نێچیرڤان بارزانی فاکتەری یەكڕیزیییە

نێچیرڤان بارزانی فاکتەری یەكڕیزیییە

نێچیرڤان بارزانی لە هەموو سیاسییەکی تری کورد زیاتر داوای یەکڕیزی کردووە و بڕوای وایە؛ بەبێ یەکڕیزیی هەرگیز کورد ناگات به مەقسەدی خۆی، بۆیە لە هەموو بارودۆخێکدا داوا دەکات لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دۆخەکە بکەنە هەوێنی یەکڕیزییان، دەیەوێ هەموو هەلومەرجێک ببێتە هۆی یەكڕیزییی لایەنە كوردییەكان نەك پەرتەوازەیییان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە یەكڕیزیی و تەباییی نێو ماڵی كوردی بە گرنگ زانیوە و، پێیوایە؛ بەبێ‌ یەكڕیزیی، گەلی كورد لە هیچ ململانێ و پرسێكدا سەركەوتوو نابێت. هەر بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا دەڵێ " هیچ لایەنێکی كوردستانی براوە و دۆڕاو نییە، بەڵکو گەلی کوردستان براوەیە."
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مێژوو گەواهیی بۆ دەدات كە هەمیشە دەستی ئاشتی و ڕازییكردنی لایەنە سیاسییەكانی تری درێژ بووە. بەردەوام لە كاتی قەیران و ناكۆكییە سیاسییەكان سەردانی لایەنەكانی تری كردووە و، ڕێزی لە خەبات و تێكۆشانی سەركردەی لایەنە نەیارەكانی پارتی گرتووە، هەر بۆیە هیچ لایەنێكی سیاسیی كوردستانی كێشە و ناكۆكی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی نییە و هەمووان خۆشیان دەوێت، یان لایەنی كەم ڕقیان لێ‌ نابێتەوە. هۆكارەكەیشی هەر ئەوەیە كە بە ئێستایشەوە بانگەشە بۆ یەكڕیزییی لایەنە كوردستانییەكان دەكات و، بڕوای وایە؛ هەموو کاتێ دەبێ‌ لایەنە كوردییەكان یەكڕیز و تەبا بن، نابێ‌ هیچ ناکۆکییەک ببێتە هۆی پەرتەوازەییی لایەنە كوردییەكان.
ڕەنگە زۆریەك لە سەركردە كوردستانییەكان بانگەشەی یەكڕیزیی و تەباییی بكەن، بەڵام لە كێڵگەی پڕاكتیكدا مەرج نییە هەردەم ئەم پرەنسیپەیان جێبەجێ‌ كردبێت. وەلێ‌ نێچیرڤان بارزانی هەردەم بە شێوەیەكی پڕاكتیكی كاری لەسەر ئەم مەبدەئە كردووە و، هەرگیزیش فاكتەری پەرتەوازەیی و ناكۆكیی سیاسی نەبووە و، بەردەوام ئاوی بە ئاگردا كردووە. بۆ ئەمەیش بە لایەوە ئاساییی بووە سازش بۆ لایەنەكانی تر بكات. هەر بۆیە ئێستایش نایەوێ ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری كوردستان ببێتە فاكتەری پەرتەوازەییی نێو ماڵی كوردی و، هەموو لایەنەکان هان دەدات بەشداریی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ببن، ئەگەرچی لە هەندێکیشیان دڵگرانە و لە کابینەی بێشوودا سەرئێشە بوون، بەڵام ئەو هێندە یەکڕیزییی نێو ماڵی کوردی بەلاوە گرنگە هێندە بەرژەوەندیی پارتی بەلاوە گرنگ نییە، ئاخر ئەو ناپاکییەی لەم دواییەدا یەکێتی لە بەغدا کردی هیی چاوپۆشیی نییە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی گوتی "لە یەکێتی نیگەرانین بەڵام هەرگیز ڕێگە نادەین دوو ئیدارەیی دروست ببێت، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی گەلەکەماندا نییە." بەڵێ قوربانیدانی نێچیرڤان بارزانی و حزبەکەی لەپێناو یەکڕیزیی کوردان بەردەوامیی هەیە.
Top