هەڤاڵ ئەبوبەکری یازدە هەزاری

هەڤاڵ ئەبوبەکری یازدە هەزاری

هەموومان لەبیرمانە لە یەکێک لە کەناڵەکان ئەگەر هەڵە نەبم کەناڵی رووداو بوو، پێشکەشکارەکە پرسیاری ئەوەی لێکرد کە لەوکاتەی بوویتە پارێزگار چیت بۆ سلێمانی کردووە؟ هەڤاڵ ئەبوبەکری خۆش مەسرەف لە وەڵامدا گوتی: یازدە مانگە دەست بەکار بووم و یازدە هەزار ئیشم بۆ سلێمانی کردووە، ئەوکات وەک عەلی حەمە ساڵح بەڵام راستگۆیانە کەوتمە لێکدان و دەبەشکردنی مانگ و رۆژ و ئیشەکانی، دەرکەوت لە هەر مانگێکدا یازدە هەزار ئیشی کردووە، لە هەر رۆژێکیش ٣٣%٣٣ ئیشی کردووە، ئێستا و دوای چەند رۆژێکی تر و درووست لە رۆژی ٦ــ١٢ــ ٢٠١٩، بیست و چوار مانگ بەسەر رۆژی دەستبەکار بوونیدا تێدەپەڕێ، وەک ئەویش گوتی بە یازدە مانگ یازدە هەزار ئیشی ئەنجام داوە، کەواتە ئێستا دەبێ بیست و چوار هەزار ئیشی بۆ پارێزگای سلێمانی ئەنجام دابێ.
هەر لەسەر ئەو بابەتە برادەرێک بۆی گێڕامەوە و گوتی: منداڵ بووم کە ئیشێکیان پێ دەسپاردم و ئەنجامم نەدەدا، ئێوارە دەیانگوت کوا ئیشەکەت کرد؟ منیش سەرم لەبەر خۆم دەنا و دەمگوت: بەڵێ، نەنکیشم دەیزانی ئیشکەم نەکردووە دەیگوت: وەڵا لە خڵتی خمیت نێم، واتا درۆت کرد و ئیشەکەت نەکردووە و رووت رەش دەبێ، بەڵام هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەندە رووقایمە سەریش لەبەر خۆی نانێ و دەیەوێ بە زۆری زۆرداری بە خەڵکی بسەلمێنێ کە درۆی نەکردووە و ئەوەی دەیڵێ راستە، بۆیە ئەگەر نەنکم مابا و سلێمانی پێش بوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پارێزگار و سلێمانی ئێستای دیبا دەیگوت: وەڵا لە خڵتی خمیت نێم، خۆ سلێمانی یەک فەرقی نەکردووە و ئەو درۆیەت لە کوێ هێنا و چۆنت رێکخست.
خم:ــ ماددەیەکە تێکەڵ بە ئاو دەکرا و دەبوو بە گیراوەیەک، ساڵانی زوو ژنان کراسی سپیان دەخستە ناوی و رەش دەبوو، ئەو رەنگە رەشەی بەرنەدەدا تا دەڕا، خڵتەکەش واتا خەستی رەشایی گیراوەکە.
Top