و كاریگەر بۆ یەكریزی و یەكگرتنەوەی پارتەكان و پێشمەرگەی كوردستان ئەنجام بدات، ئەوەبوو لە ١٩٨٦ ھەوڵ و تەقەڵا و كۆششی خۆی خستە گەڕ بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان و شۆڕشگێڕان بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی بیر و بۆچوونەكانیان سەبارەت بە یەكڕیزی و یەكدەنگی و تەبایی ھێزەكان و یەكخستنەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژی داگیركەران. هەروەها و گرنگی ھەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حزب و رێكخراوە كوردییەكانی تر و بەپیر بانگەوازەكەی كاك ئیدریسەوە ھاتن و لە ١٩٨٧ بەرەی كوردستانی عێراقیان راگەیەند، ھەر ئەو بەرەیە بوو ترس و دڵەڕاوكێی خستە نێو دڵی دوژمنانی كورد و توانی سەركەوتنی گەورە بەدەست بێنێ، تا سەرھەڵدانی مێژوویی خەڵكی كوردستان و دانانی ناوچەی دژەفڕین لەلایەن ھاوپەیمانان و دابینكردنی ئەمن و ئاسایش بۆ خەڵكی كوردستان و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سەر زێدی خۆیان و ناچاركردنی رژێم بە كشانەوەی لە كوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەت و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵیی كوردستان، بە بڕیاری ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، ئەم دەستكەوتانە تێكڕا بەرھەمی بەرەی كوردستانی و یەكڕیزیی گشت پارت و خەڵكی كوردستان بوو. ئەم راستیانە لە ژیان و كەسایەتی و خەباتی ئیدریسی هەمیشە لە یاددا پیاهەڵگوتن و دروستكراونین، بەڵكو واقیعی كەسایەتی و خەباتەكەیەتی، ئەو جەماوەرێتییەی ئێستا و رابردووی ئەم سەركردەیە دەیسەلمێنن كە چەند گەورە و لێهاتوو خۆشەویست بووە، چەند لە دڵ و هزری رۆڵە دڵسۆزەكانی گەلەكەی و رێبازەكەیدا بە زیندوویی دەژی. ئیدریسی جوانەمەرگ، كەڵەپیاوێكی بەتەمەن بچووك و بەعەقڵ و مەعریفە گەورە بوو، ئەوانەی لە نزیكەوە ناسیبێتیان مەحاڵە بتوانن هەرگیز ئەو كەسایەتیە مەزنە و هەڵسوكەوت و قسە و كردار و بزاڤەكانی لەبیربكەن، چونكە زۆر سەرنج راكێش و كەموێنە بووە.
رۆڵی كاك ئیدریس لە ناو پارتی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی ، هیندە كاریگەر بوو ، كە ئەگەر مەرگی ناوادە دەرفەتی بدایە ، ئیستا پارتی لە رووی نفوزی سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەری و نەتەوەیی لە كوێیە ، بە بوونی كاك ئیدریس ، رێك پارتی دوو هیندەی ئیستای دەبوو. سەركردەكان دروست ناكرین ، لە دایك دەبن . كاك ئیدریسی جوانەمەرگ ، جگە لەوەی كە كوری بارزانی نەمر بوو ، بەلام بۆ خۆی هەلگری هەموو ئەو ئاكار و خەسلەتانە بوو ، كە سەركردەی لە كەسانی دیكەی پێ جیا دەكرێتەوە. كەمن ئەو سەركردانەی وەك كاك ئیدریس ، توانیبیتیان خەسلەتی كاری دیپلۆماسی ، سیاسی ، جەماوەری ، سەربازی لە یەك كاتتدا لە خۆیاندا كۆبكەنەوە. لە زۆریك لەوانەم بیستووە كە لەگەل كاك ئیدریس كاریان كردووە ، یان بینیویانە ، هەموویان لە سەر ئەوە كۆكن كە كاك ئیدریس ، كێوێك بووە لە ورە ، لە نەبەزین ، سەرجاوەی ئومید بۆ ئایندەی گەش ، ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی. و هەمووكات بە گەشتبینی و هیواوە دەیروانییە دۆزی كورد وئایندەی گەلی كورد . بۆیە، لە 33 مین ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردە تێكۆشەر وماندوونەناسەی گەلەكەمان ئەوا رێبازەكەی دەبێتە هۆی فاكتەرێكی كارا لە بەردەوامیی تێكۆشان و هەنگاو و سەركەوتنەكانی رابردوودا و بۆ ئەمڕۆ و ئایندەش بووە هێما و ئەزموونێكی پڕ پەند و وانە بۆ ئینتیمای ڕاستەقینەی نەتەوەیی و وڵاتپارێزی و خزمەتكردنی گەل و خاكی پیرۆزی كوردستان. ئیدریس بارزانی لەم قۆناغەی ئەمڕۆماندا و تا هەتایە لە دڵ و ویژدانماندا زیندووە و لەگەڵماندایە و لێمان جیا نابێتەوە.
Top