ئۆپۆزسیۆن یان ئەنارچیزم؟

ئۆپۆزسیۆن یان ئەنارچیزم؟

هەڵبەت هەموومان ئاشناین بە دەستەواژەی ئۆپۆزسیۆن و گەشتوینەتە ئەو باوەڕەی کە کاتێک باس لە ئۆپۆزسیۆن دەکرێت پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی تەندروست و ناتەندروست. ئەمەی ئەمڕۆ لە هەرێم دەگوزەرێت هەموومان دەبێت بەشی ئەوە ئاشنابووین کە ئۆپۆزسیۆنی ئێمە دەچێتە کام خانە، تەندروست یان نا تەندروست بۆیە پۆڵێنکردنەکەی بۆ ئێوەی خوێنەر بەجێدەهێڵم. من لە پایی ئەم دوو خانەیە پۆڵێنێکیتر بۆ ئۆپۆزسیۆنی کوردستان زیاددەکەم کە بریتیە لە ئەنارچیزم. ئەنارچیزم ڕێبازێکە کە هەموو شتێکی دەسەڵات رەتدەکاتەوە دەتوانم بڵێم فۆبیا و نەخۆشی دەسەڵاتی هەیە. هەندێک جاریش وەک مناڵێکی ساوا دەیبینم کە بە هیچ شتێک قایلنیە.
وەک ئاشکرایە دوایی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەتوانم بڵێم تاڕادەیەک شکەستهێنانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەهۆی نەهێنانی دەنگی پێویست هەڵسان بە تانەدان لە ئەنجامەکان و سکاڵایان تۆمارکرد لە ئاستی دوەڵی و هەرێمی ئیتر ئەوەبوو بڕیاردرا بە بەدەست ئەژمارکردنەوەی سەدا دەی دەنگەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە راست و دروستی ئەنجامەکان. دوای بژاردنەوەی ڕێژە سەدیەی دەنگەکان بینیمان ئەنجامەکان هاوتابوون کەچی هێشتاش هەر بەردەوامن لە رەتکردنەوەی ئەنجامەکان و وەک ئاشکرایە بەنیازن سکاڵا لە ڵای قونسول و بالوێزی وڵاتان تۆماربکەن. لێردا من دڵنیام مەبەستی ئەوان جگە لە ناشرینکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان شتێکیتر نی یە. ئەم چۆنیەتی مامەلەکردنەی ئۆپۆزسیۆنیش بە ئامانجی ناشرینکردنی پێگەی هەرێم جگە لە ناشرینکردنی پێگەی خۆیان بەتایبەت لەلایی هاوڵاتیانی هەرێم ئەنجامێکیتری نابێت.
من ناڵێم دەسەڵاتی هەرێمیش هێندە بێباک نیە، هەڵەی زۆری هەیە، بارودۆخی خەڵک لەمە خراپترنابێت، زۆرینەی سێکتەرەکانی ژیان ئیفلیجکراوون بۆیە دەبێت دەسەڵاتیش پێداچوونەوەیەکی جدی بە بەرنامەی کار و پڕۆسێجەر و ستراتیژیەتەکانی بکاتەوە بەڵام ناکرێت ئۆپۆزسیۆن بە شێوازێکی ئەنارچیزم ئاسا هەموو شتێک یەکسانبکات بە سفر، من زۆر جاریش باسمکردووە و ووتومە ئێمە ئەگەر لە هیچ شتێکیش سەرکەوتوونەبووبین بەڵام سوپاس بۆ خودا لە ڕووی دابینکردنی سیکیوریتی و ئەمن و ئاسایش لە لوتکەین ئەمەش بە بەهێزترین ڕاگری هەر نەتەوەیەک دادەنرێت. وەک هەرێمێک ماوینەتەوە بەڵام سەربەخۆیمان بۆتە دیفاکتۆ بەهۆی سەربەخۆ مامەڵەکردنی هەرێم و لەهەمانکاتدا لە ڕووی پرۆتۆکۆلی جیهانیش وەک وڵاتێکی سەربەخۆ مامەلەمان لەگەڵ دەکرێت. ئێوە وەک ئۆپۆزسیۆن ئەگەر خەمتان خەمی هاوڵاتیانی هەرێمە دەبێت بە سپی بڵێن سپی بە رەشیش بڵین رەش تۆ ناکرێت رەش و سپی تێکەڵبکەیت و بڵێت هەردەبێت رەنگی رەش بەرهەمبهێنرێت. ئەمە لە ڕووی زانستیشەوە دروست نیە چونکە تۆ ڕەش و سپی تێکەڵ بکەیت هێچ نەبێت ڕەنگکەکەی دەبێت بە خوڵەمێشی (سلڤەر). ئەم دەستەواژە شێوە هاوکێشەیە نەک هەر بۆ ئۆپۆزسیۆن بەڵکو بۆ دەسەڵاتیش هەر دروستە چونکە ئۆپۆزیسیۆنیش شتی باشی بەردەکەوێت.
دوا وتەم ئەوەیە هێوادارم چ دەسەڵات چ ئۆپۆزسیۆن بتوانن دلسۆزانە کار لەسەر پاراستنی وڵات و بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان بکەن، چیتر یاری بە مافی هاوڵاتیان نەکەن بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی. هەوڵبدەن هەردوو ڵایەن چ ئۆپۆزسیۆن چ دەسەڵات هاوڕابن لەسەر هەر شتێک کە خزمەت بە گەڵ و نیشتیمان بکات ئەگەریش لە هەندێک کەیس هاوڕانەبوون و ناکۆکبوون با هەوڵنەدرێت کێشەکان بگوازرێنەوە دەرەوەی هەرێم بەمەبەستی ناشرینکردنی ئەزموونی کوردستان چونکە کاری لەم جۆرە درزدەخاتە نێو ماڵی کورد ئەمەش وادەکات دوژمنانی ئێمە لە هەر ساتێک بیانەوێت پەنجەی ژەهراوی بخەنە نێو برینەکانمان، با کار لەسەر ئەمە بکەین کە خۆمان کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەرگیز ڕیگە بەڵایەنی سێهەم (دوژمنانی کورد) نەدەین ببن بە ناوبژیوانی ئێمە بە پێچەوانەوە کێشەکان قوڵتردەبنەوە نەک بگەن بە چارەسەر. ئیتر ئیتر ئێمەی هاوڵاتی ئۆپۆزسیۆنی تەندروستمان دەوێت نەک ئەنارچیزیەت.
Top