هه‌ڵاوێرێكی مێژووی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان

هه‌ڵاوێرێكی مێژووی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان
هه‌ڵاوێرێكی مێژووی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان...ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌،چه‌ندله‌قۆناغی خزمه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی وكوردستانه‌؟


خۆپیشاندان برییتیه‌ له‌ چالاكیه‌كی مه‌ده‌نی دیموكراسیانه‌ له‌ چوار چێوه‌ی ڕێكاری یاسایی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بۆ داكۆكی له‌ مافه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كان،به‌پێ ی چه‌ندین بڕگه‌و ماده‌كانی جارنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ هاولاتیان مافی خۆیانه‌ داوای ماف و به‌رگری له‌ داواكاری خۆیان بكه‌ن،له‌ هه‌رێمی كوردستان خۆپیشاندانه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كان،به‌ ڕاده‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌چووینه‌،به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ بزانین خۆپیشاندان ته‌نها ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام و یان بایكۆت و مان گرتن نییه‌!،به‌ڵكو چه‌ندین بنه‌ما و هۆكار و ئامانج گشتی و تایبه‌تی هه‌یه‌،تاكو ئه‌و په‌یامه‌ی خۆپیشاندان له‌ پێناوی چالاكی ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ پێشكه‌ش بكرێ، وه‌ڵامێكی ئاشتی خوازانه‌ش وه‌ده‌ست بێنێت،له‌ هه‌رێمی كوردستان خۆپیشاندان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت یان تایبه‌تی ،جیاوازه‌ له‌و شێوه‌ خۆپیشاندانانه‌ی له‌ ولاتێكی پێشكه‌وتووی سیاسی ساز ده‌كرێ،یان زۆر جیاوازه‌ له‌و وڵات و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بیر و ڕای تێدا ئازاد نییه‌ و به‌ ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك و خۆپیشانده‌ران ده‌ده‌نه‌وه‌،كه‌واته‌ بۆ زیاتر ڕوون بوونه‌وه‌ی یان هه‌ڵسه‌نگاندنێكی گشتی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان و ڕۆڵی پارتیمان له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ خواره‌وه‌ باس له‌ جۆر و تایبه‌تمه‌ندی و ناوه‌ڕۆك و ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌كانی ده‌كه‌ین.

گرفته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی به‌رده‌م خۆپیشاندان:

هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ درێژایی مێژوویه‌كی درێژ له‌ ژێر ده‌ستی دوژمنان سه‌ركوت كراوه‌ و ماف و خواسته‌كانی پێشێلكراوه‌ ، ده‌رفه‌تی هۆشیاری سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراسی كه‌م بووه‌،به‌رده‌وام دووچاری به‌ره‌نگاری و كپ كردن و ڕاگواستن بووه‌ ،له‌و هۆشیارییه‌ مه‌ده‌نییه‌ ڕانه‌هێنراوه‌ به‌ ڕێگایه‌كی ئاشتیانه‌ داوای مافی خۆی بكات،یان ده‌ستی نه‌یارییه‌تی دوژمنان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان نه‌داوه‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌شه‌ به‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی و دیموكراسی و مه‌ده‌نی خۆی بدات،بۆیه‌چه‌ندیین گرفتی سه‌ره‌كی گشتی له‌به‌رده‌م خۆپیشاندانه‌كان هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌:
1-نه‌بوونی هۆشیارییه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ بۆ شێوازی خۆپیشاندان تاكو له‌ فۆڕمه‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆی ده‌رنه‌چێت به‌ره‌و توند و تیژی به‌ڵاڕێدابردن یان جۆرێك له‌ جۆره‌كانی ئاژاوه‌ بسازێ له‌ ئه‌نجام زیانی مرۆیی و مادی به‌دوای خۆی بهێنێ.
2-دڵنیا نه‌بوون له‌ هه‌ڵوێستی دوژمنانی ده‌وروبه‌ر كه‌ به‌ هه‌موویان كار بۆ لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن،بۆیه‌ زۆر لایان ئاسایی و ئاسانه‌ بۆ مه‌رامی خۆیان خۆپیشاندان ساز بكه‌ن،یان ده‌ست بخه‌نه‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و ئاژاوه‌ی ببه‌ن و زیاتی مرۆیی و مادی له‌ هه‌رێمی كوردستان بده‌ن،ئاسایش و ئارامی تێك بده‌ن،به‌تایبه‌تی ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییانه‌ی پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌.
3-سه‌رچاوه‌ و بنه‌ ماكانی زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌كان له‌ ڕای گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵك و یان چین و توێژ و شوێنێك نه‌بووه‌،به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی ساز كردنی سیناریۆیه‌كی سیاسی لایه‌نێك بووه‌ بۆ دژایه‌تی لاوازكردنی لایه‌نه‌كانی تر،ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ڕای گشتی خه‌ڵك ببێته‌ ڕای لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ ئه‌نجام هه‌ر هه‌وڵ و چالاكیه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ ئه‌نجام وه‌ده‌ست نه‌هێنێ،ئاشته‌وایی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پوچه‌ڵ بێت ،شه‌قام و خه‌ڵك ببنه‌ به‌شێك له‌ ململانێ یان ستومه‌نی ناكۆكیه‌ سیاسیه‌كان.

تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆپیشاندان:

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی خۆپیشاندانه‌كان ،گشتی بن یان تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان بن یان هه‌ر وه‌لات و شوێنێكی تر چه‌ند بنه‌مایه‌كی هه‌یه‌ له‌ سازكردن و به‌ڕێوه‌چوون پێویسته‌ له‌به‌رچاو بگیرێن كه‌ بریتین له‌:
1-ڕێپێدراوی یاسایی بێت.
2-كات و شوێن دیاریكراو بێت.
3-به‌ شێوه‌ی ئاشتی خوازانه‌ دوور له‌ توند و تیژی به‌ڕێوه‌بچێت.
4-دروشمه‌كان له‌ چوار چێوه‌ی په‌یامی خۆپیشانده‌ران بن،دووربێت له‌ هه‌موو ناوزڕاندن و ته‌شهیرێكی لابه‌لا.
5-هیچ كه‌رسته‌ و ئامرازێكی توند وتیژی تێدا نه‌بێت كه‌ له‌ ئه‌نجام خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و كرداری زه‌بر و زه‌نگ ببات.
6-په‌یامی خۆپیشانده‌ران بۆ خزمه‌تی به‌ره‌و پێش چوون و پیشگیری به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت.
7-دروشم و ئامانجی خۆپیشانده‌ران زیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌دات.
8-ئامانج و په‌یامی خۆپیشانده‌ران هاوتابێت له‌گه‌ڵ پیشه‌ و ماف و چوارچێوه‌ی كار .

به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ زۆربه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان،ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ پێشێل كراون یان وه‌كو پێویست جێبه‌جێ نه‌كراون،هه‌تا ئه‌و ڕاده‌ی گه‌یشتۆته‌ سه‌ر هه‌ڵدانی شه‌ڕ له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و پۆلیسه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ،یان باره‌گا سوتاندن و شوێنه‌ گشتی حزبیه‌كان،به‌كارهێنانی دروشمی ڕوخێنه‌ر به‌ده‌ر له‌ ئامانجی خۆپیشانده‌ران له‌ ئه‌نجام ڕێپێوانی خۆپیشانده‌ران بۆته‌ جۆرێك له‌ یاخی بوون و ڕاپه‌ڕینێكی تێكده‌رانه‌،به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی خۆپیشانده‌ران ئامانجیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌،به‌هۆی كرداری تێكده‌رانه‌ لێپێچینه‌وه‌ی یاسایشیان له‌گه‌ڵ كراوه‌.

جۆره‌كانی خۆپیشاندان له‌ كوردستان :
هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نێكی سیاسی یان چه‌ند شارێكی باشوری كوردستان ناكات ،به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كی مێژووی و ڕه‌سه‌ن ده‌كات بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌ ڕه‌وا و مێژووییه‌كان،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پۆڵێن بكه‌ین،به‌ ته‌نها خۆپیشانده‌ران سنوردار نین بۆ چینێك یان توێژێكی دیاریكراو به‌لكو گشتی و فراوانن وه‌كو:
1-خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی سه‌رتاسه‌ری گشتی هه‌بووه‌ دژی پێشێلكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا،ئیتر ئه‌گه‌ر به‌هۆی بۆردومانی سنورهكان بێت یان پێشێلكارییه‌كانی له‌ باكوری كورستان.
2-هه‌مان خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی گشتی دژ به‌ پێشێلكارییه‌كانی ڕژێمی ئێران هه‌بووه‌.
3-هه‌مان خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی دژی پێشێلكارییه‌كانی ڕژێمی به‌غدا هه‌بووه‌.
4-خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی هه‌بووه‌ بۆ چاكسازی كارگێڕی له‌ دام و ده‌زگا حكومیه‌كان.
5-خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی بۆ خزمه‌تگوزاری شوێنه‌ گشتی و شار و شارۆچكه‌كان و گوزه‌ران به‌ گشتی .

گرنگترین خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان:
له‌به‌ر ناسه‌قامگیری بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان ،به‌هۆی گه‌مارۆ پێشێلكارییه‌كانی به‌غدا به‌ تایبه‌تی ،ئاژاوه‌ی به‌ناو پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ تازه‌كان،زۆر جۆر و له‌ زۆر شوێن خۆپیشانده‌ران سازكراوه‌،به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌ چه‌ند كاتژمێرێك یان له‌ چه‌ند ڕۆژێك تێپه‌ڕی نه‌كردوه‌،به‌ڵام گرنگترین و زیان مه‌نترین خۆپیشاندانه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌كان 17ی شوباتی ساڵی 2011 بوو، كه‌ زیاتر له‌ سێ مانگی خایاند به‌هۆی ده‌ست وه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی په‌یامی خۆپیشانده‌ران به‌لاڕێدابرا هیچ ئه‌نجامێكی دیار و خێرایی نه‌بوو ، به‌لكوبه‌ ناحه‌ق پارتیمان تێدا تاوانبار كرا،ده‌كرێ بووترێ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیدار بوو كه‌ بهناو حزبه‌ سیاسیه‌كان خه‌ڵكیان هاندا به‌ره‌و توند و تیژی و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گا ی حزبی و شوێنه‌ گشتییه‌كان،گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یی زیانی مادی و مرۆیی به‌دوایی خۆی بهێنێ،به‌ ناڕه‌وایی لقی 4ی پارتیمان تۆمه‌تبار بكه‌ن،خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری دووه‌م له‌ مانگی 12ی ساڵی 2017 بوو،كه‌ زۆربه‌ی باره‌گای پارت و دام و ده‌زگا حكومیه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی سوتێنران و وێران كران،له‌و خۆپیشاندانه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان پاڵپشتی ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ دیار و ڕوون بوون،ڕای گشتی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی گشتیان وێران كرد هیچ پێوه‌رێكی به‌رپرسیاریه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و مافی مرۆیی نه‌مایه‌وه‌،هه‌تا گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یی تاوانی جۆراو جۆری مادی و مرۆیی ئه‌نجام بده‌ن،دوا خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری و كاریگه‌ر خۆپیشاندانی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران و بایكۆتی چه‌ند مانگه‌ی مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی بوو،كه‌ له‌وه‌ش هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی گشتی ڕه‌چاونه‌كرا،لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان خۆیان تێكه‌ڵ به‌ خواستی ئه‌م دووچینه‌ كرد،به‌مه‌ش خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌ جه‌ماوه‌ر و په‌یامی خه‌ڵك بووه‌،دروشمی سیاسی و په‌شێوی ناو خه‌ڵك،ئه‌مه‌ و جگه‌ له‌وه‌ خۆپیشاندانه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌ گشتی و فراوانه‌ی دژی ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر و به‌غدا به‌ڕێوه‌چووه‌،زۆر به‌ ئارامی تێپه‌ڕێوون چونكه‌ هیچ لایه‌نێك نه‌یتوانیوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی لابدات و یه‌كتر تاوانبار بكه‌ن،به‌مه‌ش ده‌توانین بڵێین خۆپیشاندانه‌كان به‌ گشتی باش تێپه‌ڕیوون،به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ستی سیاسی تێكه‌وتبێ ئه‌نجامی نه‌بووه‌ بۆته‌ جۆرێك له‌ ئاژاوه‌ و بێ ئه‌نجامی په‌یامی خۆپیشانده‌ران.

كاریگه‌ری هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان
له‌سه‌ر په‌یامی خۆپیشانده‌ران:
زۆربه‌ی پارته‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كان به‌ حورمه‌ته‌وه‌ ڕێزیان له‌ ده‌نگ و په‌یامی خه‌ڵك گرتووه‌،پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌نگی جه‌ماوه‌ر و په‌یامی خه‌ڵكی به‌ به‌شێك له‌ ئامانجه‌ سیاسیه‌كانی خۆی زانیوه‌ و پشگیری به‌رده‌وام بووه‌،سه‌رباری ئه‌و ڕاستیه‌ش هه‌ڕێمی كوردستان وێنه‌یه‌كی جوانی دیموكراتی و به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه‌ ڕای گشتی و ئازادی و مافی مرۆڤی به‌ سه‌ره‌كیترین ئامانج زانیوه‌،سه‌رجه‌م خۆپیشاندانه‌كانیش به‌ ته‌واوكار و به‌هێزبوونی ئه‌و پڕۆسه‌ مێژووییه‌ ده‌زانن...تاكو ساڵی 2011 به‌ هه‌مووو پێوه‌رێك ده‌نگ و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك له‌ سه‌رووی ئامانجه‌كان بووه‌،به‌ڵام له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی 17ی شوباتی 2011 بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ،گۆڕانێكی چه‌واشه‌ كارانه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵك دروست كرد،به‌هۆی سه‌پاندن و تێكه‌ڵكردنی ئامانجه‌ سیاسیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ داوای خه‌ڵك ،ده‌كرێ بووترێ ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ بووه‌ گۆڕانێكی چۆنایه‌تی مێژووی،بۆ به‌لاڕێدابردنی شێوازی خۆپیشاندان و خه‌ڵك و به‌كارهێنانیان بۆ مه‌رامی ته‌سكی حزبی هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش وایكرد خۆپیشاندانی 17ی شوبات توندوتیژی لێ بكه‌وێته‌وه‌ ئاژاوه‌ له‌ناو خه‌ڵك دروست بكه‌ن وه‌ زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بده‌ن،به‌ ناڕه‌وایی لقی 4ی پارتیمان تاوانبار كرا،بۆیه‌ ده‌كرێ بووترێ بزوتنه‌وه‌ی گۆران یه‌كێك بوو له‌و لایه‌نانه‌ی فۆڕمی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له‌ ده‌نگی خه‌ڵك گۆڕی بۆ ململانێی سیاسی،ئه‌مه‌ش وایكرد خۆپیشاندانه‌كان له‌ شێوازی ئاشتیانه‌ و تایبه‌تمه‌ندییه‌كان خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری بگۆڕێ بۆ ململانێی سیاسی ویاخی گه‌ری وتوند و تیژی جه‌ماوه‌ری،بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی پیشتیوانی بۆ خۆپیشانده‌ران له‌ په‌یام و داوای خه‌ڵك گۆرابۆ دروشمی سیاسی ئه‌نجامی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ پوچه‌ڵ ده‌بێت،به‌ داخه‌وه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو هه‌مان هه‌ڵوێست له‌ لایه‌ن كۆ‌مه‌ڵ و یه‌كگرتوو به‌ناو نه‌وه‌ی نوێ و هاوپه‌یمانی دیموكراسی و گۆڕان و له‌ مه‌یدانی خۆپیشاندانی مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران دووباره‌ بووه‌ و توندوتیژیان دروست كرد.
ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خۆپیشاندانه‌كان:
پارتی دیموكراتی كوردستان جیاواز و دووربین و ورتر ده‌ڕوانێته‌ ده‌نگ و داوای جه‌ماوه‌ر به‌ گشتی و جه‌ماوه‌ری ناڕه‌زایی به‌ تایبه‌تی ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوڵایه‌كی مێژووی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر هه‌یه‌،بۆیه‌ هیچ كات له‌ ئامانج و به‌رنامه‌ی نه‌بووه‌ و نییه‌،په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر سنوردار بكات یان بكاته‌ هه‌ره‌شه‌و توندو تیژی و ئاژاوه‌،یان هه‌ر جۆرێك توندوتیژی له‌ په‌یڕه‌وی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌بێت،ئه‌مه‌ ڕاستیه‌كی مێژووییه‌،له‌ چه‌ند شوێن باره‌گاكانی كه‌وتۆته‌ به‌ر پیلانی سیاسی لایه‌نه‌كان به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوی ده‌نگ و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ر ی لێهاتوو گیانی خه‌ڵك و كادیرانی خۆی پاراستووه‌،خۆی نه‌كردۆته‌ به‌شێك له‌ ناكۆكی سیاسی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توڕه‌ی جه‌ماوه‌ر ،هه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش وایكردووه‌ لایه‌نه‌كانی تری سیاسی له‌به‌ر شه‌رمه‌زاری خۆیان،پارتی بكه‌نه‌ هۆكاری كێشه‌كان! یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێزی له‌ ده‌نگ و هه‌ڵوێستی خه‌ڵك ناوه‌،ناوناتۆری لابه‌لا بۆ دروست بكه‌ن،ئه‌گه‌ر به‌ سه‌رجه‌م خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان دابچینه‌وه‌،هه‌ندێكیان بۆ خزمه‌تی قه‌واره‌ی سیاسی بووه‌،پارتی دیموكراتی كوردستانیش به‌رپرسیاریه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌یه‌،ئه‌وه‌ی گرنگ و باش بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی له‌لا گرنگ و باشه‌،به‌ نمونه‌ خۆپیشندانی 17ی شوباتی ساڵی 2011 بۆ چاكسازی بوو،به‌ڵام له‌ ساڵی 1999 ،سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی سه‌ردانی هه‌مووو سنوری لقه‌كانی پاریزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی كرد،به‌ درێژی و وردی باسی له‌ دروست بوونی ناجۆری و ناڕێكی و ئیداری كرد، تاكو نه‌گاته‌ ڕاده‌ی گه‌نده‌ڵی،ئه‌وه‌ به‌هێزترین به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌وه‌ی پێشهاتێكی نادروست بێت پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رچاو ڕوونی داوه‌،تاكو زیان وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌كه‌وێت هاوكات پاریتمان له‌ پشت هه‌موو خۆپیشاندانه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، ئه‌وانه‌ی دژی دوژمن و نه‌یارانی كورد له‌ به‌شه‌كانی كوردستان، به‌ ڕاشكاوانه‌ شان به‌ شانی جه‌ماوه‌ر ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه‌،ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی بۆ هه‌ر داوایه‌كی تایبه‌تی چین و توێژێك سازكرابێ مامه‌ڵه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌،وه‌ڵامێكی ئاشتیانه‌شی داوه‌ته‌وه‌،به‌بێ ڕوودانی هیچ لێكه‌وته‌یه‌ك كه‌ زیان له‌ هاوڵاتیان به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بدات،ئه‌مه‌ و وێڕایی ئه‌م ڕاستیانه‌ ئه‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌ مێژووی و نه‌ته‌وه‌یه‌ییه‌ی له‌ ئه‌ستۆی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ له‌ ئه‌ستۆی لایه‌نه‌كان نییه‌ و نه‌بووه‌،ئه‌و ڕه‌نج و به‌رگرییه‌ی له‌ مافی خه‌ڵك و دواڕۆژهی كوردستان كردووه‌،له‌ ئێساتا و بۆ داهاتووش پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی نابێت بۆیه‌ به‌گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خه‌باته‌ی نابێت كه‌ له‌پێناوی خه‌بات ده‌كات،بۆیه‌ پێویسته‌ له‌و راستیه‌ به‌رچاو روون بن


پوخته‌ و ئه‌نجام:
خۆپیشاندان یه‌كێكه‌ له‌ پایه‌كانی دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ،چه‌سپاندن و پارێزگاری هه‌ر یه‌ك له‌و بنه‌مایه‌نه‌ به‌بێ ئاشتی سه‌ركه‌وتوو نابێت،ئه‌گه‌ر خه‌ڵك داوای ماف و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش ڕێز له‌ ڕای خه‌ڵك بنێن پێویسته‌ ئاشتی پێشێل نه‌كرێت وتێكه‌ل به‌ناكۆكی و ململانێكان نه‌كرێ ،تاكو ئه‌نجامه‌كانیش وه‌ڵامێكی ئاشتیان هه‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی،به‌رژه‌وه‌ندی و مافی خه‌ڵك به‌ دروشمی ناڕێك و وه‌شاندن پاڵپشتی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن چاره‌سه‌ر و كبت ناكرێت،بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رچین و توێژێك ناڕه‌زایی له‌سه‌ر ماف و داواكاری هه‌بێت تایبه‌تمه‌ندی خۆیان بپارێزن نه‌هێڵن،دروشم و په‌یام و ئه‌نجامیان بگۆڕێ بۆ ململانه‌یه‌كی سیاسی نادروست كه‌ له‌ ئه‌نجام هه‌وڵ و خۆپیشاندان بێ ئه‌نجام بێت.هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر ئه‌و ڕۆڵ و توانایه‌ی هه‌یه‌تی چاوی دونیای له‌سه‌ره‌ چه‌ند خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌بن،ئه‌نجام و لێكه‌وته‌كانیشی ئاشتیانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌ ده‌بێت.به‌ هه‌موو پێوه‌رێكی پیشه‌یی،ناكرێت لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان خۆیان بكه‌نه‌ به‌شێك له‌ داوای هاوڵاتیان بێنه‌ ناو مه‌یدانی خۆپیشانده‌ران،پێویسته‌ هاوڵاتی خۆی گوزارشت له‌ مافی خۆی بكات،هه‌ر جۆره‌ تێكه‌ڵبوون و هاوبه‌شیه‌ك ئه‌نجامی په‌یامی خۆپیشاندران سه‌ركه‌وتوو ناكات،ده‌چێته‌ چوار چێوه‌ی مه‌یدانی ململانێ سیاسی،ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیداره‌ و بۆپێشێلكاری،هه‌ندێ له‌ كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها په‌یوه‌ستنین به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو به‌غدا هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌موو كێشه‌كانی ئیداری ،سیاسی،خزمه‌تگوزاری ،موچه‌یه‌ بۆیه‌ ناكرێ به‌ ته‌نها فشاره‌كان ڕوو له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان بن،به‌ڵكو به‌غدا لایه‌نێكی یان هۆكارێكی سه‌ره‌كی كێشه‌كانه‌ بۆیه‌ ده‌بێت دروشم و په‌یامی خۆپیشانده‌ران ڕووه‌ و به‌غدا بن.ئه‌و ڕاستیه‌ی هه‌موو لایه‌كمان لێی هاوبه‌شین ئاشتی و ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌،بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌كمان پارێزه‌ری ئه‌و قه‌واره‌ سیاسیه‌ی هه‌رێمی كوردستان بین نه‌ك تێكده‌ری و گێڕه‌ شێوێنی.
Top