یادداشتی رۆژ

یادداشتی رۆژ
پێگەی ژیئۆپۆلیتیکی کورد لە سیاسەتی جیهانیدا

رووداوەکانی ئەم دوو رۆژەی رابردوو کورد و دۆستانی کوردیشی نیگەران کردوە و زیاتر لە ولامیش پرسیاری بۆ هەموو کوردستانییەک ساز کردوە.

چەند خال گرینگن کە ئەگەر ولامیش نەبن ، یارمەتیدەر بن بۆ باشتر بیر کردنەوە؛

١.تەجروبەی سیاسەت لە ولاتانی رۆژئاوادا ئەم راستیە دەردەخەن کە هەتا کوو ستراکچر و هەرەمی جۆراو جۆری دەستەلاتداری ئەو ولاتانە خوازیار نەبن هیچ پرسێک ناکەوێتە ئاجێندای گفتگۆی گشتی کۆمەلگاەوە. بۆیە لە هەمبەر بریاریی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئامریکا لە رۆژئاوای کوردستان ، هەبوونی بیر و بۆچوونی جیاواز لە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری، سێناتی ئامریکا و هەروەها کۆنگرێس لە سالێکی وەک ئەمسالەدا کە سالی هەلبژاردنیشە ، بوو بە هۆی باسی کورد و چارەنووسی لە بیری گشتی ئامریکا و میدیاکانی ئەو ولاتەدا.
تێگەیشتن لەم مێکانیزمە یارمەتیمان دەدات کە بزانین کە؛
- ئەو هەرایە هەمووی نەتیجەی مێرخاسی و تێکۆشانی کورد نییە
- هەموو باسەکان باسی کوردە و نەک هیچ گروپ و حیزبێک، ئەوەش لەبەر ئەوە یە کە بیری گشتی وەک کورد دەماناسن

٢.دووهەم خالی گرینگ ئەوەیە کە شان بە شانی لاواز بوونی دەولەتانی ناوچە و بە تایبەت داگیرکەرانی کوردستان لە یەک دەهەی رابردوودا، کورد لە پارچەی جیاوازی کوردستاندا خەریکن وەک ئاکتۆری چالاک و کاریگەر دەردەکەون.

٣.لە سالی ٢٠١٤ئەوە کە کورد خەریکی شەری مان ونەمان لەگەل تێرۆرێزم و بە تایبەت تێرورێزمی ئیسلامییە، لەم شەرەدا کورد هاوخەباتە لە گەل دنیادا کە رەنگە تا دوو دەهەی تریش بخاینێت، بۆیەشە شەر بە دژی تێرۆر پلەتفۆرمێکی هاوبەشی نێوان ئێمە و دنیای پێشکەوتووە.

٤.هەبوونی قەوارەی کوردستانی باشوور بۆتە قەلغانێک بۆ بەشەکانی تر ، بۆ نموونە پێوەندی دیپلۆماتیک لەگەل هێزەکانی کاریگەری دنیا و کارتێکەری لە سەر سیاسەتیان کە لە دەهەکانی سەدەی رابردوودا بە خەونیشماندا نەدەهات، ئێستا رۆژانە بە رێگای سەرکردایەتی کوردستانەوە مومکینە.

٥. لە ئێستا بە دواوە بۆ سەرکەوتنی گەورەتر پێویستە نەک سیاسەتی رەدفێعل بەلکوو سیاسەتی پرۆئاکتیڤی مۆدێرن پیادە بکەین. ئەوەش دێتە ئەم واتایە کە پلاتفۆرمی هاوبەشی خۆمان لە گەل دنیای مۆدێرن فراوانتر بکەین؛ سیستمی ئیداریی، سیستمی سیاسی، سیستمی ئابووریی و پلۆرال وکۆکەرەوەبوونی ژیانی کوردستان لە گەل هاوپەیمانان و هێزەکانی بریاردەری دنیا هاوتەریب بکەین،
ئەمەش دێتە واتای ریفۆرمی بەردەوام.

٦.گرینگە بزانین کە بەر لە ئەحزابی کوردستان، ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ بە هێزتر دەبێ قورسایی ژیئۆپۆلیتیکی کورد و میللەتی کوردستانە وەک جۆگرافیا و دانیشتوان و قورسایی ژیئۆپۆلیتیک، ئەوەی کە پێویستە خۆی لەگەل ئەم پرۆسەیەدا بگۆنجێنێت ئاکتۆرەکانی کوردن، بۆیەشە کە ریفۆرم پێویستە.

٧.حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان کە بە بیر و بۆچوونی گەندەل و فاسد و شۆڤۆنییەوە چاو لە پرسی کورد دەکەن، داهاتوویان نییە، داهاتوو ئی ئەو لایەنانەیە کە جیرانەتی کوردستان بە شێوەی ستراتێژیک دەسەلمێنن.

حوسێن کوردنەژاد
Top