مانگی رەمەزان مانگی رێزگرتن لەیەكتر

مانگی رەمەزان مانگی رێزگرتن لەیەكتر

مانگی رەمەزانی پیرۆز ئەو مانگە پیرۆزەیە لە ئایینی ئیسلامدا كە وەك فەرزێك هەموو ساڵێك دەبێت موسڵمان تێیدا بەڕۆژوو بێت، لە كاتێكی دیاریكراودا، بە مەرجی خۆی كە لە ئایەتی ١٨٣ سوورەتی «البقرة» خوای میهربان لە قورئانی پیرۆز باسی كردووە.
فەرموودەكانی حەزرەتی پێغەمبەر د.خ، بە تەواوی سەرجەم ئەحكامەكانی لە دەیان فەرموودەدا باسی كردووە و لە سەرجەم كتێبە شەرعییەكاندا لە هەر چوار مەزهەبە موعتەبەرەكەی ئیسلامدا دەرگایەكی فیقهی هەیە بە ناوی پەرتووكی رۆژوو كە باسی بابەتی رۆژوو بە وردەكارییەكانیەوە دەكات.
رۆژوو تەنیا بە قەدەغەكردنی خواردن و خواردنەوە ئەنجام نادرێت، بەڵكو بە رێزگرتنە لە كەسانی تر و خۆپاراستنی زوبان و بەتایبەت كۆئەندامەكانی ترە لە ئەنجامنەدانی بەدرەوشتی.
دەقەكانی ئیسلام وا دەڵێن كە جاری وا هەیە، رۆژووگر تەنیا برسێتی و توونێتی بۆ دەمێنێتەوە. كە پرسیار كرا لە پێغەمبەر د.خ، چۆن وا بە سەر ئەو رۆژووگرەدا دێ؟ لە وڵامدا فەرمووی: ئەو كەسە لەگەڵ ئەوەی كە نان و ئاوی لە خۆی قەدەغە كردووە، بەڵام دەم بە جنێوە بە كەسێك و قسەی نەشیاو بە كەسێكی تر دەڵێت، بوختان بۆ كەسێك هەڵدەبەستێت، یان دەستی لە خوێنی كەسانی تردا دەبێت.
شیكردنەوەی ئەم فەرموودەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە دەبێت بەرامبەرمان بپارێزین و ئازاری دڵی نەدەین و كەسایەتی كەسی دیكە بپارێزین و نەفسی نەخەینە مەترسییەوە.
بابەتێكی دیكە كە دەبێت مانگی رەمەزان فێرمان بكات، بۆ رێزگرتن لە یەكتر، وازهێنانە لە پرسیاركردن لە كەسانی تر، كە بەڕۆژووی، یان نا؟ وارد نەبووە لەلای پێغەمبەر د.خ، یان لە سەلەفی ساڵحی ئەم ئۆممەتە، كە كەس حەقی بە رۆژووبوون، یان رۆژوونەبوونی یەكترەوە هەبووبێت، چونكە یەكێ لە گەورە حیكمەتەكانی رۆژووگرتن ئەوەیە كە بە نهێنی بێت لە نێوان خۆت و خوداوەندی گەورەدا .
وانەیەكی زۆر گرنگیتر لە رەمەزاندا، ئەوەیە كە رێز لە یەكتر بگرین و هەروەها رێز لە بیروباوەڕی شوێنكەوتووانی ئایینەكانی دیكە بگرین. واتە چۆن منی موسڵمان پێم خۆشە كەسێكی غەیرە موسڵمان رێز لە مانگی پیرۆزی رەمەزان بگرێت، ئاوهاش ئەوانیش پێیان خۆشە تۆی موسڵمان رێز لە پەرستن و مەعبوودات و جەژن و بۆنەكانی ئەوان بگریت.
لەم مانگەدا تۆی موسڵمان لە قوتابخانەی رەمەزان دەبێت فێری رێزگرتن بیت لە كەسانی دیكە و رێزی هەژارو كەمدەرامەت بگریت بە پێشكەشكردنی هاوكاری و خەندە خستنە سەر لێوەكان و رێزگرتن لە كابانی ماڵەكەت كە بێ مننەت و پرت و بۆڵە لە خزمەتی تۆدایە بۆ ئامادەكردنی سفرە و خوانی ماڵەكەت، بۆیە دەبێت رێز لە هیلاكی و ماندووبوونی بگریت، ئەمەش گەورەترین رێزە لە خودی خۆت وەك تاك.
وانەیەكی دیكەی مانگی رەمەزان كە دەبێت فێڕی بین، رێزگرتنە لە وەزیفە و كاری رۆژانەی خۆت، واتە نابێت رۆژووبوون ببێتە بیانووی تووڕەبوون و بەڕێنەكردنی كار خەڵك و بێتاقەتی و لاوازی لە كارەكانماندا.
وانەی زۆر هەن لە مانگی رەمەزان ئەگەر كەسێك بیەوێت فێری ببێت، ئەگەر دڵەكانمان خاوێن بكەینەوە و نییەتی باش و دروستمان بەرامبەر بە یەكتر هەبێت.

Top