پێوستی كوردستانێكی بەهێزتر ..

پێوستی كوردستانێكی بەهێزتر ..
لە سایەی حوكمرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و كابینەی هەشتەمی حكوومەتی كوردستان سەڕەرایی گشت كۆسپ وئاستەمەكانی بەردەمی، بە شێوەی پێویست كوردستان لە گشت سێكتەرەكان گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ، بۆیە چاوەڕوانیی لێ دەكرێ بە ھاوكاریی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ھەرێم، كوردستان بباتە قۆناغێكی جیاوازتر لە ڕابردوو.ئەزموونی چەندین ساڵەی هێمنی و ئارامی كوردستان كە مەسرور بارزانی وەكو راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسیار بووە و بە شێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە توانیویانە لە نێو ئاگری رۆژهەڵاتی ناوەراست و دۆزەخی عێراقدا ئارامی و ئاسایشێكی سەقامگیر دابین بكەن بۆ هەرێمی كوردستان، و لە لایەكی ترەوە لە سەر بنەمای ئەوەی كە زۆر گوێبیستی كەسایەتی سەرۆك وەزیرانی نوێ بوونە كە كەسێكی دادپەروەر و دژە گەندەڵییە و كارەكانی بە شێوەیەكی سیستماتیكی رێكوپێكن و كەسێكی خاوەن بڕیارە و لە بڕیارداندا حەكیمانه بڕیاردەردەكات، ئەمانە و چەندانی تر هۆكاری هیوای خەڵكن. بۆیە زۆر گرنگە كە چاكسازی و گۆرانكاری ڕیشەیی دەست پێ بكرێت كە هەموو سێكتەرەكانی نێو حكومەت بگرێتەوە لە بچوكترین تا گەورەترین شت، چونكە شتە بچوكەكانن كە گەورە دەبن و دواتر چارەسەریان ئەستەم دەبێت. لە ئێستادا بە ئەندازەی مووچە و بارودۆخی دارایی گرنگە كە چاكسازی لە كاروباری فەرمانگەكان و رۆتینیاتی بێ مانا و زۆردا بكرێت كە خەڵكی هەراسان كردووە، ئەو كارەی كە بە یەك كاتژمێر دەتوانرێت ئەنجام بدرێت چەند رۆژ دەخایەنێت و ئەوەی ڕۆژێكی پێویستە بە هەفتە ناگاتە ئەنجام، و لە لایەكی تر هەڵسوكەوتی بەرپرسانی ئیداری لە هەموو ئاستەكاندا و بە بەشێكی فەرمانبەرانیشەوە بێزاركەرە بۆ هاووڵاتیان لەبەر شێوازی وەڵامدانەوە و رایی كردنی كاروبارەكان. دەتوانرێت بۆ چارەسەری‌ و كەمكردنەوەی گلەیی و گازندەی خەڵك فەرمانگەیەكی چاودێری كارا راستەوخۆ سەر بە سەرۆك وەزیران دابمەزرێنرێت بۆ چاودێری كردنی فەرمانگەكانی میری بە گشتی، و دامەزراندنی سیستەمی ئەلیكترۆنی لە نێو فەرمانگەكان و نێوان فەرمانگەكاندا بۆ كەمكردنەوەی رۆتینیات و پێشكەشكردنی خزمەتێكی باشتر بە هاووڵاتیانمان كە بە دڵنیاییەوە دەبێتە ماییەی دڵخۆشیان. و پێویستە هەنگاوەكان بە ئاراستەی بنبڕكردنی گەندەڵی بە شێوەیەكی كردەیی بۆ هاووڵاتیان دیار و هەست پێكراو بێت بۆ ئەوەی كەوا ئەو ئومێد و هیوایەی كە هەیە جێگەی خۆی بگرێت و ئەو متمانەیە پتەوتر بێت.بەو ھۆكارەی كاك (مەسروور بارزانی) ساڵانێكی زۆر لە ئەمەریكا ژیاوە و خوێندنی ھەر لەو وڵاتە بووە، كاریگەریی ھەبووە بۆ ئەوەی بتوانێ پەیوەندیی بەرفراوان دروست بكات لە ئاستە جیاوازەكانی دەسەڵاتداراندا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ كاندیدی ڕاسپێردراو تێگەیشتنی جیاوازی ھەبێت بۆ ھێڵە گشتییەكانی سیاسیەتی ئەمەریكا و باشتر مامەڵە بكات لەگەڵ ھاوكێشە جیاوازەكانی ناوچەكە، بە تایبەتی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا و راگرتنی باڵانس لە نێوانیان و بتوانێ ھەرێم بەرەو كەناری ئارام ببات.دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی بەرێز مەسروور بارزانی، ھاوكاتە لەگەڵ سەرھەڵدانەوەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و تێكچوونی بارودۆخی كوردستانیانی ئەم ناوچەیە لە سایەی بەسەربازیكردن و گەڕانەوەی دووبارەی تەعریب بۆ ناوچەكە، بەڵام ئەزموونی چەندین ساڵەی پێشمەرگایەتی و ئامادەبوونی بەردەوام لە بەرەكانی جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش، ئومێدێكی زۆری لای كوردانی ئەم ناوچانە دروست كردووە كە سەرۆكوەزیرانی داھاتوو توانای ھەیە كێشەكانیان چارەسەر بكات و لەم رەوشە نالەبارە ڕزگاریان بكات. ناكرێ ئەو ڕاستییە نادیدە بگرین، عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی پیلانی ھەواڵگریی یەك لەدوا یەكی وڵاتانی ھەرێمی بوونەتەوە و بەردەوام ئاستەنگیان بۆ پێشكەوتنی ھەرێم داناوە، لەسەر ئەو بنەمایەی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ ماوەی چەندین ساڵ ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم بووە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ كاریگەریی وڵاتانی ھەرێمی لەسەر كوردستان كەم بكاتەوە و پێگەی كوردستان لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە بەھێزتر بكات.ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە كە كارنامەی كابینەی نۆیەم زۆرینەی ئەو شتانەی ئاماژەم پێ كردوون و زۆریتریش لە گشت سێكتەرەكاندا لە خۆ دەگرێت و ئەو كارنامەیە تەواوی ئەو چاوەڕوانییانەی هاووڵاتیان لە خۆ دەگرێت بۆ هەبوونی ژیانێكی شایستە و بە كوالێتیەكی بەرزی خزمەتگوزاری و دادگەری و شەفافیەت و لە ناو بردنی گەندەڵی.
Top