پریمێز حەسایەوە و ئافرەتیش رزگاری بوو
November 27, 2018
وتار و بیروڕا
ئافرەت لە زیندە بە چاڵكردن و نەگبەت و شەرمەزارییەوە گەیشتە لووتكەی دەسەڵات و شانازی و، توانی نەك هەر پیاوێك بخاتە ژێر ركێف و دەسەڵاتی خۆیەوە، بگرە دەسەڵاتی ئافرەت كۆمەڵگە و وڵاتیشی گرتەوە، نموونەش چەندین ئافرەتی كورد وەكوو حەفسەد و خانزاد و مەستوورە و ئەمڕۆش لە وڵاتانی رۆژئاوایی ئافرەت گەیشتووتە لووتكەی دەسەڵات، هەر وەك مێرگێل و چەندیدن ئافرەتی دیكە.
كوردستان كەوتووتە جۆگرافیایەكی ئالۆزەوە، پڕ لە ئاوازی جیاوازی ئایینی و فكری و كەلتووری، ناكرێ لەگەڵ ئاوازی راپ و ئێنگیلزی داوەتی بابلەكان و شێخانی بكەیت، دەكرێ ئەورۆپییەك فێرە داوەتی كوردی بكەیت و داوەتی بابلەكانێ و شێخانێ بكات و كوردێكیش فێر كەیت لەگەڵ موسیقا و گۆرانی ئەورۆپی دانس بكات. كەٍواتە ئافرەتی كوردیش دەتوانێ بگاتە ئەو رادەیە وەكوو مێرگل وڵاتێك بەڕێوە ببات و ببێتە كەسایەتییەكی جیهانی لە هەر بوارێكدا بێت. هەر وەك ئێستاش ئافرەت گەیشتووتە پۆستی باڵا و متمانە بە خۆ بوون و شكاندنی گەڵێك بەربەستی كۆنكرێتی، ئەویش بەهۆی پشتگیری و داڕشتنی بەرنامەیەكی تۆكمە بوو لە لایەن سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، كە یەكەم كەس بوو بە جۆرئەوە باسی توندوتیژی دژی ئافرەتان و وەستاندنی ئەو تەوژمە كوشت و كوشتارە بەناوی نامووسەوە بگرێت.
لەو كاتەدا ئافرەت دەكوژرا و لە تاو نائۆَمێدی خۆی دەسۆتاند، پریمێز تاوانبار دەكرا و ملی كەرەستەیەكی بێزمانی وەكوو پریمێزیان دەگرت بۆ ئەوەی رانەكێشرێتە بەردەم دادگە و ناوەندەكانی سەر بە مافی مرۆڤ، لەو كاتەدا كە ئافرەت بە بیانۆی جیاجیا تەرمی لە چۆلەكان فڕێ دەدرا و سەگ دەیخوارد، بۆگەن دەبوو، تەرمی فڕێ دەدرایە ناو شاخ و لاتی عاسێ، زمانی دەبڕدرا و ژنی بەرسەر دەهێنرا، دەكرایە كوێلە و گەڵێك كەسیش بۆ مەرامی گلاوی خۆی بەكاری دەهێنا، نێچیرڤان بارزانی بە جورئەوە باسی پاراستنی مافی ئافرەتی كرد و بۆختان كردن بە پریمێزی كەمكردەوە و رێگری كرد لە كوشتن و سۆتاندن و فڕیدانی تەرمی ئافرەت بە بیانۆی جیاجیا. سەرۆكوەزیران دەرفەتی رەخساند بۆ ئافرەت كە خۆی لە كۆمەڵگەدا ببینێتەوە، دەسەڵات وەربگرێت و بگاتە پڵە و پۆستی باڵای ئیداری و بڕوانامەی زانستی بەرز، بازرگانی و سەفەر و كردنەوەی كارگە و كۆمپانیاكان، بەرێوەبردن و كردنەوەی سەنتەر و بەرگی كردن لە مافی خۆی. ئافرەت لە نەبوون و ونبوونەوە گەیشتە پڵەكانی وەزیر و ئەندام پەرلەمان و چەندین پۆستی ئیداری دیكە. نەك هەر ئافرەتانی باشووری كوردستان، بەلكوو ئافرەتانی رۆژهەڵات و باكوور و رۆژئاوای كوردستانیش توانیویانە خۆیان بدۆزنەوە لە باشووری كوردستان و بلێن ئێمەش هەین. لە كاتێكدا ئافرەت لە قیمەی بێدەسەڵاتیدا بوو، خۆی بە زەلیل و مافخۆراو دەزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی جددی هاوێشت بۆ كوتایی هێنان بەو زەبر و زەنگانەی ببوونە هۆی وسكوت كردن و دەست و پێ بەستنی ئافرەتی بە توانا و بلیمەت. سەرۆكوەزیران بوو ئافرەتی هێنایە مەیدانی سیاسەت و ئیداری و خوێندن و بڕوا بە خۆ بوون، وایكرد ژنان چیدیكە چاوپۆشی لە تووندوتیژی نەكەن و خۆیان بە پڵە دوو لە كۆمەڵگەدا نەزانن، هەست بە جیاوازی رەگەزی نەكەن لە فەرمانگە و دامەزراوە حكومیی و حزبییەكاندا.
ساڵانی رابردوو مانگانە ئامارەكانی سۆتان و كوشتنی ئافرەتان لە هەڵكشاندا بوون، پریمێز بێدەسەڵاتترین ئامێری بێ زمان و بێ وەلام بوو، قاتلی هەرە زۆری سۆتاندنی ئافرەتان پریمێزی بێچارە و بێ دەست و پێ بوو، قسە كردن و بەرگری كردنی ئافرەت لە خۆی بڤە و عەیبە بوو، بۆ نموونە لە دەڤەری سۆران كە ناوچەیەكی عەشایەرییە، بە پیێ ئاماری بەرَێوەبەرایەتی بەرەنگار بوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە ماوەی 11 مانگی رابردوو 32 حالەتی تووندوتیژی جۆراوجۆر كەمبووەتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند ساڵ بەر لە ئێستا ئامارەكان ترسناك بوون و بە رێژەیەكی بەرچاو لە هەڵكشاندا بوون، بێجگە لە فرە ژنی كە بە رێژەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە. دوای پشتگیرییە راستەوخۆكانی سەرۆكوەزیران لە ئافرەتان، مافی ئافرەت دەستەبەر بووە و ئامارەكان دڵخشكەرن كە چەندین ئافرەت گەیشتووتە پلە و پۆستی بالای زانستی و ئیداری و بەڕێوەبەردن، بە تایبەت هەرێمی كوردستان كە كەوتووتە ناوچەیەكی پڕ ئاریشە و فەرهەنگێكی ئالۆز و بیركردنەوەیەكی تەسك بۆ باس كردن لە مافی ئافرەت بە شێوەیەكی رەها.
ئافرەت لە هەرێمی كوردستان هەست بە بوونی خۆی دەكات و خۆی دۆزیوەتەوە، ماوە ئافرەتانی دیكە تێبگەیێنێت مافی چییە و چۆن مافی خۆی بەدەست دێنێت، چونكە زۆرێك لە ئافرەتان بە هەلە لە مافی خۆیان گەیشتوون و خەریكە تووندوتیژی دژ بە پیاوان دەست پێدەكات و پیاوان گلەیی ئەوە دەكەن كە زۆرێك لە ئافرەتان هەندێك هێلی سووری پیاوان دەبەزێنن و هێزی پیاو كەمڕەنگ بووەتەوە، بەمەش خێزان بەرەلایی بە خۆیەوە دەبینێت و پێویستە هەیبەتی پیاو وەكوو چەترێك بمێنێتەوە بۆ پاراستنی خێزان لە گورگە دڕندەكان، نەك چەوساندنەوەی ئافرەت.