هەر کوردێک گلەیی لە بەغدا بکات خواگیرە

هەر کوردێک گلەیی لە بەغدا بکات خواگیرە
زۆر جاران لێرە و لەوێ گوبیستی گلەیی کورد لە بەغدا و هەڵوێستە دوژمنکاریەکانی دەسەڵاتە شیعەگەراییەکەی دەبم، ئاخر کوردی دۆ نەدیو سەر هەڵبڕە و خوا ببینە، چۆن و بە چ هەقێک گلەیی لە بەغدا و هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی شیعە دەکەی؟!
ئاخر گلەیی کردنت لە بەغدا مل سوونە لە تیخی خوا، ئەگەر گلەیی ئەوە دەکەی کە کاتی خۆی نوری مالیکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلەی درووست کرد و هەڕەشەی داگیر کردنەوەى کەرکوک و هاتنەوە هەولێر و سلێمانی و دهۆکی دەکرد، نوری مالیکی خۆی گوتی: هێز جووڵاندنی لەسەر داواکاری دکتۆر بەرهەم ساڵح بووە، ئێ کە وایە توخوا بۆ نوری مالیکی تاوانبار دەکەن.
خۆ ئەگەر گلەیی قوت و مووچە بڕینی خەڵکی کوردستان لە نوری مالیکی دەکەن، ئەمیشیان لەسەر داوا و پێشنیاری عادل موراد بووە، کوڕە سەر هەڵبڕن و خوا ببین، نوری مالیکی دڵی نەهاتووە دڵی عادل موراد بشکێنێ.
ئەگەریش گلەیی لە دادگای فیدراڵی عێراق دەکەن، ئەی دوای گشتپرسی دکتۆر بەرهەم نەیگوت دادگای فیدراڵی دەتوانێ ئەنجامی گشتپرسی هەڵوەشێنێتەوە! ئێ دادگای فیدراڵی چ تاوانێکی کردووە؟! رێک بێ کەم و زیاد راوبۆچوونی دکتۆر بەرهەمی جێبەجێ کردووە.
ئەگەر گلەییش ئەوەش لە بەغدا دەکەن کە لەسە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان نیازی وایە پازدە پەرلەمانتاری کورد بداتە دادگا، ئارێز عەبدوڵای پەرلەمانتاری یەکێتی روون و ئاشکرا گوتی: ئاڵا تاڵەبانی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی داوتە دەسەڵاتی بەغدا، جا ئەگەر ئاڵا تاڵەبانی هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانە بە تاوان بزانێ، بۆ گلەیی لە عەرەب بکەین کە لە سێدارەیان بدات!
ئەگەریش گلەیی لە داگیر کردنەوەی کەرکوک و کارەساتەکەی خورماتوو دەکەن، ئەوا گرووپێکی کوردی خۆیان دەڵێن: رێککەوتنمان لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کردووە و بە پێی ئەو رێککەوتنە هاتوونە کەرکوک، نوری مالیکیش سوپاسی ئەو گرووپەی کرد و حیدەر عەبادیش گوتی: ئەوانە خیانەتکار نین و ئەرکی عێراقی بوونی خۆیان جێبەجێ کردووە.
کورد دەڵێ: مریشک خۆی خۆڵ بەسەر نەکات کەس ناتوانێ خۆڵی بەسەر بکات، جا ئەگەر ئەوە مشتێک لە خەرواری ئەو رووداوانە بێ کە کورد گلەیی پێ لە بەغدا و عەرەب دەکات، پێمناڵێن: بەغدا و عەرەب لە کوێ غەدریان لە کورد کردووە؟! جا ئەگەر کورد خۆی ببێتە چاوساغی دوژمنان، بۆ دەبێ گلەیی ئەوە لە عەرەب بکەین کە کوێر نین و چاویان دەبینێ؟! جا ئەگەر کورد خۆی خۆڵ بەسەر خۆی بکات، بۆ دەبێ گلەیی ئەوە لە عەرەب بکەین کە خۆڵاویمان دەکات؟!
Top