کورد و مەترسی گەورە
December 11, 2019
وتار و بیروڕا
هەندێ کەس لە درووشمەکانی خۆپیشاندەرانی بەغداوە پێیانوایە مەترسییەکی گەورە روو لە کورد دەکات، هیچ گومان لەو بۆچوونەدا نییە، بەڵام ئەگەر پێیانوابێ ئەو مەترسییە تازەیە و پێشتر مەترسی وا گەورە لەسەر کورد بوونی نەبووە، بێئاگا بوونە لە مێژووی دەیان ساڵەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و ئامانجی کوردقڕانی داگیرکارانی کوردستان، چونکە ئەو مەترسییە گەورەیە لە یەکەم رۆژی درووستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە بوونی هەبووە و بە پێی قۆناغەکان بەرنامەڕێژی بۆ کراوە و ئامانج لێی لەناوبردنی کورد بووە، هەرکاتیک حکومەتی عێراق بەهێز بووبێ ئەو مەترسییە زیاتر دەرکەوتووە، هەرکاتێکیش لاواز بووبێ ئەوا بە درووشمی درۆیینی برایەتی کورد و عەرەب ئێمەی کوردیان لە خشتە بردووە، ئەوە تەعریب، ئەوە ئەنفال و کیمیاباران، ئەوە راگواستن و کاولکردنی کوردستان، ئەوەش قووت و مووچە بڕینی خەڵکی کوردستان و گەف و هەڕەشەی هاتنەوە هەولێر و سلێمانی و زۆر هەنگاوی تری دژ بە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، ئەو مەترسییە گەورەیە نەک هەر بۆ باشووری کوردستان بوونی هەبووە، بەڵکو بۆ باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواش هەمان بوونی هەبووە و بوونیشی هەر دەمێنێ.
لێرەوە گرنگی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی سەرۆک بارزانی و پێداگری لەسەر ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەردەکەون، کاتێک کوردستان تەعریب دەکرا و کورد دەکەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال و زیندەبەچاڵ و شار و گوندەکانی کیمیاباران دەکران، کاتێک هەڕەشەی هاتنەوە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەکرا و قووت و مووچەی خەڵکی کوردستان دەبڕدرا، کورد جگە لە پاراستنی بەری رەنجی خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی شۆڕشگێڕان و ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان داوای هیچی تری نەکردبوو، بەڵام حکومەتی تازەی بەغدا لەگەڵ هەڵکشانی دەسەڵاتی هەوڵیدەدا وەک دەیەوێ سنوور بۆ ماف و ئازادیەکان و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان دابنێ و دەستکەوتەکانیش بە بێژینگی شۆڤێنیزمی عەرەبیدا بکەنەوە، ئەوەش کوردایەتی و ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستانی لای سەرۆک بارزانی کردە ئەو تاکە سەنگەرەی کە لێیەوە رووبوڕووی ئەو نیەتە خراپ و بیرە شۆڤێنیزەمەی عەرەبی ببێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەندێ کەس و دەستە و گرووپی کوردی نە لە پەیامە نەتەوەییەکەی سەرۆک بارزانی گەیشتن و نە لە زەنگی مەترسیداری شۆڤێنیزمی عەرەبی گەیشتن و، تاکە چارەسەری پیرسی کوردیان لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و گەڕانەوە بۆ بەغدا دەبینی، لێرەوە ئەو راستییە مێژووییە بەرجەستە دەبێ کە بێ گەڕانەوە بۆ پەیامە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکەی سەرۆک بارزانی و گەیشتن بە مافی سەربەخۆیی، مەحاڵە بتوانین خۆمان لە مەترسی دێوەزمەی شۆڤێنیزمی عەرەبی و تەواوی داگیرکارانی کوردستان بپارێزین.