پارتی جیاواز دەركەوت و جێگەی دەستخۆشییە

پارتی جیاواز دەركەوت و جێگەی دەستخۆشییە
كاتێك لە هەلبژاردنەكان نزیك دەبینەوە، خەڵك ترسیان لێدەنیشێت و پشوویان تەنگ دەبێت و خوا خوایانە زوو كۆتاییان پێ‌ بێت، چونكە شەڕە پەڕۆ و یەكتر شكاندن و سروود و دروشمی سەیر و سەمەرە دەبینین و دەبیستین كە بۆنی خوێنیان لێدێت. لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا بانگەشەیەكی هێمن و لەسەرخۆ دەستپێدەكات و خەڵك بێزار نابن، لێ‌ لە كوردستان خەڵك ئەوەندە قەلس و بێزار دەبێت، زۆرێك لە هاووڵاتییان لە رقی بانگەشە دەنگ نادەن و بەشێكیش لە شارەكان و گوندەكان دوور دەكەونەوە تاكوو هەڵیژاردن كۆتایی دێت، بەڵام ئەمجار پارتی جیاواز دەركەوت و سەڵماندی كە حزبێكی مۆدێڕنە و لە جیاتی دروشم و لێدوان و قسەی بریقەدار، كردار دەكاتە پێوەر و، ئەمەش سوپرایز بوو و پێموایە یەكەم حزبە لە ناوچەكە بەم شێوازە دەردەكەوێت، نە شەڕە پەڕۆ و نە تیتەتیتی ئۆتۆمبێل و نە شەقام داخستن و خەڵك بێزار كردن، نە كەرنەڤاڵی بێزاركەر و نە هاژەهاژی بێمانا. زۆربەی كاندید و حزب و لایەنە سیاسییەكان، هاووڵاتییان و تەنانەت ولاتانی ناوچەكەش چاویان بڕیبووە پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، لێ‌ پارتی قسەی خۆی و دڵی خەڵكی كرد. زۆرێك لە هاووڵاتییان پێیانوابوو پارتی سارد و سڕییەكی پێیەوە دیارە و دەترسێ كورسیی زیاتر لە دەستبدات یان هیچ ئۆمێدێكی بە مەسەلەی قەومییەت نەماوە، رێك پێچەوانەوە، پارتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی رایسپاردووە بۆ سەرپەرستی كردنی ئەم هەڵبژردنە و زۆرترین هەوڵدەدات بۆ چۆنی خەڵك بۆ دەنگدان، جا چ بۆ پارتی بێت یان هەر لیستێكی دیكە، گرنگ كورد بەهێزێكی زۆرترەوە بەشداری هەڵبژاردن بكات و بەهێزترەوە بچێتەوە بەغدا. خوێندنەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جێی خۆیدا بوو بۆ بارودۆخەكە و پێیوایە كە دەبێت بە هەولی دیموكراسی و زمانی دیالۆگ و دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن و پێویستە كورد خۆی لە بەغدا نزیك بكاتەوە، بەتایبەتی حكومەتی هەرێم، چونكە تێگەیشتنێكی زیاتر دەبێت و كێشەكانیش ئاسانتر و زووتر چارەسەر دەكرێن، نەخاسمە سەرۆكوەزیران بە ئۆمێدەوە دەڕوانێتە ئایندەی هەرێمی كوردستان. گەشبینی سەرۆكوەزیران بۆ ئایندەی كوردستان، ئۆمێدی بۆ هاووڵاتییان گەڕاندووتەوە و ئەمجارەش كە پارتی لە سەركەوتنی دڵنیایە، هەر بەهۆی سەرپەرشتی كردنی بەرێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانییە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێراق.
هاووڵاتییان كردار دەكەنە پێوەر بۆ دەنگدان و پارتیش خاوەنی زۆرترین سەروەریی و دەستكەوتیی نەتەوەییە و هەر بە لیستی یەكەم لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەمێنەتەوە.
Top