حەكەمێكی پەراوێزخراو
November 19, 2017
وتار و بیروڕا
رۆژانە گوێمان لەوە دەبێت با دەستوور حەكەم بێت، بەغدا ناتوانێ گوێ لە دەستوور بگرێ، كەچی هەر جوڵەیەك دەكات، دەڵێ ئەوە كارێكی دەستوورییە، لەبەرئەوەی لە بەغدا ئەوەی زاڵە كلتووری بڕوانەبوون بە پێكەوەژیان و قبووڵ نەكردنی ئەوانی دیكەیە، هەموو دەستوورەكانی عێراق لەبەرژەوەندیی عەرەب نووسراونەتەوە، ئەوە یەكەم جارە لە مێژووی عێراقدا كورد لە نووسینەوەی دەستوور بەشداربێت، ئەم دەستوورەش لە بەغدا پەراوێزخراوە.
داگیركردنەوەی كوردستان لە رێی حەشدی شەعبی و سوپاوە لە 16ی ئۆكتۆبەر، وای لە حەیدەر عەبادی كرد ئەوەندە غروربێت، بە یەكجاری پشت لە دەستوور بكات، كەچی بەناوی دەستوورەوە خەڵكی خورماتوو و كەركووك دەربەدەر كرا و ماڵیان تاڵان كرا، بەناوی دەستوور ئەو عەرەبانە دەگەڕێنەوە كە بەپێی ماددەی 140 ی دەستوور 20 ملیۆن دیناریان وەرگرت و چوونەوە شوێنی خۆیان، هیچ ریفراندۆم نەكرابوو گوتیان ماددەی 140 مرد، بودجەی كوردستانیان لە 2014 بڕی، دینارێكیان نەدایە پێشمەرگە كە بەپێی دەستوور بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، كەچی حەشدی شەعبی لە 2014 دامەزرا یاسایان بۆ دەركرد و بوودجەیان بۆ دیاری كرد، لەكاتێكدا دەستوور تەنیا ناوی سوپا و پێشمەرگەی هێناوە.
دوای شەڕی پردێ لە 20ی ئۆكتۆبەر و دەرچوونی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەو رۆژە كە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی بە ناوچەی كێشەلەسەر دانایەوە، دیسان بەغدا خۆی لە دەستوور دەدزێتەوە، ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای گفتوگۆی هەولێر و بەغدا دەكەن، ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ جێبەجێكردنی دەستووردان، كەچی بەغدا گوێ ناگرێ، راستی بەغدا دەیەوێ هەمان سیستەمی ئێران لە عێراق كۆپی بكات، ئەم دەستوورە لەبەرئەوەی كۆسپی سەر رێگەی سیستەمێكی مەزهەبییە پشتی تێدەكەن و دەیانەوێ ئەو كۆسپەی سەر رێگایان هەڵگرن، ئەگەر هەندێ حزبی كوردستان پێیانوابێ بەغدا بەپێی دەستوور كار دەكات، هەڵەیەكی گەورە دەكەن، كاتی ئەوەیە بەغدا لە ژینگەی حزبەكانی كوردستان بكرێتە دەرەوە، هەقە لەژینگەی خۆماڵی گوێ لەیەكدی بگرن ئینجا قسە لەگەڵ بەغدا بكەن، بەڵام لێتان مەعلوم بێ دەستوور حەكەم نیە.