خالی گرینگ و خالی ئەولەوییەت بەرنامەی کابینەی نۆێ

خالی گرینگ و خالی ئەولەوییەت بەرنامەی کابینەی نۆێ
بۆ ئیدارەدانی ژیانی ئابووریی و سیاسی ولات لە گشت بوارەکاندا خالی گرینگ هەیە کە پێویستە جێ بە جێ بکرێن و هەرکام لەم خالانە لە شۆێنی خۆیاندا گرینگ و چارەنووسسازن بۆ ئەو بوارە تایبەتییە.

کە بەرپرسیارییەتی بوو بە گشتی و گشتگیر پێویستە هیچ شتێک لە بیر نەکرێ لەبەر ئەوە کە هەموو خالەکانی پێوەندیدار بە ژیانی سیاسی و ئابووریی ولات گرینگن. بەلام ئەوەی تایبەتمەندیی ئیدارە و بەرنامەیک دەردەخات هۆنەر و توانایە لە دەستنیشان کردنی خالەکانی ئەولەوییات دا، کە زۆر جیاوازە لە خالە گرینگەکان. ئەگەر هەموو خالە گرینگەکان وەک ئەولەوییات دەستنیشان بکرێن ، ئەو کات تووشی ئەم کەمایەسییە دەبین کە هیچ شتێک نابێتە ئەولەوییەت.

بەرنامەی کابینەی نۆێ چەندین خالی گرینگی وەک بەرنامەی کار دەستنیشان کرد کە رەنگە لە داهاتوو و لە پرۆسەی کاردا زۆر زیاتریش بکرێن بەلام پۆزیتیڤ ئەوە بوو کە ئەم بەرنامەیە دوو خالی وەک ئەولەوییات دەستنیشان کرد یەکەمیان:

کۆئۆردیناسیۆن و هەمئاهەنگی تەواو لە نێوان یەکەی جیاوازی حکومەتدا بوو.

واتای مێژوویی دەستنیشانکردنی ئەم خالە و ئەولەوییەت چییە؟ وەک ماکس وێبێر کە خاوەن بۆچوونێکی گەورەیە لە بابەتی دامەزراندنی بروکراسی و دێمۆکراسیدا ، گرینگە کە مودیرییەتی ولات لە ئاستی مودیرەکانی ولات و مەنیجێریالدا رێکبخرین و ئەوە هەنگاوێکی گرینگە بۆ چەسپاندن و جێگیر کردنی بروکراسییەکی کاریگەر.

زۆر نەیار لە دەهەکانی رابردوودا و لە م سالانەی دواییشدا هیوایان ئەوە بوو کە مۆدێلی بە سۆمالی کردن بە سەر کوردستاندا بچەسپێنن.ئەو مەرحەلەیەمان تێپەراند و بە کۆێری چاوی نەیاران نەکوتینە ئەو داوە. ئەگەر قەرار بێت بۆ کابینەکانی پێشووتر قەزاوەتێکی پۆزیتیڤ بکەین دەست خۆشی لێیان لە پێوەندی لەگەل ئەم خالەدایە، کە توانیان سەرەرای هەموو گرفتەکان کوردستان بگەیننە ئەم روو و بە سەر مەترسییە جییدییەکاندا سەرکەوین.

نووسەرانی کتێبی بە ناوبانگی- بۆ هیند میللەتان سەرناکەوێن- بە جیدییەتەوە جەخت لەسەر ئەم خالەدەکەن کە بۆ هەر هەنگاوێکی گەورەی مێژوویی پێویستە بەر لە هەموو شت ئاستێکی باش و بەرچاو لە سێنرالیزاسیۆنی بروکراسی حوکمداریی جێگیر بووبێت. ئەم ئەولەوییەتە مێژووییە لە بەرنامەی حکومەتدا بەرجەستە بوو.

ئەم خالە یەکەم ئەولەوییەتی مێژوویی پرۆسەی گەشەپێدانی حکمرانی کوردە و لە بەرنامەی حکومەتیشدا وەک ئەولەوییەت دەستنیشان کراوە.

لایەنێکی تری گرینگی ئەم خالە بریتییە لەوە کە بروکراسی سێنترالیزەی جێگیر پێش مەرجی جێگیر کردنی حوکمی یاسایە.

ئەولەوییەتی دووهەمی بەرنامەی حکومەت کە لە راگەیاندنی بەرنامەدا وەک ئەولەییەتی سەرەکی ناوزەد کرا – دژایەتی گەندەلییە –

گەندەلی یانی هەڵس و کەوت لە دەرەوەی یاسا یان بە پێچەوانەی یاسا ، بۆیە شەر لە دژی گەندەلی یانی چەسپاندنی حوکمی یاسا .

ئەم دوو خالە دوو ئەولەوییەتی مێژوویی مەرحەلەی ئێستای ژیانی کوردییە و گشت خالە گرینگەکانی تری ژیانی ئابووریی و سیاسی چارەسەرییان لە ژێر سێبەری ئەم ئەولەوییەتەدا مومکینە.

بۆیە هیوا ئەوەیە کە حکومەتی نۆێ لە جێگیر کردنی ئاستێکی باش لە سێنترالیزاسیۆنی حوکمرانی کوردستاندا و بە کانالی ئەم مێکانیزمەوە لە چەسپاندنی حوکمی یاسا دا سەرکەوێ.

جارێکی تر پێویستە تەئکید بکەینەوە کە ئەولەوییات ئەم دوو خالەن و خالی گرینگی تر زۆرن و تەنیاش لە نەتیجەی جێ بە جێ کردنی ئەم دوو ئەولەوییەتەدا چآرەسەرییان مومکینە.

Top