ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر دوو رووداوی مێژوویی گەلی كورد بوون لە ساڵی 2017دا. هەردووكیان دەچنە مێژووە، لێ جیاوازییان وەكوو هەنگوینی ئەسلی گوڵی سرووشتی و ژاری مار وایە. راستە یەكێتی بەشدار بوو لە هەڵمەتی جەماوەری بەلێ بۆ ریفراندۆم، بەڵام 16ی ئۆكتۆبەر و مەسەلەی سەرۆككۆماری و چەندین رووداوی دیكە یەكێتییان سڕییەوە لە شانازیی ریفراندۆمچێتی. ئێستاش كە یەكێتی د.بەرهەم سالحی هێنایەوە بۆ ناو یەكێتی و كردنی بە سەرۆككۆمار، لەبەر چاوە جوانەكانی بەرهەم سالح نەبوو، بەلكوو مەبەستی سەرەكی ئەوە بوو چیدیكە كورسی پەرلەمانی كوردستان لەدەستنەدات و كورسییەكانی سلێمانی تەخشان و پەخشان نەكرێن، لێ هێانەوەی بەرهەم سالح و كاندید كردنی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار هێمایە بۆ ئەوە كە یەكێتی كادرێكی وای تێیدا نەمابوو بیكات بە سەرۆككۆمار، ئەمەش خالێكی زۆر لاوازی یەكێتییە. بە تایبەت لە كاتی دەنگدان بە كاندیدەكانی سەرۆككۆماری عەرەبەكان دەیانگوت دەنگ بە ریفراندۆمچییەكانمان نەدا و دەنگماندا بە یەكپارچەیی عێراق، ئەمە ئیتر بووەتە دیاردە و لە بەغدا بە پارتییەكان دەلێن ریفراندۆمچی و بە یەكێتییەكان دەلێن یەكپارچەیی عێراق و چەندین ناوی دیكە كە پێویست ناكات ئاماژەیان پێبكەین. رۆژبەرۆژ لێبوونەوەی لق و پووپ لە یەكێتی و رۆیشتن و گەڕانەوەی كادر و سەركردەكانی و تۆڕانی هەندێكیتر لە یەكێتی، رووداو گەڵێكی ناخۆش جەستەی یەكێتییان شەكەت كردووە، لێ ئەوەی نەیهێشتووە بكەوێتە سەر عەرز و لە پێیەوە بمێنێتەوە، هێزی چەكدار و دۆستەدێرینەكەی پارتییە. ئەگەر پارتی خێری بە یەكێتی نەكردبوایە زۆردەمێك بوو حزبی دووەمی پێشكەش بە حزبێكی دیكەی كردبوو(هەرچەند لە دژی پارتی لق و پووپەكانی سلێمانی ئامادەن یەكبگرن). رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر و لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستان، كوردی لەسەر لێواری سەربەخۆیی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سفر، ئەگەر پیلانی 16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە ئەمڕۆ بۆ سەرۆككۆماری عێراق پارتی كاندیدی خۆی نەدەبوو، هەلبەت ئەگەر كورد لە بەغدا جیا نەببایەوە و دەوڵەتی خۆی رانەگەیاندبووا. دوای 16ی ئۆكتۆبەر شانازیی ریفراندۆم بۆ پارتی مایەوە و ئیتر لە مێژوودا هەر كاتێك باسی ریفراندۆم بكرێت، 16ی ئۆكتۆبەریش لەگەڵی باس دكرێت و بە پێچەوانەشەوە. لێرەدا 16ی ئۆكتۆبەر وەكوو خاڵی رەش و ریفراندۆمیش وەكوو شانازی باس دەكرێت بە وردەكارییەوە. لەوەگەڕێن كە ئەگەر 16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە شەڕی گەورەی روو دەیدا و ئەم بەهانە لاوازانە، بە پێچەوانەوە ئەگەر پارتی نەبوایە شەڕی ناوخۆ دووبارە دەبوویەوە یان كوردستان بە هەموو پارێزگاكانەوە ئێستا لە ژێر ئالای حەشدی شەعبیدا دەبوو، بەڵام سەركردایەتی پارتی خالە لاوازەكەی هەستی پێكرد و نەیهێشت ئەم شەڕە روو بدات، لە جیاتی شەڕی ناوخۆ داستانی پردێ و سحێلا تۆماری كرد كە تا كورد ماوە بۆ پارتی دەبێتە شانازی و خالی وەرچەرخانی ئێستای پارتیش هەر ئەم دوو داستانە و بەرگری و ریفراندۆم و بەردەوام بوون بوو لەسەر هێلی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەگەر لە كەركووكیش بەرگرییەكی وەكوو پردێ كرابوایە ئەمڕۆ هەر كورد خاوەنی كەركووك دەبوو و بۆ هەتاهەتایە هەر بە ناسنامەی كوردستانیبوون دەمایەوە. ریفراندۆم بوویە شانازی و سونبۆلی پارتی و بۆ مێژوو دەمێنێتەوە و بەرهەمەكەش 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستان و یەكەم حزبی عێراق و متمانەی جەماوەر و چەندین دەستكەوتی دیكە كە لەو خولەی پەرلەمان و لە ساڵانی داهاتوو دەردەكەوێت.
جەماوەری كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا سزای ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەریدا، 16ی ئۆكتۆبەر كەمی رێژەی دەنگدان و فرت و فێڵ كردن لە هەلبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێراق و كەمی رێژەی بەشداری كردنی خەڵك بۆ پەرلەمانی كوردستان، ریفراندۆمیش یەكەم دەستكەوتی رەتكردنەوەی كاندیدی پارتی بوو لە بەغدا بۆ سەرۆكایەتی كۆمار كە مافی خۆی بوو، بەرز بوونەوەی رێژەی كورسییەكان و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا چەندین دەستكەوتی دیكەی نایاب دێنە نێو گۆڕەپانی سیاسی و گۆمێكی مەنگ دەشلقێنێت كە شەپۆلی ئەم گۆمە مەنگە زۆر كرش و كاش لەگەڵ خۆی رادەمالێت.