عێراقچیەکان بەڵێنیان بۆ عێراقیبوون دووپات کردەوە

عێراقچیەکان بەڵێنیان بۆ عێراقیبوون دووپات کردەوە
تەقینەوەی کێشە سیاسی و ئیدارەیەکان و بوونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و خواستی چاکسازی، عێراقیان خستۆتە ناو تونێڵێک کە ئاسۆی دەرچوون لێی دیار نییە، کێشەیەکی تری ناو پرۆسەی سیاسی عێراق و بوونی دەیان میلیشیای چەکداری شیعە و ئاراستە کردنی ئەو میلیشیایانەیە بە ئاراستەی ئەجێندای دەرەکی و هەوڵەکانی خۆ سەپاندنە لەلایەن بەرپرسانی ئەو میلیشیایانە، هەموو ئەو کێشانەش خەڵکی عێراقیان لە بوونی چاکسازی و خزمەتگوزاری نائومێد کرد و ناچاری هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندان بوون.
میلیشیا چەکدارەکانی شیعە ئەو خرۆشانەی شەقامیان لەسەر بەرژەوەندی خۆیان بە مەترسی زانی، جا بە مەبەستی گۆڕینی ئاراستەی خواستی خۆپیشاندەران و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان خۆیان تێکەڵ بە خۆپیشاندەران کرد، لەگەڵ خۆ تێکەڵ کردنی ئەو گرووپ و میلیشیایانە بە خۆپیشاندەران، دەست لەکار کێشانەوەی حکومەت و هەموار کردنەوەی دەستوور و گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی، تێکەڵ بە داواکاری نەهێشتنی گەندەڵی و خواستی خزمەتگوزاری خۆپیشاندەران کرد.
لەگەڵ دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، عێراقچیەکانی لای خۆشمان کە تا ئەوکات بانگەشەیان بۆ شەفافی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری دەکرد و داوای سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)یان دەکرد، سۆزی عێراقی بوونیان جووڵاوە و دەڵێن: (عێراق دەکوڵێ و کوردستان ماتە) ئەوەش بەو مانایەیە کە نابێ لە کوڵانیش کوردستان لە عێراق جیا بکرێتەوە، لێرەدا بەو عێراقچیانە دەڵێم: هەموو رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کوردستانیان لەناو رق و کینەی عرووبە و مەرگ و کارەسات و وەیشوومەدا کوڵاندووە، خێرە ئێستا ئێوەی عێراقچی بۆ عێراقی کوڵاو جەرگ و هەناوتان دەکوڵێ؟!
Top