ئەولەوییەتی ئێستا ،پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگۆزارە
November 6, 2018
وتار و بیروڕا
ناراحەتییەکان لە کەس تاکوو کەس و لە گروپێکەوە بۆ گروپی کۆمەلایەتی تر و لە شۆینێکەوە بۆ شۆێنێکی تر دەگۆردرێن کە وابوو پێویستە لە زۆر ئاستاندا خەریکی دەستنیشانکردنی کەمایەسییەکان و ناراحەتییەکان بین، ئۆرگانیزاسیۆنی پێوندیدار بە هەر کامیان جیاوازن، ئاکتۆرەکان جیاوازن و هتد.
ئەم پلۆرال و چەند چەشنە بوونە رێگرە لەوەی کە یەک ناوەند بتوانێ چارسەرییان بۆ بدۆزێتەوە، بەلکوو دەبێ زۆر کەس و لایەن خەریکی ئەم پرسانە بن هەر بۆیەشە سیستمی نادێمۆکراتیک و تۆتالیتەر لە جیهاندا عاجزە لە چارەسەری پرسەکان، نەخۆی پێرادەگات و نەرێگاش بۆ خەلک دەکاتەوە ، پرۆسەی چارەسەری راستە قینە و سەرکەوتوو تەنیا بە سیستم و نیزامی دێمۆکراتیک دەکرێ ، لەبەر ئەوە کە لەم نیزامەدا مەرج بەشدارییە و ئەوەش نەک هەموو جۆرە بەشدارییەک بەلکوو بەشداریی ئازاد و سەربەست بە ئەرک و مافی روونەوە.
چۆن دەبێ و چۆن ئەم هەموو گرفتانە چارەسەردەبن ئەگەر بێتو ولات دیمۆکراتیک نەبێ و پێنەگەیشتبێت؟ بیرکردنەوە لێرەدا مانای خۆی وەردەگرێت، کۆپی کردن و گۆتەی گشتی لێرەدا شکست و کوورتهێنانی خۆی دەردەخات، داهێنان و بیری تازە و دۆزینەوەی چارەسەری گرفتەکان لێردەدا ئەرزیشی مێژوویی خۆی نیشان دەدات .
لە پرۆسەی پڕ لە تەنگ و چەلەمەی گواستنەوە دا کارمان زۆر زیاتر لە زۆر میللەتان زەحمەتترە، لێرەدا ئیدارەی گشتی ولات،واتە حکومەت زیاترین ئەرکی دەکەوێتە سەر شان ، تەنانەت حکومەت مۆتۆری وەگەر خستنەوەی تاک و ئاکتۆری تری کۆمەلگاشە. بۆیە لە پرۆسەی گۆزار لە فەوزای ئێستا بۆ جۆرێک لە نەزم و سەقامگیریی دا پێویستە حکومەتێکی تایبەتمان هەبێ.
ئەم حکومەتە سێ ئەرکی لە سەر شانە ،
یەکەم-
خۆی دینامیک بێت و لە چاتی چآرەسەر نەبێتە گرفت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە حکومەتێکی کاریگەرمان هەبێ، ئەمەش بە بەرزکردنەوەی ئاستی پرۆداکتیڤیتییەوە دەکرێ و لەم رەوتەدا پێویستە کابینەی خۆی وا رێکبخات کە بتوانێ ولامدەر بێت، هەنگاوی کۆنکرێت لەم پێناوەدا هەبوونی یەک بەرنامەیە و هەروەها دابەشکردنی بەرپرسیارییەتی بەشێوەی روون وئاشکرا بۆ نموونە ئۆرگانی بەرپرس لە داریشتن و پیادەکردنی سیاسەتی گەشەی ئابووریی ولات دیار بێت.
دووهەم-
پێویستمان بە حکومەتێک هەیە کە بتوانێ بەرپرسیاربێ لە دابینکردنی لانی کەمی خزمەتگۆزاریی گشتی بەردەوامدا
سێهەم-
حکومەتێک کە هەتا دەگەینە ئەو ئاستە کە هێزیکاری خۆی بگوازێتەوە بۆ کاری بە بەرهەمتر، بەشی کلیلی بروکراسی خۆی رێکبخات بە جۆرێک کە بتوانن ولامدەر بن بۆ پیادەکردنی بەرنامەی ئەو حکومەتە چالاکە کە باسمان لێوە کرد.
ئەو بەشەش بریتیە لە بەرێوەبەر گشتییەکان و مۆدیرە گرینگەکان کە پێویستە وەک تاسک فۆرس کار بکەن لە دابینکردنی خزمەتگۆزاریی کۆنکرێتدا.ئەم سێ ریفۆرمە هەم مومکینن و هەمیش دەکرێ و لە توناماندا هەیە.
بارو دۆخی ژیئۆپۆلیتیک ، عێراق ، ئێران ، تورکیا و سوریا بەردەوام لە گۆرانی گەورەدان بۆیە حەتمەن کارتێکەرییان دەبێ لە سەر چۆنییەتی کارەکانی ئێمەشدا، بەلام هیچ بارو دۆخێکی ژیئۆپۆلیتیک ناتوانێ پێش لە ئێمە بگرێت کە لە سەر خاکی خۆماندا ئەوەی دەیکەین بە باشی بیکەین، ئەوەی دەبێ بیکەین، بیکەین و پشتگێۆی نەخەین. ئەم خالانە گرینگن. مۆمێنتۆم و خیرایی رەوتی کاریش هەر بەم جۆرە وەرێ دەکەوێ، کارێکی باش کاری باشی تر بەدوای خۆیدا دێنێت. بۆیە گرینگە لە هەر چی باس و خواستی گشتییە لە سەر بەرنامە ستراتێژیک جا لە هەر بوارێکدا بێ خۆمان دوور خەینەوە و جەخت لەسەر چارەسەری گرفتەکانی رۆژانەی خەلک، ئاکتیڤ تر کردنی بازار بە رێگای وەگەرخستنەوەی چالاکانی بازارەوە بیکەین.
ژیئۆپلیتیکی ناوچە هەم شانسی گەورە و هەمیش مەترسی گەورە لە خۆدا دەگرێ، بەلام ئێمە وەک ئاکتۆر پێویستە ئەرکی خۆمان لە ژیانی رۆژانەدا بە جێ بگەینین، ئەگەر دنیا پۆزیتیڤ بوو ئەوە مەیدانی گەورەترمان بۆ دەکرێتەوە و ئەگەر هاتوو رەوت خەراپ بوو ئەوە زۆر زیاتر لە جاران ئامادەین تا رووبەرووی مەترسییەکان بینەوە.
بۆیە ئێستا کە لە بەردەم پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نۆێ داین گشت ئەحزاب پێویستە رێگاخۆشکەر بن بۆ پێکهاتنی کابینەیەکی لەم جۆرە، کابینەیەک کە هەم بەهێز بێت و هەمیش خزمەتگۆزار بێت.