پشتەڤانی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، زۆرێك لە هاوكێشەكان دەگۆڕێت

پشتەڤانی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، زۆرێك لە هاوكێشەكان دەگۆڕێت
فەرەنسا یەكێكە لە وڵاتە زلهێز و بڕیار بەدەستەكانی جیهان بە گشتی و ئەوروپا بە تایبەتی، هەمیشە پشتیوانی لە گەلانی ژێر دەست كردووە و، یەكێك لەو گەلانەی زۆرترین پشتیوانی و هاوكاری كردووە كوردە. لە راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری كوردستان، یەكەم وڵات فەرەنسا بوو كە لە ئەنجۆمەنی ئاسایش پڕۆژەیەكی پێشنیاری كرد كە دواتر بوو بە یاسا بۆ پاراستنی باشووری كوردستان و دروستكردنی هێلی 36، بەمەش باشووری كوردستان توانی خۆی لەسەر پێیەكانی راگرێت و ببێتە هەرێمێكی دانپێدانراو و خاوەن قەوارەیەكی سیاسی و جۆگرافیایەكی سەربەخۆ لە ناو عێراقێكی دیكتاتۆردا، هەر ئەم پشتگیریەی فەرەنسا بوو هەرێمی كوردستان بوو بە خاوەنی پێشمەرگە و پێگەیەكی بەهێزی نێودەوڵەتی، لە شەڕی دژی داعشیش فەرەنسا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی زۆرترین هاوكاری هەرێمی كوردستانی كرد و دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەری2017 هەر فەرەنسا یەكەم وڵات بوو بە فەرمی پێشوازییەكی گەرمی لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد و دواتریش لە كۆڕبەندی داڤۆس بە فەرمی لە گەڵ نێچیرڤان باررزانی و شاندی یاوەری دانیشت و دوێنێش وێڕای رێگریكردنی بەغدا لە هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر، جان ئیڤ لو دریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەرۆكایەتی شاندێكی بالا، دوای سەردانی بەغدا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا. سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر لە ئاستێكی بەرزدا دەنگدانەوەی هەبوو و بە گرنگییەوە لە ناوەندەكانی بلاوكردنەوە و بڕیارداندا باسی لێوە كرا، پەیامێكی روون بوو بۆ جیهان بە گشتی و بەغدا بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی فەرەنسا گرنگی و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و فەرەنسا پشتگیری لە عێراقێك دەكات كە مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد تێیدا دەستەبەر بكرێن، هەر وەك پێشتریش پەیوەندییەكانی هەولێر و پاریس لە ئاستێكی بەرزدا بوو، بە تایبەت ئەو شاندەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاتووە، زۆربەیان پسپۆرن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەزانن كێشەكان لە كوێوە سەریانهەڵداوە و چۆن چارەسەر دەكرێن؟.
سەردانی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە یەك كاتدا بۆ هەولێر، كە دوو وڵاتی زلهێز و خاوەن بڕیارن لە یەكێتی ئەوروپا و جیهان، ئاماژەیەكی رۆنە بۆ هەموو جیهان بە گشتی و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەتی كە لە ئەوروپاوە نیازێك هەیە بۆ شكاندنی ئەو ئابلۆقە سیاسیی و ئابوورییەی خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان و پێگە و گرنگی هەرێمی كوردستان دەسەلمێنێت بۆ یەكێتی ئەوروپا، بە تایبەت سەردانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەو پێشوازییە گەرمەی لەو دوو وڵاتە و كۆڕبەندی داڤۆس لێكرا و نیازپاكی و لێهاتوویی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەڵماندی كە كورد شایەنی پشتگیریی كردنن و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشت لە كورد نەكات، پێچەوانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كە قسە و كردارەكانی یەكتریان نەدەگرتەوە. نەخاسمە كە فەرەنسا و ئەڵمانیا هەرێمێكی بەهێزیان لە كورد دەوێت و پشتگیری لە هەرێمێكی بەهێز دەكەن، ئەمەش دوای كۆبوونەوەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دروست بوو لەگەڵ سەرۆك و سەرۆكوەزیران و نوێنەر و وەزیرانی دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهانی لە كۆڕبەندی داڤۆس. خاڵی هەرە بەهێزی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بۆ هەموو لایەك دیار كەوتووە كە بە بێ‌ دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی كورد، عێراقێكی ئارام ناهێتە كایەوە و عێراق ناتوانێ‌ سەقامگیریی بە خۆیەوە ببینێت.
چۆن لە ساڵی 1991 پشتگیریی فەرەنسا لە باشووری كوردستان هەرێمی ئەمڕۆی لێكەوتەوە و كورد زۆرێك لە مافەكانی بە دەستهێنا و هاوكێشەكان گۆڕان، پشتگیریی ئەمرۆی فەرەنسا و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەكان دەگۆڕێت و كورد بەهێز دەبێتەوە و نێچیرڤان بارزانی رۆڵی هەرە سەرەكیی دەگێڕێت لەو گۆڕانكاریانەدا.
Top