داستانی شارستێن.. هەستانەوەیەکی ئەبەدی و سەرنجی سەرۆک بارزانی

داستانی شارستێن.. هەستانەوەیەکی ئەبەدی و سەرنجی سەرۆک بارزانی

گەورەیی و ناسنامەی داستانی شارستێن بەر لەوەی لە بواری سەربازیدا لێکدانەوەی بۆ بکرێ، پێویستە لە بوارە سیاسی و مەعنەویەکەدا شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆ بکرێ، چونکە ئەگەر گەورەیی و ناسنامەی ئەو داستانە تەنها لە بواری سەربازی و لە ژمارەی شەهید و خەسارەی زۆری گیانی و ماددی دوژمندا چڕ بکەینەوە، جیا لەوەی دەکەوینە هەڵەیەکی مێژووییەوە، لایەنە هەرە گرنگ و کاریگەرەکی داستانەکەش لە بیر دەکەین، لەبەر ئەوەی هەم پێش داستانی شارستێن و هەم دوای داستانەکەش زۆر داستانی تر تۆمار کراون کە شەهیدی زیاتر دراون و زیانی دوژمنیش لە رووی گیانی و ماددییەوە زۆر زیاتر بووە, بۆیە گەورەیی داستانی شارستێن فرە رەهەندە و زیاتر لەو کات و ساتە دایە کە داستانەکەی تێدا تۆمار کراوە، ئەگەر تیشکێکی مێژووییش بخرێتە سەر لایەنە شاراوەکانی داستانەکە، ئەوجار تیدەگەین کە داستانی شارستێن چ کاریگەریەکی بۆ بڕوا بە خۆ بوونی گیانی بەرەنگاری شۆڕشگێرانی کورد گێڕاوەتەوە و چ سنوورێکیشی بۆ سیاسەتی پیلانگێڕی و داگیرخوازی دوژمان داناوە.
بە بۆچوونی من لە رووی میژوویەوە زۆر غەدر لە داستانی شارستێن کراوە، چونکە تا ئێستا نەتوانراوە هەقی مێژوویی بە داستانەکە بدرێ و وەک ئەوەی مێژوو دەخوازێ لایەنە شاراوەکانی دەربخرێن، لەو روانگەیەوە هەوڵدەدەم بە پێی بۆچوون و شارەزایی خۆم ئەو لایەنانەی داستانەکە دەربخەم کە تا ئێستا بە شاراوەیی ماونەوە، بەو هیوایەی کەسانی شارەزا تر کار لەسەر دەرخستنی کۆی لایەنە شاراوەکانی و کاریگەریەکانی لەسەر بەریەککەوتنەکاتی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد و سیاسەتی پیلانگێڕی و مەرامی داگیرخوازی دوژمنان بکەن.
سەرۆک بارزانی لەسەر داستانی شارستێن چی فەرموو؟
لە ساڵی ٢٠٠٣و لە یادی داستانی شارستێن لە دیدارێکدا لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و چەند پێشمەرگەیەکی بەشدار بووی داستانەکە سەرۆک بارزانی فەرمووی: شۆڕشی ئەیلول شۆڕش نەبوو..داستانی زاویتە کردی بە شۆڕش، شؤرشی گوڵانیش شۆڕش نەبوو. داستانی شارستێن کردی بە شۆڕش، بۆ گەورەیی داستانی شارستێن ئەوەندە بەسە کە وەک سەرۆک بارزانی فەرمووی: ئەوە داستانی شارستێنە کە شۆڕشی گوڵانی هێناوەتە بوون و ناسنامەی شۆڕش بوونی پێ بەخشیوە، ئەوە شۆڕشی گوڵانیشە دەستکەوتەکانی ئێستای پێ بەخشیوین و سەربەخۆیی کوردستان و خەونی داهاتوویەکی دوور لە چەوسانەوەی نەتەوەیی لەسەر بنیات دەنێین ، ئەوە یەکێکە لە لایەنە مێژووییەکانی داستانی شارستێن کە تا ئێستا بە شاراوەیی ماوەتەوە.
داستانی شارستێن و هەستانەوەیەکی ئەبەدی
بەر لە تۆمار کردنی داستانی شارستێن کەشتی شۆڕشی کورد خرابووە ناو گێژاوی پیلانێکی نێودەوڵەتی، دوژمن لە لوتکەی غرووی و کورد لە گەرمەی گلان و شکستدا بوو، رژێمی داگیرکاری شای ئێران و رژێمی بەعسی داگیرکار کێکی سەرکەوتنی پێلانە نێودەوڵەتیەکەیان دابەش دەکرد، تەنانەت سەددام حوسێنی گەورە دیکتاتۆر و تەنازولچی پیلانە نیودەوڵەتیەکە بەو پەڕی خۆشخاڵییەوە گوتی: بۆ هەتا هەتایە کۆتاییمان بە یاخی بوونی چەکداری باکووری عێراقی خۆشەویست هێناوە.
پیلانە نیودەوڵەتیەکە ئەوەندە کاریگەر بوو کە بەشێک لە سەرکردەکانی شۆڕش هەوڵیان دەدا لە بەرپرسیارێتی رابکەن، بەشێکی تریشیان ئەو فەرموودەیەی بارزانی نەمریان لە بیر کرد کە دەڵێ: بە سەرکەوتن مەغروور مەبن و بە شکستیش نائومێد مەبن، کەچی پیلان و شکستەکە بە شێوەیەک نائومێدی کردن کە بیریان لە هەستانەوە نەکردەوە و خۆیان رادەستی رژێم کردەوە، ئەوەی شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی و بە شکستەکە نائومێد نەبوو و لە بیری هەستانەوەش دابوو، بارزانی نەمر و ئەو شۆڕشگێرانە بوون کە هیزی هەستانەوەیان لە فەرموودەکەی بارزانی نەمر وەرگرت و بە شکست نائومید نەبوون و فەرموودەکەی بارزانی نەمریان کردە کارنامە و بنەمای هەستانەوە.
لەو کاتە ناسک و لەو قۆناغە هەستیارەدا کە دوژمنان سەرگەم و مەستی سەرکەوتنی پیلانە نیودەوڵەتیکە بوون، داستانی شارستێن دوو پەیامی بە دۆست و دوژمن گەیاند، یەکەمیان:ـ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانی لە خەوی غروور و دوژمنکاری رایچڵکاندن و خەونی پیلانگێڕی و بێدەنگ کردنی کوردی زڕاندن، دووەمیشیان:ـ دوا ئومێدی هەستانەوەیەکی ئەبەدی بەبەر کورددا کردەوە، کەواتە گەورەیی و ناسنامەی داستانی شارستێن جیا لەوەی وەڵامدەرەوەی پیلانە نێودەوڵەتیەکەی ٦ی ئازاری ساڵی ١٩٧٥ی جەزائیر بوو، شکستیشی بە شکست هینا و ئومێدی بەردەوامی تا سەرکەوتنی بەبەر شۆڕشگێران و شوێنکەوتووانی رێبازی بارزرانی نەمر و خوازیارانی سەربەخۆیی کوردستاندا کردەوە.
Top