سیانزە بەدەر لەلای زاگروس نشینان
April 2, 2018
وتار و بیروڕا
زاگرۆس نشینان وەک چۆن لە دواین چوارشەمەی کۆتایی ساڵدا بەخۆشییەوە لەپێشوازی نەورۆزدا بوون، بەهمان جۆر لە سیانزەهەمین رۆژدا دیسان ئاهەنگیان بۆ گێڕاوە.
لەم رۆژەدا سفرەی نەورۆزی کۆدەکرێتەوەو گیای سەر سفرەکە دەگەڕێنرێتەوه بۆناو سروشت و ماسییەکان بۆ ناو کانی و روبارو دەریاچەکان، ئەمە پێچەوانەی نەورۆزی فارسەکانە کە گیاکە بەئاودا دەدەن .
لەو رۆژەدا یاریە کوردەوارییەکان بەتایبەت سێبازو، قەڵادۆشکان و رمبازی و ئەسپ سواری ئەنجام دراون و کۆتایی مەراسیمەکەش بە کردنەوەی ئاگر و شایی و زەماوەند کۆتایی هاتووە.
ئەم نەریتە لای فارسەکان بەجۆرێکی ترە، پێیان وایە ژمارە سیانزە شومەو لەم رۆژەدا دەبێت مەینەتییەکان ئاوێتەی بەرد بکرێن و توڕ بدرێن، کەئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو نەریتە زاگرۆسییەیە کە ژیان لەرۆژی سیانزەهەمدا دەسپێرنە دەسپێکێکێ نوێ.
هەرچی گرێدانی گیایە، ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نێو ئاینی میترا، ئەوان لەو باوەڕەدا کە ( مەشی و مەشیانە) کە لەئاینە سامییەکاندا بەتایبەت لە ئیسلامدا بە ( ئادەم و حەوا) ناسراوە، خاوەندکار لە سەرەتادا لەشێوەی دوو چڵە رێواسدا دروستی کردن و لەیەکتر ئاڵابوون، ئەم گرێدانەوەی گیایە کە هەردوو رەگەز ئەنجامی دەدەن، بەواتای گەڕانەوە بۆ بنەمای ئافراندن و پەیمانی بەیەکەوە بوونی هەردوو رەگەزە و باشترە بەنهێنی ئەم سروتە ئەنجام بدرێت تا پەیمانەکە رۆحی بێت نەک بەرچاوی.
ئەگەر لەم خەسڵەتە رابمێنین نیشانەی وەفای بەردەوام و لەوەش گرنگنتر یەکسانی نێوان هەردوو رەگەزە، چون بەپێی بنەما ئایینییەکانی میترائیسم و دواتریش لەزەردەشتیەت و یارسانیشدا ماوەتەوە شتێک بەناوی جیاکاری رەگەزی نییە و ئەوەی هەیە مرۆڤەو و ئەوەی گۆڕانی تێدایە فیسیۆلۆژیەتی مرۆڤەکانە نەک عەقڵ و رێزیان، چون هەردووکی یەکسانن.
حەق وایە کورد بەگرنگییەوە لەم بۆنانە بڕوانێت و وەک کەلتور شانازی پێوە بکات و هەوڵی پاراستن و زیندو راگرتنی بدات.