تەجروبە و شێوەی بیرکردنەوە

تەجروبە  و شێوەی بیرکردنەوە
دەربرینی را وبۆچوون لە دنیای ئێستا دا وەک مافێکی لێھاتووە ، کە دەلەین وەک ماف ، بۆ ئەوەیە کە ھەر داخوازییەک ئەگەر نەتوانی لە مەحکەمەدا داوای لەسەر بکەینەوە نابێتە ماف. ئەمەیان یەک لە پێناسەکانی مافە لە واقێعی ژیاندا. دابینکردنی چیگا لە زانکۆدا بۆ خۆیندکار ماف نییە ، ئەگەر چیگات نەبوو ناتوانی بچیتە مەحکەمە و سکایەت بکەی بەلام ھەلس و کەوتی وەک یەک لە وەرگرتنی خۆیندکار لە زانکۆدا مافە دەتوانی دواوی لە دژی بکەینتەوە. دەربرینی راو بۆچوون وەک مافی لێھاتووە لەبەر ئەوە کە ئەگەر پێشی پێگیرا بە لانی کەمەوە لێکەوتەی دەبێتە ئەوە کە ھاوولاتی کە راو بۆچوونی لێ قەدەغە کرا دەتوانێ لە ھڵبژاردنەکاندا دەنگت نەداتێ.
لە فەرھەنگی ژیان وخەباتی رزگاریی میللەتاندا پێشوازی کراوە لە مافی دەربرینی را و بۆچوون ھەم لە سەر بنەمای سیاسەت کردن و ھەمیش وەک راگەیاندنی ئایدیئۆلۆژیدا.بۆیە لە کۆمەلگای کوردستاندا دەتوانین بە جورئەتەوە بلەین کە ئەم ئەسلە لە بیریی گشتیدا جێگیر بووە کە ھاوولاتی ھەم مافی ھەیە کە رای ھەبێ ھەمیش دەبێ مافی ھەبێ تا رای خۆی دەرببرێ، جا ئەوە چۆن لە کردەوەدا پیادە دەکرێ و مێکانیزمەکانی چین باسێکی جیددیی ترە.
بەلام لێرەدا بەردەوام تێکە کردنەوەیەکی جیددی لە ئارادیە ئەویش تێکەل کردنی مافی رای دەربرینە لە گەل دەخالەت لە داریشتنی سیاسەتدا. ئەم دوو دیاردە و چەمکە پێویستە لە یەکتر جیا بکرێنەوە. بۆ داریشتنی سیاسەت پێویستی بە زۆر مالتریال و مادە و زانیاریی و زانست و بەشدارییلایەنەکانی پێوەندیدارھەیە کە گشت ئەمانە لە بەردەستی ھەموو ھاوولاتیاندا نییە بۆیەشە ئەم کارە کاری نوخبەی باشی سیاسی و عێلمییە کە بتوانن پرۆسەی داریشتنی بریار ئیدارە بکەن.
روون نەبوون لە سەر ئەوە کە بۆ دەخالەت لە داریشتنی سیاسەتدا پێویستیمان بە زۆر زانیاریی و زانست و تەجروبە ھەیە، لە زۆرێک لە مەیدانەکانی ژیانی ئیدارەی ولاتدا خۆیان بە خەراپی دەردەخەن.
نموونە ، کاری ژۆرنالیستەکانی ئێمە ، کارێکی زۆر گرینگە لەبەر ئەو کارتێکەرییە کە ھەیانە لە سەر بیری گشتی خەلکدا، بۆیە دەبێ زۆر ھەستیار بن، کۆدی بە جێ گەیاندنی کارەکانیان وا دابرێژن کە بتوانن ببنە فاکتۆری خەیر و نەک بە پێچەوانەوە .
ئەگەر ژۆرنالیست جیاوازی نێوان سیستمی فێدرالی و سیستمی سیاسی زۆرینە نەزانێ ناتوانی ببێتە ھەوالنێر یان مۆفەسرێکی سیاسی باش.
ئەگەر ژۆرنالیست نەزانی کە ولاتانی دێمۆکراسی پیشەسازیی، موناقیشاتی تایبەت بە خۆیان ھەیە و لێوێدا ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن و ئەحزابی حاکم پێناسە کراوە و لە سەر ئەم بنەمایەش کار و دیباتی رۆژانەی خۆیان بەرێوە دەبەن، دەتوانێ تووشی ھەلە بێ و نەقلی قسەکانی لایەنێک بکات وەک راستی و زانستی و ھتد و عاجز دەبێ لەوە کە مەودایەک لە نێوان خۆی و لایەنەکانی مووناقیشاتی ئەم ولاتانەدا بپارێزێت. نموونەی ھەرە دیار لەم پێوەندییەدا چۆنایەتی گواستنەوەی موناقیشاتی نێو خۆی ئامریکا و لایەنە جیاوازەکانی سیاسەتە لە ئامریکادا.یان ئەگەر نەزانین کە پێوەندی ئەوروپا و ئامریکا لە شەری یەکەم و دووھەمەوە ھەتا ئەم رۆژ چۆن گەشەی کردوە و ئێستا لە چ قۆناغێکی گۆرانکارییدایە، نابێ خۆمان لە مووناقیشاتی ئەوان بدەین.
لە مەیدانی مووناقیشاتی ئازادی ژن لە کۆمەلگای کوردستانیشدا حالمان لەوە باشتر نییە، جگە لە چەند شیعاران ھیچ بەرچاوروونییەک نییە لە سەر چۆنییەتی پرۆسەی مێژوویی ئازاد کردنی ووزە وتوانای ژن لە سیاسەت و ئابوورییدا.
ھەروەھا لە مووناقیشاتی ریفۆرمی دینییدا ، کۆمەلگای کوردیی گاگۆلە دەکات . پرۆسەی کۆ کردنەوەی سەرمایە لە چەند سالی رابردووشدا و ئەو جۆرە لە سوسیال مۆبیلیتی/ گۆڕانی پێگەی کۆمەلایەتی/ وەک لێکەوتەیەکی ئەو پرۆسەیە، یارمەتیدەر نەبووە لەوە دا کە ھێز تەرخان بکرێت بۆ شی کردنەوەی پێوەندیی گەشەی تووندرەویی نائینسانی دینی لەگەل دامەزراندنی بروکراسی مۆدێرنی حکومەتێکی ولامدەر کە ھیچ بۆشاییەک لە نێوان ھاوولاتی و دەولەت دا نەمێنی تاکوو ھێزی کۆنەپەرەست و مۆخەرێب کەلکی لێ وەرگرن نموونەی حەماس لە نێو فەلستینیەکاندا.
گەشەی زۆرێک لە گرفتە کۆمەلایەتییەکان پێوەندی بە گەشەی ژیانی شارییەوە ھەیە ، پلانی فیزیکی شارەکانمان بابەتێکی گرینگە لەم پێوەندییەدا، شارەکان بۆ ئۆتۆمۆبیل ساز کراون داخوا ئەمە دروستە ؟بەشی جیاوازی شار لە یەکتر جیا دەکرێتەوە داخوا ئەمە راستە؟ فەزای گشتی شارەکان، چەندە گۆنجاوە بۆ جوولەی رۆژانەی ژن؟ لەبەر زۆر ھۆکاری تر دراسەی پلانی شارەکان گرینگن.
خۆێندەوارەکانمان فریای ئەوە نەکەوتوونە کە ئەدەبییاتی مۆدێرن بە باشی دراسە بکەن تاکوو ھەر کەسە لە بواریی خۆیدا بتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ داریشتنی ژیانی سیاسی و ئابووریی کوردستان، دەلەن ئەوەی بلێت دوکتور نیم زەرەری زۆر کەمترە لەدوکتورێک کە کەم زان بێت، دیقەت لە نووسینی خاوەن بیرانی سەدی نۆزدە و بیست کە لە لای ئێمە زۆر باون باسیان بکەین ، چەندە یە و چۆنە؟ چەندە خۆمان ماندوو دەکەین کە بزانین لە دەورانی گەنجی دا چۆن باسی بابەتێکیان کردوە و چۆن لە دەورانی بلۆغی خۆیاندا بۆچوونی خۆیان یان راست کردۆتەوە یان کاملتریان کردوە ؟ چەندە خۆمان ماندوو دەکەین تاکوو بزانی کە ئەم بیرمەندانە یەک لە دوای یەک مێژووی کامل بوونی مەنتیق وبیری رۆژئاوان و لە یەک گرێدروان؟
لاوازیی پێرسپێکتیڤی مێژوویی و زیاتر لەوەش لاوازیی دراساتی بەرئاوردی وا دەکات کە دنیای بیرکردنەوەمان لە ئانالیزدا سنووردار بێت بە چەند سەرچاوە و لە رووی ئێمپریک و مەیدانییەوە تەنیا کوردستان مەیدانی تەجروبیی ئێمە بێت. ئەوە وامان لێ دەکات کە لە ئانالیز و شیکردنەوەدا زوو بگەینە نەتیجە و زۆر جاران نەتیجەی ھەلە و دەرکردنی حکمی ھەلە لە سەر ولاتی خۆماندا.
ئەم دیاردەیە نێگاتیڤە و ئەم لاوازیی مێژوویی زانستە لە کۆمەلگای کوردییدا، وا لە خۆێندەواری کورد دەکات کە لە دوای خۆێندن و فێر بوون و تێگەیشتنی نیسبی خۆی ھەنگاوی یەکەمی بریتی بێت لە خۆ جیا کردنەوەی لە زۆر دیاردەی دواکەوتووی کۆمەلگای خۆی و بە گشتی لە کۆمەلگای خۆی و بەم جۆرە پێگەی بیر و ھزری خۆی رابگەینێت. نەتیجە دەبێتە تێز و تیئۆری سەرتاپا نێگاتیڤ و کووتان لە سەر کورد و کوردستان. ئەم رەوت و رێبازە ھیچ مەجالێک ناھێلێت کە خۆێندەوار بەننا و سازەندە بێت، پۆزتیڤ بیر بکاتەوە ، کۆنکرێت بیر بکاتەوە و ھەنگاوەکانیشی پۆزیتیڤ و کۆنکرێت وبەننا بن. بەم جۆرە پراکتیکەوە مەجال بۆ خۆمان نارەخسێنین کە گرفتەکان بە راست و دروستی لە شۆێنی مێژوویی، کۆمەلایەتی خۆیاندا ببینین ولەدوای چارەسەردا بین. ئەگەر ھاتوو ئەم جۆرە تاکانە کە ناتوانن بەننا بن ،خۆیان ئۆرگانیزە کرد و رێکخست لە کۆمەلەیک یان سێندیکایک یان حزب و ئۆپۆزیسیۆنێکدا زەرەریان بۆ کەمەلگا زیاتر دەبێت و ناتوانن ببنە ھێزێکی بەننا و سازەندە.
باس لە کەمایەسییەکان باسە لە خۆناسین و بینینی لاوازییە مێژووییەکانی خۆمان و تێکۆشان بۆ دیتنەوەی چارەسەر.
سالی ٢٠١٤-٢٠١٧ بۆ ئێمەی کورد گرینگ بوو زانیمان کە دەستکەوت دەتوانێ لە دەست بچێت، زانیمان کە تووشی قەیران دەتوانین ببین، زانیمان کە ئیدارەی ئابووریی و سیاسەت ئاسان نییە، زانیمان کە پێداگری لەسەر مافی خۆمان گرینگە، زانیمان کە دەبێ ستراتڕیمان ھەبێ و ستراتێژیش بە نەھێنی بوونی نابێت دەبێ رابگەیندرێت.
لەھەمووی گرینگتر زانیمان کە دەتوانین قەیران تێپەرێنین. بۆ سەرکەوتنی زیاتر پێویستە زیاتر کورد بین، زیاتر لە سەر ولاتی خۆمان وورد بینەوە و زیاتر خۆمان ماندوو کەین زیاتر یەکەتی نێو خۆمان لە پێناو ستراتێژییەکەماندا پتەوتر بکەین.مەرجی سەرکەوتن لەم ئەرکانەدا تەوازۆعەمەرجی سەرکەوتنە کە بتوانین بلەین نازانین دەبێ وەدوای بکەوین و تێبگەین و پرسەکانمان چارەسەر بکەین. دیالۆگی کراوە رێگایەکی باشە بۆ ئەم مەبەستە.
حوسێن کوردنەژاد
٢٠١٨-٠٧-٢٩

Top