بڕوانامە و بێشعووری و سەركەوتن
May 21, 2019
وتار و بیروڕا
هەبوونی بڕوانامە بۆ كارێكی پسپۆری وەكوو پزیشكی و ئەندازیاری و وانەكانی بیركاری و ئەو وانانەی پەیوەندییان هەیە بە زانستێكی دیاریكراوەوە پێویستە و دەبێت ئەو پسپۆرییانە كۆمەڵە قووناغێك ببڕێت و هەندێك زانیاری فێر ببێت، لێ بۆ سەركەوتن لە كارێكی سیاسی و بازرگانی یا خود داهێنان هیچ بڕوانامەیەكی هیچ زانكۆیەك پێویست نییە بێجگە لە بڕوا بە خۆ بوون و تێپەڕاندنی ئەزموونێك لەو كارەدا. زۆرن ئەوانەی خوێندەوارییان نییە و داهێنانی گەورەیان كردووە لە بوارەكانی تەكنۆلۆژیا و سیاسەت و ئامێرەكانی خزمەتكردن بە مرۆڤ و بەدەستهێنانی ناوبانگێكی جیهانی. بوون بە سەركردە و رێبەر و گەیاندنی گەلێكی بندەست بڕوانامەی بەرز و خوێندنی زۆری ناوێ، تەنها كافیە ئیرادە و رێگەی سەركەوتن و خۆبەختكردن هەبێت، هەروەك بارزانی نەمر كە شۆڕشی كرد و سەریش كەوت، تاكوو ئەمڕۆ جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكایەتی هەرێمێكی لەناو جەرگەی ئالۆزییەكانی دەكرد و ئەم هەرێمەش بەسەر دەیان تەنگژەدا سەركەوت و بەرێز نێچیرڤانیش لە سەرۆكایەتی حكومەتدا كەسایەتییەكی سەركەوتوو بووە و لە سەرۆكایەتی هەرێمیشدا سەركەوتوو دەبێت.
لە زانستی nlpدا 97% خەڵك دەتوانن خۆیان پێبگەیێنن و ببنە سەركردە و 2% هەر كە لە دایك دەبن سەركردەن و 1% هەرگیز نابن بەسەركردە، كەواتە بڕوانامە رۆلێكی ئەوتوی نییە لە پێگەیاندنی سەركردەكان ئەوەندەی پراكتیك رۆلی هەیە. نێچیرڤان بارزانی نموونەیەكی زیندۆی ئەو سەركردانەیە كە توانیویەتی بەرێگەی هەنگاوەكانی پراكتیزەكردنی ئامانجەكانی ببێتە سەركردەیەكی ناسراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
گەیاندنی هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی بەرز، ئاستێك كە وەكوو وڵاتێكی سەربەرخۆی بەهێز و كاریگەر لە ناوچەكەدا پێشوازی لە سەرۆكەكەی بكرێت، شۆڕشی ئابووری، دەربازكردنی قەیران، رێگریكردن لە روودانی شەڕێكی نەگریس، راكێشانی كۆمپانیا گەورەكانی جیهان بۆ هەرێم كە ئەو كۆمپانیاانە كاریگەرییان لە بوونی كۆنسۆلخانەكان زیاترە، ئاوەدان كردنەوە و راكێشانی دەیان گەشتیار، گرنگیدان بە ئاسوودەیی هاوڵاتیان و خۆشگوزەرانی، پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان، راگرتن و پەنادانی هزاران ئاوارە، پاراستنی هەرێم لە هەموو جۆرە هەرەشەیەك، یەكخستنی نێوماڵی كورد، ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری بۆ گوندەكان، كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان، هێنانی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی بواری نەفت و گاز، ئەمنییەت و دڵنیایی خەڵك و گەشتیاران، .... ئەمە بەرهەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و حوكمڕانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لێ ئەوانەی باسی بڕوانامە دەكەن كەسانێكن خاوەن بڕوانامەی بەرز و چەندین كتێب، بەڵام تا پێیان كرابێت لە ژێر باڵی نەیاران ژیانی خەڵكیان تێكداوە، منداڵی خەڵكیان بە كوشتنداوە و بێزاریان كردوون بە درۆ و دەلەسە بۆ بەرژەوەندی كەسێتی خۆیان، چاندن و بڕەودان بە تۆی دووبەرەكی ململانێی ناوچەگەرایەتی، هەوڵدان بۆ داخستنی سنوورەكان و بڕینی بۆدجەی هەرێم و فرۆشتنی خاكی كوردستان بەبێ هیچ دەستكەوتێك، هەوڵدان بۆ شكەستهێنانی ئاواتی خەڵكی كوردستان كە سەربەخۆیی بوو، نووسینی دەیان پەرتووك بۆ سەرلێشێواندنی خەڵكی هەژار و گەنجەكانی تازەپێگەیشتوو، گەوجاندنی گەنجان، كاركردن بۆ جێهشتنی وڵات لە لایەن گەنجانەوە، پێشوازی كردن لە دووژمنان لە ژوورە تاریكەكان بۆ شكەستهێنان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان، كاركردن بۆ دڵڕەشكردنی خانەوادەی شەهیدان، شێواندنی مێژوو كە كولتووری كوردەواری و دەیان خیانەتی دیكە كە مێژوو لە بیریان ناكات.
هەبوونی شعوور و متمانە و دڵسۆزی و ئامانج گرنگترە لە هەبوونی بڕوانامەی بێشعوور و بێ هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی.