ئەم پرۆسەیە ڕابگرن!
April 16, 2018
وتار و بیروڕا
حزبەکان لە تەسفیە حسابی خۆیاندا باشترین شت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریان هێنابێت گەوجاندنی ئەم نەوەیە بوو، وە جوانکردنی سیمای دووژمن ،حوکمەتی هەرێم کە تاکە دەسەڵاتی خۆ جێی و دانپیانراوی هەموو کوردە لە جیهاندا لەبەر چاوی ئەم نەوەیە وا دانراوە کە لایقی ڕووخاندنە، ئەی دوای ئەوە چی؟گریمان حوکمەتی هەرێم ڕووخا و نەما ئەی دواتر چی دەبێت؟
گەرچی هەرێمی کوردستان توشی قەیرانێکی سەخت بوو بەڵام بە هەموو پێوەرەکان هێشتا ئەم حوکمەتە زۆر سەرکەوتوو ترە لە لە حوکمەتی عێراق کە لە لای چینی گەنجان کراوە بە (لاس ڤێگاس)هەموو شارەکانی عێراق هێندەی یەک قەزا لە کوردستان خزمەت گوزاری تێدا نیە،هەموو بەسرە و کوت و عمارە هێندەی هەولێر شەقامی تێدا قیرتاو نیە، لە ڕووی ئاسایش و ئارامیشەوە کوردستان نەک لە عێراق بگرە لە تورکیا و ئێران و سوریاش ئارام و بێ کێشە ترە، ئازادی تێدا سنورەکانی بەزاندوە، (کە ئەمەیان بە باش نازانم)لە هیچ وڵاتێک ناتواندرێ دەست بۆ ئەمنی قەومی ببردرێ،بەڵام لێرە زۆر ئاساییە، کودەتای سپی دەبینین و کەسیش لەگوڵ کاڵتریان پێ ناڵێ.
حزبە موزایەدە چیەکان هەر لە حەڤدەی شوباتەوە تا ئێستا بۆ گەورەکردنی پێگەی جەماوەریان دەستیان داوتە گەوجاندنی چینی گەنجی کۆمەڵکای کوردی، ئەویش تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە، بۆ نمونە ئەگەر حوکمەتی هەرێم لەهەوڵەکانی لە ئابوری سەربەخۆ بەردەوام بێت ئەوا دەڵێن(کوردستان بە کەڵکی ئابوری سەربەخۆ نایات و توشی کارەسات دەبین)ئەگەریش لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتنی هاوبەش )دەڵێن:ئەها نەمانگوت ئەمانە بەکەڵکی ئابوری سەربەخۆ نایەن و دەچنەوە باوشی بەغدا؟
لەوە سەیرتر فەرهەنگێکیان درووست کردووە کە هەر پەرلەمانتارێکیان زیاتر دژی هەرێمی کوردستان لێدوان بدات دەبێت بەپاڵەوان، تا کار گەیشتە ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانیان لە سەر لیستە دژە کوردە عەرەبیەکان خۆیان کاندید بکەن و بەلای ئەو نەوە تازە پێگەیشتوەوە حاڵەتێکی ئاسایی بێت، ئاخر ئەمە ئەگەر گەوجاندن نەبێت چ ناوێکی لێ دەنرێ؟