دەرکەوتنی دەستکەوتەکانی سەرۆکی ھەرێم بۆ تورکیا

دەرکەوتنی دەستکەوتەکانی سەرۆکی ھەرێم بۆ تورکیا

ئەوکاتەی ئەمریکا ھێرشی کردە سەر عێراق و کوردیش بەشێک بوو لە لایەنی ئەمریکی، بە بەھانەی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان، تورکیا ویستی لەشکەرکێشی بکاتە سەر ھەرێم و ھێزێکی سەربازی زۆری لەسەر سنوورەکانی کۆ کردەوە، سەرۆک مەسعوود بارزانی مەردانە و وەکوو ھەمیشە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەرگریکردن لەو ھەرێمەی تاکە ئۆمێدی گەلی کوردە و ھەڕەشەکان زۆر ترسناک بوون، دوای ماوەیەکی کەم مێزی گفتگۆی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە دەستپیپێکرد و نێچرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بانگھێشتکرا بۆ ئەنقەرە و بە رەسمی پێشوازی لێکرا لە لایەن ئەردۆغانەوە. ئەوەبوو پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە پەرەیانسەند و کار گەیشتە ئەو رادەیە کە بۆڕی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە خاکی تورکیا گەیێندرایە بەندەری جیھانی و لەوێوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەورۆپا.دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و داخستنی دەروازە سنوورییەکان، ھەر بەرێز نێچیرڤان بارزانی بوو توانی متمانەی تورکیا بە دەست بێنێتەوە و دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە، دواتریش پەیوەندییەکان باشتر لە جاران پێشڤەچۆن، ئامادە بوونی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم نموونەیەکی باشە بۆ ئەوەی بلێین پەیوەندییەکانی ھەولێر و تورکیا لە ئاستێکی بەرزدان، نەخاسمە دەنگۆی ئەوە ھەیە کە تورکیا یەکەم وڵات بێت بە شێوەیەکی فەرمی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بکات.
ئالۆزییە ناوخۆییەکانی تورکیا و جموجۆلە لاوازەکانی پەکەکە و ھەڵبژاردنەکان و، راکێشانی دەنگی کورد بۆ جەھەپە و ئاکەپە بەشێک دەبن لە چارەسەری ھەڵبژاردنەکانی ئیستەنبۆل، لێرەدا سەرۆکی ھەرێم دەتوانێ چی بۆ پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بکات کە بتوانێ لە شەڕی پەکەکە و تورکیا و داگیرکردنی بەشێکی خاکی رۆژئاوا لە لایەن تورکیاوە و، نێوانی تورکیا و ئەمریکاش ئەوەندە خۆش نییە و ناتوانین پشت بە ھیچ کامێکیان ببەستین، چ گەمەیەکی سیاسی دەتوانین بکەین بۆ ئەوەی لەو ئالۆزیانەش نەگلێین؟.ئاکپارتی پێویستی بە سەرۆکی ھەرێمە بۆ ئەوەی بتوانێ دەنگە یەکلاکەرەوەکانی کورد لە ئیستەنبۆل بەدەست بێنێت. داگیرکردنی خاکی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن تورکیاوە و قەندیل و تۆپبارانکردنی خەڵکی سڤیلی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا مژارێکی دوورودرێژی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبن، بەڵام پێویستە تورکیا کێشەی قەندیل و ھەبوونی گەریلاکانی پەکەکە لە ناو خاکی عێراق لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی فیدڕالە لە عێراق.
تورکیا و ھەرێم بەرژەوەندی ھاوبەشیان ھەیە، چ وەکوو دەروازە سنووریەکان و چ وەکوو پاراستنی ئەمنیەتی یەکتر و، چ وەکوو ھەناردە کردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی تورکیاوە, بۆیە پێویستە تورکیا زیاتر لە بەغدا دەست بە ھەرێمەوە بگرێت،چونکە ھەرێم یەک دەسەڵاتی ھەیە و عێراق بە شێوەیەکی گشتی باغچەیەکە پڕ لە گوڵی دڕکاوی رەنگاوڕەنگ، بێجگە لەو فرە کوێخاییە و رەنگ و دەنگی جیاواز، عێراق بە شێوەیەکی گشتی کەوتووتە ژێر ھەژموونی ئێران و ھەر تاران حوکمی بەغدا دەکات، بۆیە بەرژەوەندی ئەنقەرە زیاتر لەگەڵ ھەولێرە.
لێرەدا راگرتنی باڵانسی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە دولایەنەیە، سەرۆکی ھەرێم پێشینەیەکی دیپلۆماسی و دۆستایەتییەکی باشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا ھەیە و پێشتریش چەندین گرێ کە بە ددان نەدەکرایەوە، سەرۆکی ھەرێم زۆر بە ئاسانی بەدەستی دەکردەوە، ئێستاش متمانەیەکی تەواو ھەیە کە سەرۆکی ھەرێم، ھەرێمی کوردستان بەرەو قوناخێکی باشتر دەبات.
سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی ھەرێم بۆ تورکیا، چەندین دەستکەوتی ھەبوو، گرنگترینیان ئازاد کردنی دەمیرتاش و دەنگۆی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتییە لە تورکیا، ئەمە بێجگە لە دەرکەوتنی چەندین دەستکەوتی دیکە لە داھاتوودا، وەکوو زیادکردنی ئالۆگۆڕی بازرگانی و تێکگەیشتنی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە و، ھەماھەنگی پاراستنی سنوورەکان و ئاسانکاری کردن بۆ گەشتیاران و، پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکان.
Top