کاروانی دیبلۆماسی بەردەوامە"

کاروانی دیبلۆماسی بەردەوامە
کاروانی دیبلۆماسی ھەرێم لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەر و ڕوداوەکانی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە دەستی پێکردەوە کە ئامانج لێی دوبارە خستنەوە سەرپێی ھەرێمی کوردستان بوو بۆ ڕزگار بوون لەو گرفتە سیاسی و ئابوریانەی بۆی دروستکرا.
پاریس و کۆشکی ئیلیزی یەکەم وێستگەی ئەم کاروانە بوو کە بەسەرکردایەتی نێچیرڤان بارزانی دەستی پێکرد،بیرمان نەچۆتەوە کوردستان لەدۆخێکدا بوو نەفڕۆکە خانەکانی جمەی دەھات و نە سنورەکانی بەتەواوی واڵا بوو،بودجەکەیشی لەلایەن بەغداوە بڕا بوو،فەڕەنسا یەکەمین وڵات بوو ھەنگاوی بەرەو شکاندنی ئەو ئابڵۆقە سیاسیە نا،ئێستاش کە سەرۆکی ھەرێم جارێکی دیکە دەچێتەوە پاریس و لەدەرەوەی ھەموو پرۆتۆکۆلێک لەلایەن ماکرۆنەوە باوشی پڕ وەفای لێدەدرێت بەڵام لەقۆناغێکی تەواو جیاواز.ئێستا کوردستان ئەو ھەرێمە نیە کە دوژمنەکانی خەونیان بەنەمانیەوە دەبینی بگرە لە جاران بەھێزتر ھاتۆتەوە مەیدان،ئەمەش بەھۆی ماندووبونی سەرۆک بارزانی و سەرۆک نێجیرڤان بارزانی و خەڵکی کوردستانەوە بوو.
لەئێستاشدا خەڵکی تێکڕا بە ئومێدەوە چاوەڕوانی ھەنگاوەکانی داھاتووی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حوکمەتن،زۆری ژمارەی پەرلەمانتارانی پارتیش لە پەرلەمان ئەو کارتەی لەدەست ئەوانی دیکە سوتاند کە ھەرکات ویستیان دۆخی کوردستان بشێوێنن و گرفت بۆ حوکمەت دروست بکەن.
ئێستاش کاتی ئەوەیە سەرۆکی ھەرێم لە ڕێی ھەنگاوە دیبلۆماسیەکانیەوە پەیوەندی ھەرێم لەگەڵ جیھان بەھێز بکات و کێشەی ناوچە دابڕاوەکان چارەسەر بکات.
لەگەڵ ھەموو ئەم سەرکەوتنانەش ناکرێ ڕۆڵی فەڕەنسا لە بیر بکرێت ھەر لە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش و نێوەندگیری بۆ کۆتایی ھێنان بەشەڕی ناوخۆ تا پاڵپشتی شەڕی داعش و شکاندنی گەمارۆکان لەسەر ھەرێمی کوردستان قەرزاری گەل و حوکمەتی فەڕەنساین.
لەھەر دۆخێکدا چەند وڵاتێک ھەبوون کاریان لەسەر ھەرەس ھێنانی تاکە حوکمەتی خۆجێیی کورد دەکرد لە باشوور بەڵام فەڕەنسا تاکە وڵاتی بێ بەرژەوەندیە کە ھەردەم بە خەمی دۆخی کوردستانەوە بووە.
کەمتر لەمانگێکە نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی ھەرێم دەستبەکاربووە لەو ماوە کەمەدا توانی زۆر لەوە زیاتر پێشکەش بکات کە ئێمە جاوەڕوانی بووین،کەواتە دەکرێ بڵێین ڕۆژگارێکی گەش و پڕ ئومێد چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان دەکات لە چوار ساڵی داھاتوودا
ھەم لە ڕویی نێودەوڵەتیەوە کە ئەرکی لەسەر سەرۆکی ھەرێمە و ھەم لە ڕوی ئیداری و خزمەتگوزاریەوە کە ئەو ئەرکەشیان دەکەوێتە سەر شانی کابینەی نوێ و سەرۆکی حوکمەت.
Top