ئاسۆی پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
February 8, 2018
وتار و بیروڕا
لە قۆناغی دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەر، تەنیا کەسایەتیی سیاسیی شیاو بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو، هەر بۆیە سەرۆکی هەرێمیش زۆرینەی دەسەڵاتەکانی ڕادەستی ئەو کرد. بەڵام پێدەچێ ئەویش نائومێد بووبێت، چونکە حکومەتەکەی عەبادی بەڵێنی دروستی نییە و یاریی بە هەستی کوردستانیان دەکات.
کورد گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی؛ دەبێ پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا چاک بکاتەوە و شایستە دارایی و لۆجستییەکانی لە حکومەتی ناوەند وەربگرێتەوە. سەرۆکی حکومەت و یاوەرەکانیشی بۆ ئەم ئامانجە هەوڵی زۆریان دا، وەلێ تا هەنووکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و حکومەتی فیدراڵی هەر خەریکی وردبینی و زۆربینییە و فڕۆکەخانەکانیش ناکاتەوە. ئەمەیش موچەخۆران و هاونیشتمانیانی کوردستانی وەڕەس کردووە و، کاک نێچیرڤانیش بێدەنگ بووە، کە پێدەچێ ئەویش وەڕەس بووبێت.
ئاسۆی پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ڕوون نییە و وای بۆ دەچم؛ تا چوار ساڵی داهاتوو هەر بەو لێڵییە بمێنێتەوە، چونکە دووبارە سەرکەوتنی حەیدەر عەبادی لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری داهاتوو ئەگەرێکی بەهێزە. ئاڕاستەی سیاسیی عەبادی وادەخوازێت کە پێوەندییەکی شلۆقی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەبێت. جووڵێنەرەکانی عەبادیش هەر ئەوەیان دەوێت.
کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تریش تا چوار ساڵی تر بەو جۆرەی ئێستا دەمێننەوە، کە پێویستە حکومەتی هەرێم بیر لە تێکدانی ئەو پیلانانە بکاتەوە و چارەنووسێکی تر بۆ ئەو ناوچانە دیاری بکات. بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی داراییش باشترە حکومەتی هەرێم خۆی چارەسەرێکی خۆییی بۆ بدۆزێتەوە.