حەشد و ناوچەی سەوز باڵیۆزخانەی ئەمەریکا
January 2, 2020
وتار و بیروڕا
ناوچەی سەوز و پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لایەن حشدی شەعبی سەلماندی کە پایتەختی سەرەکی عێراق تارانە و بڕیاردەری سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسیش قاسمی سولەمانییە، ئەوەی پێشیان دەگوترێ سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق (سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران) کارتۆنێک بوون و نەیانتووانیەوە لە بڕیار و فەرمانەکانی قاسمی سولەیمانی دەربچن.
چەند مانگێکە دەیان هەزار خۆپیشاندەری عێراقی لە بەغدا و شارەکانی تر بە بەرز کردنەوەی درووشمی ژیان و ئازادی و ئاوەدانی و نەهێشتنی گەندەڵی نەیانتووانی ناوچەی سەوز تێپەڕێنن، بەڵام چەند هەزار چەکدارێکی حەشدی شەعبی بە بەرز کردنەوەی ناوی قاسم سولەمانی و بەناوی خۆپیشاندەرەوە بەبێ هیچ رێگرییەک گەیشتنە ناوچەی سەوز و بەردەم باڵێۆزخانەی ئەمەریکا.
ئەوەی تێبینی دەکرێ درووشمی خۆپیشاندەران (ئێران بڕۆ دەرەوە) بوو، لە بەسرە و نەجەفیش کونسوڵگەری ئێران سووتێنرا، ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات کە ئێران رێگر بووە لەوەی خۆپیشاندەران بگەنە ناوچەی سەوز و سەرکەتوو بن لە بەدیهێنانی ئامانجی چاکسازی و ئاوەدانی و نەهێشتنی گەندەڵێ، بەڵام خۆپیشاندەرانی حەشدی شەعبی بە بەرز کردنەوەی ناوی قاسمی سولەمانی زۆر ئاسان هێڵی سووری ناوچەی سەوزیان بەزاند و گەیشتنە شوێنی مەبەست، ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئێران چی مەبەست بێ لە عێراق دەیکات.
خاڵیکیتر کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێ، ئەو کارەی حەشدی شەعبی و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزحانەی ئەمەریکا دژی هەموو یاسا نێودەوڵەتیەکان بووە، بەڵام بەیاننامەی هەرسێک سەرۆکایەتیەکەی عێراق جگە لە پاڕانەوە لە حەشدی شەعبی و ناز هەڵگرتنی قاسمی سولەیمانی شتێکی تریان تێدا نەدەبینرا، ئەوەش جارێکیتر ئەو راستییە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە پرسە گرنگەکانی عێراق دەبێ بڕیار لە قاسمی سولەمانی وەربگیرێ، ئەگەرنا شتێک نەماوە بەناوی دەوڵەت و سیادە و سەرۆکایەتی بۆ عێراق، ئەوەش عێراق بەرەو ئەو چارەنووسە دەبات کە سەرۆک بارزانی لە ساڵی ٢٠١٤وە چەندین جار ئاماژەی بۆ کردووە، بۆیە دەبێ عێراق و عێراقیەکان چاوەڕوانی ماڵوێرانی و کارەساتی زۆر لەوە گەورەتر بن کە لە رابردوودا بەسىریان هاتووە، ئەوەش نامەیەکە بۆ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد کە ئامادەکاری بکەن بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو ئەگەر و پێشهاتانەی لەو رووداوەی ناوچەی سەوز دەکەونەوە کە دوا پێشهات دابەشبوونی عێراق دەبێ.