وەڵامێک بۆ لەتیف عومەر"

وەڵامێک بۆ لەتیف عومەر
(۷)
لەلێدوانێکدا وتەبێژەکەی یەکێتی دەڵێ:دواکەوتنی ێکهێنانی کابینەی نوێ بەهۆی کێشەی ناوخۆی بنەماڵەی بارزانیەوە،بەڕاستی ئەم لێدوانە بێشەرمیەکی زۆری دەوێ لەکاتێکدا پارتی بەیەک کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حزبەکەی دوو گرینگترین پۆستی یەکلایی کردەوە لەگەڵ ئەوەی دەنگی زۆرینە پارتی بووە نەک یەکێتی کەچی یەکێتی بە 21کورسیەوە تا ئێستاش لەنێوان ڕێواس و بێگەر،دەرباز و قوباد تیاماوە و نازانێ چی بکات،هەرچی کێشەی گەلی کورد و حوکمەتی هەرێمە گەر بەوردی لێی بکۆڵیتەوە بنچینەکەی دەچێتەوە سەر ناکوکی باڵەکانی یەکێتی،هەر دوێنی بوو بە قەولی شێخ جەعفەر عادل موراد داوای لە نوری مالیکی کرد کە بوودجەی هەرێمی کوردستان ببڕێت،شانزەی ئۆکتۆبەریش زۆری بەسەردا نەڕۆیشتووە کە بەهۆی ئەوەی هەر باڵە و ڕایەکی جیاوازی هەبوو میلەتی کورد گەورەترین هەلی لەدەستدا و نیوەی خاکی کوردستان بە ڕۆژێک لەدەست چوو،تەنانەت کاتێک لەخولی پێشوودا پۆستی سەرۆکی کۆمار لەنێوان کوتلە کوردیەکان بۆ یەکێتی یەکلا کرایەوە کەچی یەکێتی نەیتوانی بۆخۆی کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە یەکلایی بکاتەوە ئەوە بوو داوایان لە فراکسیۆنە کوردیەکان کرد لەنێوان فواد مەعسوم و بەرهەم ساڵح یەکێکیان هەڵبژێرن!
یەکێتی جۆرێک مامەڵە دەکات وەکوو ئەوەی ئەوان 45کورسیان هێنابێت و پارتیش 21کورسی،هەرچەندە ڕوونە ئەگەر هەموو پۆستەکانیش بدرێت بە یەکێتی ئەوا ئەوان ناتوانن لەبەر کێشە ناوخۆیەکانی خۆیان کاندید بۆ ئەو پۆستە یەکلایی بکەنەوە،لەگەڵ ئەو هەموو ناڕێکی و ناکۆکیەیان پارتی وەکوو یارمەتی دانێک نێچیرڤان بارزانی کرد بە سەرۆکی وەڤدی حزبەکەی تا زیاتر لە یەکێتی بچێتە پێشەوە،خودی نێچیرڤان بارزانیش بەوە ناسراوە هەموو کات لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی حزبەکان نەرمترە،کەچی ئەوان هێندە نمەک بەحەرامن لە پای ناکۆکی خۆیان باسی ئەوە دەکەن گوایە کێشەکە لە پارتیە!ئاخۆ ئەمە دەچێتە عەقڵی هیچ مرۆڤێکی عاقڵەوە؟
سیناریۆیەکی دیکە هەیە کە دەکرێ ڕاست بێت ئەویش تاکتیکی نێوان باڵەکان بۆ بەدەست هێنانی پۆستی زیاتر،بۆ نمونە سەرەتا کۆسرەت ڕەسوڵ بەناوی هەموو یەکێتیەوە ڕێککەوت،ئێستا باڵی ماڵی تاڵەبانی داوای زیاتر دەکەن.
ئەگەرێکی زۆریش هەیە یەکێتی لە ژێر کاریگەری وڵاتانی ناوچەکە و نەیارانی کورد بێت بۆ ڕێگری کردن لە پێکهێنانی حوکمەت و درووستکردنی لەمپەر لە بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ،لەم حاڵەتەدا باشترین کارێک پارتی بیکات ئەوەیە حوکمەت لەگەڵ لایەنە بەژداربووەکان پێکبهێێنێت و پۆستەکانی یەکێتی بەبەتاڵی جێبهێڵێت.ئەگەر نا ئەوەی یەکێتی دەیکات یاری کردنە بەکات گەر پێشی پێ نەگیرێ دواجار زیانی زۆری دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان و کابینەی نوێ.
Top