پێشبڕکێ
November 12, 2019
وتار و بیروڕا
لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند لایەنێک هاتنە ناو پێشبڕکێکە، لەو قۆناغە هەستیارە و کە هەموو کورد بەدست ئەو خیانەتەوە دەیناڵاند، لایەنەکان کەوتنە پێشبڕکێی هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز)، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەنەکانی ناو ئەو پێشبڕکێیە، قاچێکیان لە سلێمانی و قاچەکەی تریان لە بەغدا بوو، لە کەرکوک سوکایەتی بە کورد و رەمزەکانی دەکرا و ئەوانیش سەرگەمی سەودا و مامەڵەیەکی تر بوون.
دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا لەسەر ناردنی برێک پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و تا ساڵی ٢٠٢٠ حکومەتی هەرێم (٢٥٠٠٠٠) بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەست نەکات، پەرلەمانتارانی ئەو حزبانەی ناو پێشبڕکێی ئەنجامدانی خیانەتی گەورە، کەوتنە پێشبڕکێی ئەوەی کامیان رابەرایەتی رەوتی شۆفێنیزمی عەرەبی دژ بەو رێککەوتنەی کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بوو وەردەگرێ.
پەلاماری تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان مۆدێلێکی نوێی لە پێشبڕکێی خیانەت هێنایە ناو لایەنەکان، بەر لە پەلاماری تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هەموو ئەو کەس و لایەنانە موزایەدەی ئەوەیان دەکرد کە هەموویان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستانن و پارتیشیان بەوە تاوانبار دەکرد کە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی پەلامارەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رووداوەکان پێچەوانە بوونەوە، پارتی بە گشتی و سەرۆک بارزانی بە تایبەتی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی کەوتە پشتیوانی ئەو کوردە بە تەنیان جێماوانەی ئەو بەشەی کوردستان، ئەوانیش کەوتنە قۆناغی مت بوون و پێشبڕکێی بێدەنگی و کورد گوتەنی: لە خۆم نەدرێ لە برام درێ، وەک لە جەواڵی کایە درێ.