قۆناغی دوای داڤۆس

قۆناغی دوای داڤۆس
داڤۆس لە كەش و هەوایەكی سارددا، گەرمایەكی باشی بۆ كورد نارد، بەشداری ئەمجارەی داڤۆس لە كات و ساتێكدا بوو جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لە زۆربەی گۆشەكانی جیهانی خەڵك لە ژێر زولمی زۆرداران دەنالێنن و لە برسان هاوار دەكەن، زكیان برسی و زمانیان تێنوو و جەستەیان پڕ لە زام و برین. نەبوونی ئابوورییەكی باش لە وڵاتەكانیان هاواری هەژارانی گەیاندووتە عەرشێكی بێ‌ گوێ‌ و چاو كوێر. ئەگەرچی هەموو هەوڵ و كۆششی دەردۆر و نەیارانی كورد ئەوە بوو خەڵكی كوردستان برسی بكەن و هاواریان لێهەلسێنن، لێ‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی نەهێلێت ئەم كارەی نەیاران سەر بگرێت و لە ناو جەرگەی برسێتی و نالەباری ناوچەكەدا تا رادەیەك ژیانێكی نۆرماڵ بۆ هاووڵاتییانی دابین كردووە.
بەشداری شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم، بەشدارییەكی كارای كرد لە كۆڕبەندی داڤۆس و وێڕای سازدانی چەندین كۆبوونەوە و چاوپێكەوتن لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان، ئامادەكاری كراوە بۆ بەشداری كردن لە كۆڕبەند و كۆبوونەوەكانی جیهانی لە بارەی گۆڕانكارییەكان و پێشبینی دەكرێ‌ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا چەندین كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرۆك و بەرپرسانی وڵاتانی جیهانی ئەنجام بدات. بە تایبەت وا دەخوازێ‌ لەگەڵ سەرۆكی رووسیا و ئەمریكا كۆ ببێتەوە بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە بە گشتی و هەولێر و بەغدا بە تایبەتی، چونكە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ‌ نیازپاكی بەغدا ناسەڵمێنێت و كار دەگاتە ئەو رادەیە كە ئەمریكا راستەخۆ بێتە سەر خەت، لە لایەكی دیكەشەوە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە وا دەخوازێ‌ رووسیا راستەوخۆ بێتە ناو گفتگۆكان و، لایەنی كوردیش كە رووسیا لەگەڵی دابنیشێت، هەرێمی كوردستانە. بۆیە لە ئێستادا بۆ چارەسەری كێشەكانی كورد بە گشتی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یەكەم كەسایەتییە بتوانێ‌ كاریگەری هەبێت لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە تایبەت سەرۆكوەزیران توانیویەتی رێگری بكات لە دروسبوونی شەڕێكی ناوچەیی و ئەمەش وای كرد بە گرنگییەوە بڕواننە سیاسەتی سەرۆكوەزیران.
ئەگەر وردبینەوە و بگەڕێینەوە بۆ كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، بۆمان دەردەكەوێت كە لە كۆی 15 دیداری نێچیرڤان بارزانی، هەموویان زۆر گرنگ بوون و لە شوێن و كاتێكی دیاریكراودا بوون، كەچی باقی بەشدار بووان، كۆبوونەوە و دیدارەكانیان لە مەمەڕەكاندا ئەنجامدەدران. شەڕی ئێستا و داهاتووش، شەڕی ئابوورییە، نێچیرڤان بارازنیش كەسایەتییەكی سەركەوتوو بووە لە بنیاتنانی ئابووری و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمێكی وێران لە دەستی رژێمی بەعسدا، بۆیە بەشداری كردنی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان زۆر بە ئیجابی لە قەلەمدرا و بە گەرمی پێشوزارییان لێدەكرد.
ناوچەكە بە گشتی و عێراق و دراوسێكانی بە تایبەتی لە كەش و هەوایەكدا دەژین كە پێویستە گۆڕانكاریی ریشەیی ئەنجام بدرێن، كارەكتەرێكی سەرەكی بۆ ئەم گۆڕانكارییانە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و دەتوانێ‌ رۆلێكی ئیجابی لە بەرژەوەندی ناوچەكە بە گشتی و گەلی كورد بە تایبەتی بگێڕێت.
Top