ئەركە سەختەكانی نێچیرڤان بارزانی
November 20, 2017
وتار و بیروڕا
ناشاردرێتەوە كە دۆخەكە ئالۆزە و بە ئاسانی لێی دەرباز نابین، پێویستە بە هەموو لایەنە سیاسییەكان هاوكار بن و یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدەن بۆ چارەسەری كێشەكان و رێگە گرتن لەو هەموو سیناریۆ و پیلانانەی لە لایەن بەغداوە داڕێژراون بۆ شكەستن هێنان بە پێشكەوتنەكانی كورد لە باشووری كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسایەتییە كە دەرگا بە دەرگای حزبەكان دەگەڕێت و بە بێ هیچ مەرج و داواكارییەك داوای یەكڕێزی لایەنەكان دەكات، بگرە زۆرترین قوربانیشی داوە بۆ ئەوەی لایەنەكان رازی بكات بۆ رێكخستنی نێوماڵی كورد. چونكە تاكوو كورد نەبێتە یەكدەنگ و نێوماڵی خۆی رێكنەخاتەوە، كارێكی ئەستەمە بە سەلامەتی لەم بارودۆخە دەربچین، نێچیرڤان بارزانیش باش دركی بەوە كردووە كە ئەگەر ئێمە نێوماڵی خۆمان رێكنەخەین چەندە بۆ دواوە دەگەڕێینەوە شتێك نامێنێ بە ناوی هەرێمی كوردستان.
هاتنی نامەكانی سەرۆكی فەرەنسا و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، پشتگیری هاوپەیمانان و وڵاتە ئیقلیمیەكان بۆ راگەیاندراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دانیشتنی مەكگۆرك لە گەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێم، ئاماژەی رۆنن بۆ ئەوەی جیهان پشتگیری لە گەلی كورد دەكات و داوا لە بەغداش دەكەن پێشوازی لە هەولەكانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ دەرباز لەو بارودۆخە ئالۆزەی عێراق و ناوچەكە تێیكەوتووە. ئەم پشتگیریانەش بۆ متمانە بوون بە چارەسەری كێشەكانە لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە و، ئەمانەش دەستكەوتی گەورەن بۆ گەلی كورد بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەتی.