گرنگى قوتابخانه له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن
December 31, 2019
وتار و بیروڕا
بێگومان قوتابخانه دامه‌زراوه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌رمییه، كۆمه‌ڵێ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تى و رۆڵى كاریگه‌رى هه‌یه. گرنگترینیان په‌روه‌رده كردن و فێركردنى رۆڵه‌كانمانه، جگه له‌وه‌ش ده‌زگایه‌كه بۆ گواستنه‌وه‌ى رۆشنبیری و پێگه‌یاندن و تێگه‌یاندنى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه و له هه‌مان كاتیش‌دا دۆزینه‌وه‌ى ژینگه‌یه‌كى له بار‌و ره‌خساوه بۆ گه‌شه كردن و په‌ره‌پێدانى هزر و بیر‌و جه‌سته و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه گشتگیره‌كان.
شاراوه نییه لاى كه‌سمان قوتابخانه ماڵى دووه‌مى قوتابییه، قۆناغێكى هه‌ره گرنگه له قۆناغه‌كانى ژیانى منداڵ كه هه‌رگیز له یادى ناچێت و به‌رده‌وام قوتابییه زیره‌كه‌كان هه‌ست و سۆز وخۆشه‌ویستى و پاپه‌ند بوونى به‌رده‌وامییان هه‌یه بۆ قوتابخانه، چونكه قوتابخانه جگه له قازانج و سوود هیچ زیانێكى لا به‌لای بۆ سه‌ر ژیان و پاشه‌رۆژی هیچ قوتابییه‌ك نییه، به‌ڵكو قوتابخانه وێستگه‌یه‌كى له بیرنه‌كراوه له ژیانى قوتابی دا، كه به‌رده‌وام له هه‌وڵى بنیاتنان و دروست كردنى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌یه به شێوه‌یه‌ك كه پێداویستییه‌كانى كۆمه‌ڵگه بهێنێته دی له هه‌موو روویه‌كه‌وه، بۆیه قوتابخانه رۆڵى كاریگه‌ر و سه‌ره‌كى هه‌یه له گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵگه و تاك، چونكه به‌رده‌وام جگه له‌وه‌ى رۆڵى فێركردنى هه‌یه، به‌ڵكو پێشتر رۆڵى په‌روه‌رده‌كردنى به‌رده‌وامى هه‌یه له هه‌موو روویه‌كه‌وه، كه به‌رده‌وام ساڵ له دواى ساڵ به كۆمه‌ڵ قوتابیان له قوتابخانه‌كان ده‌رده‌چن و ته‌واو ده‌بن به كۆمه‌ڵێ سیفاتی بارگاوى كرا‌و به هه‌ستى نیشتمانى و خۆشه‌ویستى بۆ خاك و نیشتمان و رێزگرتنى دام و ده‌زگا و یاسا و رێسای ووڵات و خۆشه‌ویستى بۆ یهكترو هاوكاری یه‌كتر له پێناو سه‌ركه‌وتنى نیشتمان، چونكه قوتابخانه دامه‌زراوه‌یه‌كه جگه له فێربوون كارده‌كات له پێناو دروست كردن وو په‌ره‌سه‌ندنى خۆشه‌ویستى هاریكاری بۆ یه‌كتر و گونجان و ژیان به‌یه‌كه‌وه و متمانه به‌خۆبوون و بوێری و راستگۆیی و كۆمه‌ڵێ چه‌مكى جوان وگه‌شه‌كردنى كارامه‌ییه‌كان و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
بۆیه گرنگى و بایه‌خى قوتابخانه له ژیانى هه‌ر یه‌كێكمان تایبه‌تمه‌ندى خۆی هه‌یه و ناتوانرێ هه‌رگیز له بیر بكرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا پێویسته هه‌موومان قوتابخانه‌كانمان بپارێزین و په‌ره‌ى پێ بده‌ین له هه‌موو روویه‌كه‌وه، به‌رده‌وام وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كى نموونه‌ی به‌رز ته‌ماشا بكرێت به كردار پاڵپشتى قوتابخانه‌كان بكه‌ین، له ناو قوتابخانه‌كانیشدا رۆڵی مامۆستایان و كارگێڕى و فه‌رمانبه‌ران له یاد ناكرێن، به تایبه‌تى مامۆستاكان رووى راسته‌قینه‌ى په‌روه‌رده و فێركردنن له قوتابخانه‌كاندا، قوتابخانه‌كان به بینایه‌ى جوان و بڵند و فراوان نا ناسرێن وهه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ناكرێ، به‌ڵكو مامۆستاكان و ده‌سته‌ى كارگێڕى ناسنامه‌ى قوتابخانه‌كانن، ئه‌وا ئه‌وانن قوتابخانه خۆشه‌ویست ده‌كه‌ن لاى قوتابی و كۆمه‌ڵگه، هه‌ر ئه‌وانیشن قوتابخانه كه ده‌كه‌نه شوێنێكى قێزه‌وه‌ن و ناشیرین له به‌ر دیده‌ى قوتابی و كۆمه‌ڵگه، بۆیه ده‌بێ مامۆستاكان و ده‌سته‌ى كارگێڕى هه‌موو هه‌وڵیان به گوفتار و كردار به به‌رده‌وامى هه‌وڵى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن بده‌ن له قوتابخانه‌كان و سه‌ركه‌وتنى قوتابییه‌كان، كه ده‌رئه‌نجام پۆلێكى تر له قوتابییه خۆشه‌ویسته‌كان ده‌رده‌چن دواى ئه‌وه‌ى به شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست و راست په‌روه‌رده‌كران و فێركران، كه‌واته ئه‌ركی سه‌ره‌كى قوتابخانه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانى مامۆستایان و ده‌سته‌ى كارگێڕى، كه ده‌توانن به‌رده‌وام وا له قوتابییه خۆشه‌ویسته‌كان بكه‌ن هه‌ستێكى جوانیان هه‌بێت، هه‌موو به‌یانییه‌ك كه به‌ره‌و قوتابخانه ده‌كه‌ونه رێ وا له قوتابخانه‌كه بكه‌ن تۆوی سه‌ره‌تایی بێت بۆ چاندن و تا وای لێ دێت ببێته دارێكى به‌رهه‌مدارى گه‌وره بۆ كۆمه‌ڵگه به قازانج و سوود بگه‌رێته‌وه.
له كۆتاییدا ده‌لێم قوتابخانه‌كه‌م هه‌رده‌م به زیندوویی و به‌گه‌شى له ناخم دا ده‌مێنێته‌وه وه‌كو یادگارییه‌كى هه‌ره جوان له ژیانى مندا، هه‌روه‌ها تا ده‌مرم قه‌رزاری تۆم قوتابخانه، نه‌ك من هه‌موو كۆمه‌ڵگه قه‌رزاری تۆیه قوتابخانه.
*
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چالاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی