سوسیال مۆبیلیتی . . . . گۆرانی پێگەی کۆمەلایەتی

سوسیال مۆبیلیتی . . . .  گۆرانی پێگەی کۆمەلایەتی
لەم نوسینەدا باسی دیاردەیەک دەکەم کە لە هەلس و کەوتی کۆمەلایەتی ولاتی ئێمەدا بە تایبەت لە دوای سالی ٢٠٠٣ئەوە بۆتە دیاردەیەکی سەردەست لە رێکخستنەوەی پێوەندییەکانی کۆمەلایەتیدا.
زۆر جار وەک رێنوێنی ژیان، وەک ستراتێژی کەسەکان، وەک خالی پێوەندی نێوان سەردەست و ژێردەست باسی لێوە دەکرێ ئەم باسەش هەم وەک دیاردەیەکی خەراپ و تێکدەرو هەمیش وەک دیاردەیەکی پۆزیتیڤ باسی لێوە دەکرێت.
ئەم دیاردەیەک و هەلس وکەوتە دەکرێ لە ژێر چەتری چەمکی سوسیال مۆبیلیتی دا کۆ بکرێتەوە .
سوسیال مۆبیلیتی چییە؟ و مەبەست لەم چەمکە چییە؟
گۆڕانی پێگەی کۆمەلایەتی بەرەو سەرێ لە لایەن مرۆڤەکانەوە، لە کۆمەلناسی دا پێدەگۆترێ سوسیال مۆبیلیتی، هەموو کەسێک حەز دەکات خۆی هەلکشێت بەرەو سەرێ و ژیانی سبێ رۆژی لە ژیانی ئەمرۆی باشتر بێت. ئەگەر کەسێک بە پیچەوانەی ئەمە ویستی هەیە با دەست بەرزکاتەوە.
ئەم سوسیال مۆبیلیتییە و ئیمکانی روودانی گرێدراوە بە زۆر فاکتۆری تری جگە لە ویستی تاکی کۆمەلگا، دەبێ بارو دۆخی ستراکچرالی کۆمەلگا رێگا بدات، دەبێ ئاستی گەشەی مێژوویی کۆمەلگا و رادەی گەشەی دابەشکردنی کار/ دیویژن ئاو لێبر/ رێگا خۆشکەر بێت و دەبێ مایند سێت بە واتای بیری گشتی فەلسەفی کۆمەلگا رێگا خۆشکەر بێت.
بۆیە دراسەی مێژووی ئابووریی ولاتان ئەوەی کە کۆن لە لایەن چەپەوە بە ئابووریی سیاسی ناوزەد دەکرا گرینگە تاکوو بتوانین ئەو فاکتۆرانە کە لە پرۆسەی گەشەی ئەم دیاردەیە دا/ سوسیال مۆبیلیتی/کاریگەرن دەست نیشان بکەین.
با بۆ هەر کام لەم مەرجانەی سەرەوە نموونەیەک بێنین، نموونە بۆ بارو دۆخی ستراکچرال،
لە سالانی ١٥٥٠ئەوە سیستمی ئابووریی بازار بە تایبەت لە ئەوروپادا جی بەرهەمهێنانی فیئۆدالی گرت، نەک بە تەنیا بە رێگای بەرهەمهێنانی کەل و پەل بە شێوەی کاریگەرتر بەلکوو بە ئازاد کردنی هێزی کاریشەوە بەو واتایە کە هێزیکار بە یاسا سەربەست کرا کە لە هەر شۆێنێک پێ خۆشە کار وەرگرێت و مووچەی هەبێت کە پیشتر نەیبووە. لەم نموونەیەدا دەبینین کە گۆرانی ئۆرگانیزاسیۆنی وەبەرهێنان رێگا دەکاتەوە بۆ تاکی کرێکار کە بار و دۆخی خۆی بگۆرێت و مەجالی بەرهەم هێنان بۆ قازانج برەخسێت. یان نموونەی گۆرانێ تێکنۆلۆژی، کە خۆی هۆکارێکی گرینگە بۆ رێگا کردنەوە بە مەبەستی دەستکەوتی زیاتر.
لە نموونەی گۆرانکاریی مایند سێت و نۆرمەکاندا دەتوانین باس لە گۆرانی بۆچوونی دۆکتورینی کلیسا بکەین کە یارمەتیدەر بوونە بۆ ئەوە کە رێگا بکرێتەوە بۆ گەشەی ئابووریی بازار. لە پرۆسەی گەشەی ئابوورییدا بە مەبەستی ئەوە کە ئەم مۆدێلە سەردەست بێت پێویستی بە گۆرانی نۆرمەکانی کۆمەلگاش هەبوو، لەم گۆرانکارییە لە بۆ چوونی دینیدا ئەوروپا کرد بە دووبەش، کاتۆلیک و پرۆتێستان. پرۆتێستان و بەتایبەت فۆرمی هەرە رادیکالی پیوریتانیزم رێگایان کردەوە بۆ چالاکی ئابووریی بە مەبەستی قازانج و سوود.
لێرەدا رەنگە بە سوود بێ هەر چەند بە کورتی باسی داستانی مارتین لوتێر و یوهانێس کالوین بکەین کە لە ریفۆرمی جێگە و پێگە و جۆری دین و کلیسادا کاریگەر بوو،. مارتین لوتێرهەر چەندە دژی کرینی نامەی لێ خۆش بوون لە گۆناهان لە کلیسا بوو حەزی دەکرد کلیسا کلیسای جاران بێت و عیبادەت دەبێ پێشەی سەرەکی بێت لەم روویەوە دژایەتی هەبوو لەگەل تەنانەت کاتولیکەکانیش و لە هەمانکاتدا دژی کلیسا بوو کە بەم شێوەیە بازەرگانی بکات بەلام خۆی یەکەم هەنگاوی هاویشت بۆ دیسێنترالیزەکردنی کلیسا. لە نێوان ١٥٢٠ و ١٥٥٥دا لایەنگرانێکی زۆری پەیدا کرد بە جۆرێک کە دیسێنترالیزاسیۆنێک بە گۆێرەی پەیماننامەی ئاگۆسبۆرگ بەسترا کە هەر دەسترۆیشتویەک لە ناوچەی خۆیدا سەربەستە کە ببێتە لوتران یان کاتولیک. یوهانێس کالوین لە فەرانسە لە دایک ببوو بەلام لەبەر ئەوە کە فەرانسە کاتولیک بوو موحاجرەتی کردە سویس، لێوێ را بیر و بۆچوونی خۆی بلاو کردەوە کە دواتر بە ئێتیکی کاپیتالیزم ناوی دەرکرد.
ئەم دوو نموونەیە ئی سەردەمی سالانی ١٤٠٠بەملاوەن و کۆنن لە مێژووی تازەتردا زۆر نموونەی تر هەیە کە چۆن فاکتۆری ئنیستیتوشنال و ستراکچرال رێگا خۆشکەردەبن بۆ جوولەی کۆمەلایەتی تاکەکان کاتێک کە بەستین رێگا دەدات.
ئەم باسەم بۆیە هێنایە پێش کە بزانین جۆری هەلس و کەوتی ئێمەی کوردیش لە کۆمەلگای خۆماندا پێوەندی بەو جۆرە گۆرانکارییە نەوعیان هەیە و بە مەبەستی تێگەیشتن لە هەلس و کەوتی کۆمەلایەتی خەلک مەجبورین گۆرانکارییەکانی بەستێن و ژینگەی کۆمەلایەتی خۆمان دیاری بکەین. لێرەدایە کە دنیای ئاکادێمی کوردستان ئەرکی زۆری دەکەوێتە سەر شان.
لە ٢٠٠٣ئەوە کوردستان و بەستێنی کۆمەلایەتی سەربەستی و ریفاهێکی بە خۆیەوە بینیوە کە لە مێژووی ئێمەدا هیچ کاتێک نەدیتراوە .
بۆشایی دەستەلاتی سیاسی لە دوای کشانەوەی سەدام لە کوردستان کوردستانی رووبەرووی رەکەبەرایەتییکی نێو خۆیی کردوە کە گشت لایەنەکانی ژیانی خستوتەوە ژێر کارتێکەریی خۆی.
کۆکردنەوەی سەرمایە و سامان بە جۆرێکی بێ وێنە لە کۆمەلگادا روویداوە .
لە کۆمەلگای ئێمەدا تەنیا بۆچوونی ئارامیی دینی تەسەوۆف بووە، ئەم قوتابخانەیە نەک هەر خۆی خۆی لایەنگری گۆشەگیرییە بەلکوو بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەشی کردوە .
کۆمەلگای ئێمە بە رێگای تیکنۆلۆژیای مۆدێرنەوە ئاگاداریی زۆر باس و خواستی دنیای سەردەمە.
سەرچاوەکانی بەردەستی دەستەلاتی کوردیی زۆر زیاتر لە خواستی خەلک سنووردارن
ئۆرگانیزاسیۆنی ئابووریی و ئیداریی ولامدەر نییە بۆ دابینکردنی خواست و پێویستییەکانی دانیشتوان بە واتای تر خواست زۆرە و خستنەروو لاوازە.
پرسیار دەبێتە ئەوە کە لە بەستێنێکی لەم جۆرەدا جوولەی کۆمەلایەتی چۆن دەکرێت؟ بە کاری سەخت و خۆماندوو کردن یان خوازیارانی جوولەی پێگەی کۆمەلایتەی دەبێ روو لە مێتۆدی جیاوازتر بکەنەوە؟ بژاردەکانی بەردەمی تاک کامانەن؟
سیستمی ئیداریی و سیاسی خاوەن ئەو ئامرازەیە کە یان شانسی جوولەت پێ دەبەخشی یان ئەم شانسەی تاک بەرتەسک دەکاتەوە. سیستمی دێمۆکراتیک و گەشەئەستاندوو ئەوانەی شانس دابین دەکەن زۆرن و لە ولاتانی دواکەتوودا ئەو لایەنانە کە شانس دابین دەکەن کەمترن. لە کوردستاندا بە شێوەی سەرەکی ئەحزاب ئەو دەزگا و دامەزراوانەن کە شانسی جوولەی کۆمەلایەتی کۆنترۆل دەکەن و دابین دەکەن، هەر چەندە ژمارەی ئەو ناواندانە کەمتر بێ ئەوەندە بارو دۆخ نادێمۆکراتیکتر و مەترسیدارە.
لە رووی دێمۆگرافییەوە ژمارەی ئەوانەی خوازیاریی گۆرینی پێگەی کۆمەلایەتی خۆیانن بەرەو سەرێ زۆر زۆر بەرزە، لە هەمان کاتدا ئەو ناوەندانە کە دەتوانن شانس دابین بکەن کەمن.ناهاوسەنگی نێوان ئەم دووە لەگەل چەسپانی خەراپترین سیستمی ئیداریی رووبەرووی کردوین.
گشت ئەم پرسانە و زۆر گرفتی تریش بە هەلاوسراویی ماونەتەوە لەبەر نەبوونی سەروەریی نەتەوەیی، کە وا دەکات کە بە تەواویی خاوەنی مەیدانی کردەی سیاسی خۆمان نەبین.
ئەوەی کە پێویستە بە شێوەی ستراتێژیک بیریی لێبکەینەوە ئەوەیە کە ئەم ویست و خواستە بە جێێەی ئەوانەی خوازیارن سەرکەوێن وەک دینامیکی گەشە و پێش کەوتن ببیندرن ،رۆل بگێرن و پالپشتیان لێ بکرێ بە رێگای چەسپاندنی حۆکمی یاساەوە .
ئەگەر بێتوو لەوە دا سەرنەکەوین سیستمێک بنا دەبێت لە سەر بنەمای خزمەخزمێنە و نیپۆتیزم و هەتا دوایی جێگیر دەبێت و سەرکەوتوو نابین.
ئەحزاب لەم پێوەندییەدا ئاکتۆری هەرە کاریگەریی کۆمەلگای ئێمەن، چ ئەوانەی حکمرانن و چ ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنن دەبێ بەرنامەیان هەبێ بۆ ئەم پرسە .
ئۆپۆزیسۆنی کوردیی ناتوانایە لە تێگەیشتنی ئەم راستییە کە هەرچەند هاوکاری ئەحزابی حاکم نەبێت سیستمەکە زیاتر دادەخرێت. کە سیستم لە ژێر هەرەشە و هێرشدا بوو زیاتر بەرەو داخراوتر بوون دەچێت و فرسەتی جوولەی کۆمەلایەتی و موبیلیتی سوسیالێش بەرتەسک دەبێتەوە. ئەمەش دێتە ئەو واتایە کە لە دژی ئامانجی سەرتایی خۆی کە بریتی بوو لە دابینکردنی شانسی زیاتر بۆ جوولەی کۆمەلایەتی کار دەکات.
ئەحزابی حاکم دەتوانن زیاتر خزمەت بە خۆیان وکۆمەلگا بکەن کاتێک زۆرینەی هێلکەکانی خۆیان لە سەر بنا نانی حکومەتێکی بە هێز و خزمەتگۆزار دا دابنێن، هەول بدەن بۆ دامەزراندنی بروکراسییەکی بە توانای بێ لایەن، کە خۆی زامنی دابینکردنی فرسەتی زیاترە بۆ جوولەی کۆمەلایەتی خەلکانێکی زۆر.
ئەم دیاردەیە کە خەلک خوازیار بن پێگەی کۆمەلایەتی خۆیان لە هەموو روویەکەوە وەسەرتر بەرێن ، دینامیک و خواستیكی ئینسانی و رەوایە ، جیاوازیی نێوان ولاتانی پێشکەوتوو و گەشە ئەستاندوو لەگەل ولاتانی داڕماو ئەوەیە کە لێوێدا زیاتر شانس و کرانەوە هەیە بۆ ئەم جوولەیە کە تاک پێویستی پێیە. هەر چەندە ئەو ناوەندانە کە شانسی سوسیال مۆبیلیتی دابین دەکەن زۆرتر و فرە چەشنە تر بێت تا ئەو رادیەش ئە پرۆسەی لە ژێر رەکیفی یاسا دا بەرێوە دەچێت. بۆیە ئێمەش پێویستە ئامانجی سیاسەتمان بریتی بێ لە زیاتر و فراوانتر کردنی ئەم مەجالە.

حوسێن کوردنەژاد
2018-09-12




Top