سەركەوتنی شاندی كوردی لە میونشن
February 25, 2018
وتار و بیروڕا
هەمیشە لە كۆڕبەند و كۆنفرانسە جیهانییەكان بە شێوەیەكی كارا و لەبەر چاو بەشداری دەكەن و نموونەیەكی هەرە زیندۆ كۆڕبەندی داڤۆس و كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بوو. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان توانی رۆلێكی باش و سەركەوتوو بگێڕێت لە بەرژەوەندی نەتەوەیی كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، هەر لە دوای كۆڕبەندی داڤۆس، بێجگە لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە داوەتی فەرمی بەشدارییان كرد لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن. بەرێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی، دوو كەسایەتین لە ناو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە توانیویانە لە رووی ئاوەدانكردنەوە و ئەمنییەت و دیپلۆماسی بە شێوەیەكی گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان توانیویانە رۆلێكی باش بگێڕێن و ببنە كارەكتەری سەرەكی و باوەڕپێكراوی دونیای سیاسەت و دیپلۆماسییەت. بۆیە كاتێك شاند و كەسایەتییە سیاسییەكانی دەرەوە سەردانی عێراق دەكەن، بە بێ دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ هەردووكیان ناگەڕێنەوە و راو بۆچونیان بە هەند وەردەگرن.
بینیمان لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە گەرمی پێشوازییەكی فەرمیی لێیان كرا و توانییان زۆرترین و باشترین دیدار و كۆبوونەوەی سیاسی و ئەمنی و ئیداری ئەنجام بدەن.
كۆبوونەوەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، زۆر گرنگ بوون و توانیان وێنەی راستەقینەی عێراقێكی بریندار و هەرێمێكی ئارام لە ناو جەرگەی نائارامییەكان نیشانی رای گشتی بدەن و، وڵاتان لەو ناحەقیانەی دەرحەق بە گەلی كورد دەكەن، ئاگادار بكەنەوە، بە تایبەت بەشداریكردنی ئەم دوو گەنجە سەركردەیە لە كات و ساتێكی زۆر گرنگدا بوو و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆلێكی گرنگ دەگێڕن. هەرە گرنگتر لەوە بەشداری ئەم دوو كەسایەتییە سیاسییەی هەرێمی كوردستان لە مەجالێكی باشدا بوو كە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەوروپا لەگەڵ ئەمریكا و رووسیا، گرفتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تێكچوونی پەیوەندیی وڵاتانی كەنداو، هەوڵەكان بۆ داماڵینی كۆریا لە چەكی ئەتۆمی و كێشەی سووریا.