دەوڵەتداری لە دیدی ئەوانەوە"
March 26, 2018
وتار و بیروڕا
حزبی کوردی بۆ ئەوە درووست نەبووە کە دەوڵەتێک ببات بەڕێوە،بەڵکو تەنها دەتوانێ بڕێک پارە وەربگرێت ئینجا خەڵک و حوکمەتی پێ ببات بەڕێوە،دەوڵەتداری لە ڕێسای ئەواندا زیادکردنی مووچه خۆر و وەرگرتنی پارە و دابەشکردنیەتی،بۆیە کاتێک هەرێمی کوردستان توشی قەیرانی دارایی بوو زۆربەی حزبەکان وەکو ئەوەی بێگاریان پێ بکرێت لەحوکمەتدا مابوون، دواتریش لێی کشانەوه، ئاخر لە دیدی ئەوان حوکمداری تەنها دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەیە کە بەغدا دەینێرێ، هەر لەبەر ئەوەش زۆرینەیان ڕەخنەیان لە نێچیرڤان بارزانی دەگرت کە دەبوایە کاتێک هەرێم توشی قەیران دەبێت ئەو دەستلەکار بکێشێتەوە،ئەمە ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتی،دواتر ئەم هەرێمەی ئێمە بە کودەتا سەرۆک وەزیرانی بۆ دیاری نەکراوە،بەڵکوو هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دراوە و خاوەنی پەرلەمان و حوکمەتی هەڵبژێردراوە، خۆ ئەگەر نێچیرڤان بارزانیش لە دیدی ئەوانەوه دەوڵەتداری کردبا، دەبوو هەر زوو بەبیانویەک دەستلەکاربکێشێتەوە و حوکمەت بەجێبهێڵێت، کەچی لەماوەی چوار ساڵی قەیراندا حوکمەتی هەرێم دەیان هەنگاوی ناوە تاکوو ئیداری کوردی باشوور هەرەس نەهێنێت و ژیانی خەڵکی نەشێوێ، چ لە ڕووی ئەو پرۆژە چاکسازیانەی پەسەند کرا، چ لە ڕووی بەرهەم هێنان و هەناردە کردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، حزبەکان هەر بەوەوە نەوەستاون کە دەوڵەت داری ئاوا تێگەیشتون، لەگەڵ ئەوەشدا لەهەموو هەنگاوەکانی سەرۆکی حوکمەت ئیرهابێکی فیکریان بڵاو کردۆتەوە،جارێک دەڵێن کەس نەوتی هەرێم ناکڕێ، جارێک دەڵێن پارەکانی هەرێم بلۆک کراوە، جارێکیش دەڵێن پارە هەیە بەڵام نادرێ!
هەموو ئەو وەزیرانەی حزبەجیاوازەکان کە لە حوکمەتدابوون بە وەزیری دارایشەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان نەیتوانی بڵێ کە بڕە پارەیەکی وا لەهەرێمە و ئەمرم پێیە دابەشی نەکەم!
یاخود وەزیرێک بڵێت"نێچیرڤان بارزانی دەست دەخاتە کاروبارەکانمەوە یان دەست و پێی بەستوم لەوەزارەتەکەمدا.
حوکمەت لە فەیس بوکەوە بەڕێوە نابرێ، حوکمداری ئەرک و بەرپرسیارێتیە،کەچی حزبی کوردی لەوە دەترسێ جەماوەرەکەی پێی بڵێ لەو لیژنەیە بوون کە بڕیاری پاشەکەوتیان داوە، کەچی خۆی لەهەموان باشتر دەزانی ئەو بڕیارە لەم حاڵەتەی هەرێمدا زەرورە، حزبی کوردی تاکە شتێک لێی دەترسێ ئەوەیە جەماوەرەکەی پێی بڵێن لە حوکمەتدابووە،ئەم ترسە وای لێ دەکات ئەگەر لە حوکمەتیشدابێت هیچ ئینتیمایەکی بۆ پشکی خۆی نەبێت لەو حوکمەتەدا و بە نیفاق و دوو ڕوویی مامەڵە بکات.