شەری رزگاریی، کلیکی سەرکەوتن

شەری رزگاریی، کلیکی سەرکەوتن
میللەتان بۆ رزگاریی خۆیان شەر دەکەن، یان شەری سارد، یان شەری گەرم یان هەر دوویان. بەلام بۆ چوونە ناو شەر دەبێ حەساباتی روون هەبێ. شەر بە بێ هاوپەیمان سەرناکەوێ، شەر بە بێ هێزی نێو خۆیی سەرناکەوی.
بەر لەوە کە مووناقیشەکە بەردەوام کەین با چاو لە تەجروبەیەک بکەینەوە بۆ ئاسانتر کردنی ئەم بابەتە. پرۆفێسۆر ئێریک زۆرجێر مامۆستای دراساتی تورکی لە زانکۆی لیدێن لە ٢٠١٤دا باسی مەرگی ئێمپراتۆری عۆسمانی لە شەری یەکەمی جیهانی دا دەکات.
/خواستی شەرلە ١٩١٤ لە پایتەختەکانی ئەوروپادا زۆر خواستێکی خەلکی بووە ، ئەم دیاردەیە وەک دیاردەیەکی میدیل کلاسی شاریی کە هەڵگری ناسیونالیزم بووە پێناسە دەکرێ. لە عوسمانیدا بارو دۆخ بە شێوەیەکی تر بووە، لە ١٩١١/١٢ دا عۆسمانی شەری لەگەل ئیتالیادا کرد و دۆراندنی لە ١٩٢دا شەری بالکانی کرد و دۆراندنی لە ١٩١٤دا نەخۆشی کۆلۆرا ی بەربلاو ، و برسییایەتی و ژمارەیەکی زۆری پەنابەری نێو خۆیی، شەری بالکان بوونیان هەبوو و گشت ئەم خالانە وایان دەکرد کە خواستی جەماوەریی بۆ شەر لەو کۆمەلگا کشت وکالییەدا بوونی نەبێ یان زۆر لاواز بێ.
یەک لە لایەنە گرینگەکانی شەر پیشەسازیی بوونی شەری مۆدێرنە، لەم روویەوە هەر لە دەستپێکەوە دیار بوو کە عۆسمانی توانای ئەم شەرەی نابێت. لەم جۆرە شەرانەدا بەرهەمهێنانی چەک ، چەکدار کردنی هێزی شەر،دابینکردنی دەرمان ، گواستنەوە و ترانسپۆرتی هێز و پێداویستییەکان، گشتیان پێویستیان بەوەیە کە پیشەسازییەکی باش لە ولاتدا بوونی هەبێ تاکوو بتوانێ ئەم پێداویستیانە دابین بکات ، بەلام عۆسمانی وەک کۆمەلگایەکی کشت وکالی دەچووە ناو شەرێکی پیشەسازییەوە، شەرێک کە پیشەسازی فاکتۆرێکی بریاردەرە تێدا.
نموونە، بەرهەمهێنانی خەلووز وەک سەرچاوەی ووزە، بەرهەمهێنانی بریتانیا ٣٨١ جار زیاتر بوو لە عۆسمانی یانی ئەوەی عۆسمانی لە سالێکدا بەرهەمی دەهێنا بریتانیا لە کەمتر لە رۆژێکدا بەرهەمی دەهێنا، روسیا بەرهمەی خەلووزی ٢٧ جار زیاتر بوو، بەرهەمهێنانی ئاس ا ئستیل هەر بوونی نەبوو. عۆسمانی هەموو پێداویستییەکانی دەبوایە لە ئالمانیاەوە ئاوردەی کردبا. خالێکی گرینگی تری ئەم جۆرە شەر پرسی گواستنەوەی هێز و چەک و چۆل و پێداویستییەکان بوو لە سەرانسەری ولاتدا ، بۆیە خەتی ئاسن و شەمەنەفەر زۆر گرینگ بوو لەم روویەوە خەتی ئاسنی بریتانیا ٥.٦جار زیاتر لە عۆسمانی بوو و روسیا خەتی ئاسنی ١١ جار زیاتر بوو/.
ئەم ئامارو ووردە کارییانە لە مۆحازرەی پرۆفێسۆر زۆرچێر روناکی دەخەنە سەر ووردتر بیر کردنەوە لە سەر بابەتی شەر، هەل ومەرجی شەر و حەساباتی سەرکەوتن لە شەر دا بە تایبەت شەری رزگاریی کە بۆ کورد لە ئارادایە.
دووخال لەم باسە بۆ ئێمە گرینگە ، یەک بە هێز بوونی ناوخۆیی کە دەبێ تەفسیر بکرێت و لایەنی جیاوازی روون بکرێتەوە و هەر بەشە ببێتە بنەمای سیاسەت داریشتنمان دووهەم حەساباتی توانای تێکنیکی و رادەی گەشەی ولات بە گشتی .
کە ئێمە فرسەت وەدەست دێنین بۆ خۆ پیشخستن لەم بوارانەدا دەبینین کە دنیا لەسەرمان راناوستێ و رووداوەکان و هێرشەکانی ناحەزان مەجالمان نادەنێ و هەر بەردەوامن، لەم روویانەوە کە باسمان لێوە کردن لاوازین.
خالی بە هێزی ئێمە
دێمۆگرافی کوردستان، رەوت و ناورۆکی گەشەی ئەم دێمۆگرافییە بە قازانجی حەرەکەی رزگاریی کوردە ، بۆیە مۆبیلیزەکردنی ئەم هێزە گەنج و خۆیندوار و شارییە پێویستە ببێتە ئاجێندایەکی سیاسەتمان بە رێگای بەشداریی پێکردنیان و وەگەرخستنەوەی ئابوورییەکی زیندوو. بۆ سەرکەوتن لەم رەوتەدا پێویستە پرۆسەی سەردەستی کۆمەلگای کوردستان/ کۆ کردنەوەی سەرمایە و دەستەلات/ بخرێتە ناو چوار چێوەیەکی یاساییەوە و رێگا بۆ دابینکردنی عەدالەتی کۆمەلایەتی بکرێتەوە. ئەمە لە ناو خۆدا بە هێزمان دەکات.
ستراکچری دارێژراوی ژیئۆپۆلیتیکی ناوچە درزی تێکەوتووە و ناعەزان زۆر لە جاران لاوازتر بوونە و کورد لە هەموو بەشەکانی ولاتی خۆیدا وەجوولەی بە هێز کەوتووە، هەر چەندە جارێ زۆرمان ماوە. بەلام رەوتی بالانسی هێز لە ژیئۆپۆلیتیکی ناوچەدا بە قازانجی ئێمە شکاوەتەوە.
هاوشان لەگەل ئەم هەول و خەباتی نێو خۆییە کە باسمان لێوە کرد، خالی هەرە گرینگی سەرکەوتوو بوونمان بریتییە لە هاوپەیمانی، کە بتوانێ کەمایەسییە مێژووییەکانی ئێمە لە شەری رزگارییەدا بۆمان جوبران بکاتەوە، ئەم هاوپەیمانییە بە تایبەت لە کەیسی میللەتی وەک ئێمەدا هەم چارەنووس سازە و هەمیش بریاردەرە.نابێ لە سازکردنی ئەو هاوپەیماننیە و پیشخستنی سڵ کەینەوەو موحافیزەکار بین دەنا زەرەر دەکەین. ئەم هاوپەیمانییە هاوشان لەگەل کارو تێکۆشانی مۆدێرنی نێوخۆیی خۆمان، گشت کەمایەسییەکانی ستراکچرالی مێژوویی کۆمەلگای کوردیمان بۆ جوبران دەکەن. چەندە هێزی خۆمان گرینگە ئەوەندەش هاوپەیمانی بۆ سەرکەوتن و رزگاریی ئێمە بە شێوەی ستراتێژیک گرینگە.
Top