سیاسەت بە بێ تێگەیشتن لە دێمۆگرافی ولات دانارێژرێت

سیاسەت بە بێ تێگەیشتن لە دێمۆگرافی ولات دانارێژرێت
ولات هەن بەرەو پێشەوە دەچن و ولات هەن بەرەو دواەوە، فاکتۆری رەوت و ترێندەکانی دیمۆگرافیبۆ داریشتنی سیاسەت چارەنووس سازە. شانسی سوود وەرگرتن لە فرسەتی دێمۆگرافیکی عێراق مەترسی میلیشیاکانی لە سەرە ، لە ئێران دا سیاسەتی خەراپ ئەو شانسەی لە میللەتی ئێران ئەستاندوە و لە تورکیا دا خەریکە شەر لە سەر، مان و نەمانی ئەم شانسەدا دەکرێت. ئەم باسە بە هەموو لایەنەکانی تیئۆریکی خۆیەوە بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان چارەنووس سازە. هیوا ئەوەیە کە ببێتە جێ سرنجی پلاندارێژەرانی ئێستا و داهاتووی میللەت.
چەمکەکانی پێوەندیدار بەو باسە بریتین لە : گۆزار و تێپەربوونی دێمۆگرافیک و ئال و گۆرلە پێکهاتەی تەمەنی دانیشتوان و پەنجەرەی دێمۆگرافیک. با بزانین ئەمانە چیین؟
گۆزار و تێپەربوونی دێمۆگرافیک:ولاتان لە پرۆسەی گەشەکردنی خۆیاندا شاهیدی داکەوتنی رێژەی لە دایکبوون و مردن دەبن. بەلام ئەم دوو دابەزینە بە خێرایی جیاوازەوە روو دەدەن و رێژەی مردن بەر لە رێژەی لە دایک بوون دادەبەزێت ، لەم ماوەی گۆزارەدا شاهیدی زۆر بوونی کۆی گشتی دانیشتوان دەبین تا کوو ئال و گۆری تەمەنی دانیشتوان جێگیر و سەقامگیر دەبێتەوە.
پێوانەی هەلسەنگاندنی گۆزاری دێمۆگرافیک –رادەی نیازمەندی-یە؛ ئەوانەی لە دەرەوەی هێزیکاردان (منال و پیر) چەند لە سەدی ئەوانەن کە لە تەمەنی کاردانە پێک دێنێت؟. بۆ ئەوە کە بزانین ئێمە لە کیۆی ئەم رەوتەداینە پێویستە چاو لەو پێوانەیەی سەرەوە بکەین و بە گۆێرەی ئەوەش سیاسەت لە بواری جیاوازدا دابرێژین.
گۆزار و تێپەربوونی تەمەنی دانیشتوان: ئەم گۆزارو تێپەربوونەوەی سەرەوە دەبێتە هۆی ئال وگۆڕ لە پێکهاتەی تەمەنی دانیشتواندا. گروپی جیاوازی تەمەنی بە رادەی جیاواز ژمارەیان زۆر و کەم دەبێت.
پەنجەرەی دێمۆگرافیک:کاتێک کە رێژەی ئەوانەی کە لە تەمەنی کارکردندانە(١٥هەتا٦٥ ) روو لە زیاد بوون دەکات و لە نێو دانیشتواندا دەبنە زۆرینە- زۆرتر لە ژمارەی منالان و پیران-. ئەم ماوەیە وەک شانسی مێژوویی ولاتان دەبیندرێت کە دەتوانن هەلستانەوەی مێژوویی لە ئابووریی و ساز کردنی ولاتدا بە خۆیانەوە ببینن.
ئەم پەنجەرەی دێمۆگرافیکە پال بە ئابووریی ولاتەوە دەنێت لە رووی داهات، پاشەکەوت و رادەی بەرهەمهێنەر بوونەوە و زۆر خێری تریشی دەبێت.ئەو ولاتانە کە ئەم ماوەی گۆزارە بە چاکی بە کاریی دێنن و سودی لێ وەردەگرن، گەشەیەکی ئابووریی بەرچاو بە خۆیانەوە دەبینن. لە نێوان ٢٥ هەتا ٤٠ لەسەدی ئەو گەشەیەی کە ولاتانی رۆژهەلاتی ئاسیا بە خۆیانەوە دی لە نیوەی دووهەمی سەدەی رابردوودا ، گرێدەدرێتە بەو شتە کە بە پەنجەرەی دێمۆگرافیک ناوزەد کراوە.لە پەنجەرەی دێمۆگرافیک، تەنیا ئەو کاتە دەتوانین سوود وەرگرین کە خەلک بە راست کار بکەن و خۆێندن و هۆنەری کاریگەرییان هەبیت.
نەتیجە:
بۆ سوود وەرگرتن لەو شانسە مێژووییە ، سیاسەتی پەیرەو کراو لە تەندروستی و خۆاردن و سیاسەتی گەشەی ئابووریی و حوکمی یاسا و گەشەی سیستمی بانکی و پەروەدەی هێزیکارو زۆر خالی تر گرینگن. ئەم خالە خۆی رێنۆێنە لە دابەشکردن و پلاندان بۆ سەرمایەگۆزاریی لە ولاتی جیاوازدا. ئەم دیاردەیە یارمەتیمان دەدات کە کەنگێ لە سەر چی سەرمایەگۆزاریی بکەین.
کاتێک دەتوانین سود لەو پەنجەرەی مێژووییە وەرگرین کە یەکەم؛ خەلک کە لە تەمەنی کاردانە بە راستی وەکار کەوتبن. دووهەم؛ئەوانەی کە کار دەکەن بە راستی خۆێندن و پیشەی چاکیان دەستەبەر کردبێ کە بەو هۆیەوە کەسانی بەرهەمهێنەر بن لە شۆێنی کاری خۆیاندا.گرینگە لە بیرمان بێ کە پەنجەرەی دێمۆگرافیک تەنیا جارێک روو لە ولاتان دەکات ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە گۆزاری دێمۆگرافیک تەنیا جارێک لە نێو دانیشتوانی ولاتدا روو دەدات.
بۆیە- کات- ئەو کەمالییاتە نییە کە ولاتان بتوانن یاریی پێبکەن. هیوا ئەوەیە کە کوردستان لە داریشتنی سیاسەتی پەروەردە و تەندروستی و بە گشتی ئەوەی پێدەگۆترێ حکمرانی باش ، بە دراسەوە رەچاوی بارو دۆخی دیمۆگرافی بکات.





Top