چارەنووسی سیاسی بەرهەم ساڵح لە نێو بەرداشی شەڕە باڵ و دووجار بە سەرۆکبوون
December 24, 2019
وتار و بیروڕا
بەرهەم ساڵح دووچاری بەتای بە سەرۆکبوون بووە، لەو پێناوەشدا لە هەر شوێنێک گڵۆپی سەرۆکبوون پێکرابێ لەو شوێنە ئامادە بووە، ئێستا سەرۆک کۆماری عێراقە و وەک پێشبینیش دەکرێ پێدەچێ ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش.
لە پێناو بە سەرۆکبووندا لە یەکێتی نیشتیمانی هاتەدەر و (هاوپەمانی بۆ دیموکراتی و دادپەروەری) دامەزراند و بوو بە سەرۆکی ئەو هاوپەمانییە، دوای ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هاتە پێش، بێ دەست لەکارکێشانەوە لە پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانی، هاودیدەکانی بەجێهێشتن و گەڕایەوە ناو یەکێتی و بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق, ئێستا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی یەکێتی هاتۆتە پێش و چاوی بڕیوەتە ئەو سەرۆکایەتیەش.
پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵحی خستۆتە ناو بەرداشی ململانێی نێوان باڵەکانی شیعە و بەریەککەتنەکانی ئەمەریکا و ئێران و خواست و داواکاری خۆپیشاندەران، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی یەکێتیش ئەگەر پێی بدرێ بەرهەم ساڵح دەخاتە ناو کێشە و ململانێکانی باڵەکانی یەکێتی.
ئەوەی لێرەدا پێویستە بگوترێ لە بەغدا باڵەکانی شیعە و لە سلێمانی باڵەکانی یەکێتی ئەو دووجار سەرۆکبوونەی ئەو پیاوە سەرۆکخوازەیان خستۆتە ناو شەقەی شەڕەباڵ، پرسیاری گرنگ ئەوەیە بەرهەم ساڵح بە لاوازی و پیادەڕۆیی سیاسی چۆن دەتوانێ لەگەڵ فڕینی سیاسی ئەو باڵدارانەی بەغدا و سلێمانی رێ بکات؟