خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر کاریگەریە نەرێنیەکانی

خیانەتی شانزەی ئۆکتۆبەر کاریگەریە نەرێنیەکانی
(۱)
شانزەی ئۆکتۆبەر ئەو ڕۆژە نەگریسەیە کە هەرگیز لە بیری هیچ کوردێکدا ناسڕدرێتەوە،بووە بەکاوبوسێک بۆ گیانی هەر نشتیمانپەروەرێکی کورد.
ئەو ڕۆژە شوومە کوردی بەتەواوی شپرزە و پەرتەوازە کرد.پێش شانزەی ئوکتۆبەر کورد هێندە بەهێز بوو کە ئێران و تورکیا و عێراق هەڕەشەی برسی کردن و داخستنی سنوریان دەکرد،کەچی هیچ کوردێک ئامادە نەبوو ئەگەر بەقسەیەکیش بێت شکۆی خۆی بشکێنێت و سەر بۆ هیچ دووژمنێک نەوێ بکات.وڵاتانی ناوچەکەی هەرچی پێیان کرا بۆ ڕاگرتنی پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان بەڵام بەهۆی یەکڕیزیی کورد هەوڵەکانیان بەتەواوی پوچەڵ بۆیەوە.کەچی بە پیلانی چەند هەرزەکارێکی یەکێتی نشتیمانی نیوەی خاکی کوردستان لەسەر سینیەکی ئامادە پێشکەشی حەسەن پلایس و ئەبو ئیزڕائیل کرا!
ئەو کوردەی ئامادە نەبوو سەردانەوێنێت بۆ هەڕەشەی وڵاتان بەهۆی ئەو خیانەتە قێزەونەوە شکۆی تاکی کورد بەجۆرێک شکێندرا کە ئەو هێزەی دوای شانزە جار هێرشکردن نەیانتوانی گوندی بەشیر کۆنتڕۆڵ بکەن وەها غرور گرتبوونی دەیانویست بێنە هەولێرش!
خیانەتکاران سەرەڕای ڕسوابوونی خۆیان کەچی شکۆی چل ملیۆن کوردیان لەسەرانسەری جیهان شکاند.
دەیان خانوی کوردان لە خورماتوو تەقێندرایەوە و بەتاڵان بران،چەندین پێشمەرگەی قارەمانی بێ ئاگا لە پاشەکشەی پلانداڕێژراو شەهید بوو.ئەوان تەنانەت وەفایا بۆ پێشمەرگەکانی خۆیان نەبوو.کاتێک هێزەکانی پشتیوانیان پاشەکشەپێکرد بۆ قەرەهەنجیر بەشێکی زۆری پێشمەرگەکانی یەکەی حەفتا لە پێشەوە سەنگەرەکان ئاگاداری ئەم پیلانە نەبوون و شەهید بوون.ئیدی چۆن تاکی کورد چاوەڕێ بکات وەفایان بۆ خاک و نشتیمان هەبێت!
مێژوو دەینوسێتەوە کە زەبر و زەنگ و چەکی دووژمن هەرگیز پێشمەرگەی بەچۆکدا نەهێنا، بەڵام خیانەتی چەند خۆفرۆشێک ئەوانی گریاند !
بەداخەوە مێژووی خیانەت لەهەموو قۆناغەکانی شۆڕشی کوردیدا هەبووە،تەنانەت لەسەردەمی میرنشینەکانیش، گەلی کورد لە میرنشینی سۆرانەوە تا هەرێمی کوردستان (مەلای خەتێ)ی لێ نەبڕاوە،هیچ کات دووژمن ڕووبەڕوو بەکورد نەوێراوە،هەمیشە لەنێوخۆی کوردا خائینانێک هەبوون دووژمن پەلکێش بکەن بۆ سەر خاکی خۆیان لەپێناو چەند دەستکەوتێکی شەخسی!
تا ئێرە گوتمان شانزەی ئۆکتۆبەر چ خیانەت و چ کارەسات و بەڵایەکە لەوە خراپتر ئەوەیە کە شانازی کردن بە خیانەت بکرێت بەفەرهەنگ.
ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە بەڕۆژی ڕووناک نیوەی کوردستانیان لایەنگرانی خۆیان وەها گەوجاندووە کە ئەگەر ئەوان بەو جۆرە سەنگەریان چۆڵ نەکردبا ئەوکات وەکوو عەفرینیان لێ دەهات.کەس نیە بپرسێ خۆ عەفرین دوای کەرکوک گیرا چۆن زانیتان وای لێ دێ؟
ئەی ئەگەر وایە ئەوکات دەبوو لەپردێ و سحێلاش پارتی دەرگای بۆ ئەبرامزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و پاسدار واڵا بکات تاکوو هەولێریش بەدەردی عەفرین نەچێت!
کەوابوو ئەو هەموو شەهیدەمان لەکەرکوک لە پێناو چیدابوو؟ ئەگەر بڕیار بوو کەرکوک هەر وا بەئاسانی پێشکەشی عێراق بکرێت ئیدی هیچ پێویستی نەدەکرد ئەو سەدان پێشمەرگەیە لە پێناویدا شەهید بن!
تەنانەت بەوەش نەوەستان پلانی دواتریان هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان بوو.هەر دوو ڕۆژ دواتر داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەتی هەرێم و درووستکردنی حوکمەتی کاتیان دەرکرد.لە هیچ سەردەمێکدا کورد خیانەتکاری وای بەخۆیەوە نەبینیوە کە هێندە داخ لەدڵ بێت بەرامبەر میلەتەکەی خۆی،بەوێڕانکردن و فرۆشتنیشی دڵی ئاو نەخواتەوە!
شانزەی ئۆکتۆبەر ئیدی بۆخۆی بوو بەقۆناغێکی جیاواز،ئێستا کەساڵێک تێدەپەڕێ بەسەر ئەو ڕۆژە شوومەدا ئیدی لایەنە کوردیەکان هیچ متمانەیەکیان بەیەکدی نەماوە،کورد بەتەواوی ڕیزەکانی شێواوە.لە ئاستی دەرەوەشدا پێگەی هەرێمی کوردستانی پێش شانزەی ئۆکتۆبەر و دوای شانزەی ئۆکتۆبەر تەواو جیاوازن.
Top