نابێ مێژوو وتەکانیان لەبیر بکات
November 18, 2017
وتار و بیروڕا
١ــ نەوشیروان مستەفا:ــ هەموومان لە بیرمانە کە نەوشیروان مستەفا لە بەراوردی سیستەمی فەرمانڕەوایی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتە مەزهەبخوازەکەی بەغدا دەیگوت: سیستەمێکی هاوشێوەی (بەغا)مان دەوێ، واتا سیستەمی فتوای مەرجەع و شین و شەپۆڕ و لە خۆدان بۆ حوسێن، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیش بۆ ئاشووب و ئاژاوە نانەوە منداڵە وردکەی هاندەدان و دەیگوت: بڕۆن چیتان پێدەکرێ بیکەن.
٢ــ عەلی باپیر:ــ عەلی باپیریش خۆی دەکرد بە (ئەرستۆ تاڵس)و ئاستی دیموکراتی حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدای لەبەریەک رادەنان و دەیگوت: حکومەتی بەغدا لە حکومەتی هەرێم دیموکراتی ترە.
٣ــ یوسف محەمەد:ــ یوسف محەمەدی بەناو سەرۆکی پەرلەمان وڵات بە وڵات دەسووڕایەوە و ئەوەی دژمنان شەرمیان دەکرد بە پێشمەرگەی بکەن ئەو دەیکرد و دەیگوت: پێشمەرگە میلیشیای.
٤ــ ئارام شێخ محەمەد:ــ ئارام شێخ محەمەدی زەلیل کراوەکەی لە بایکۆتی پارساڵی مامۆستایان و لە سەروبەندی شکاندنی بایکۆت، بە هەڵەداوان لە بەغداوە گەڕایەوە سلێمانی و لەبەردەم بایکۆتچییەکان دەیگوت: بایکۆت مەشکێنن و لە بەغداوە مووچەتان بۆ دێنم.
٥ــ ئاڵا تاڵەبانی:ــ ئاڵا ئاڵەبانیش لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان و رزگار بوون لە جەور و ستەمی ژێردەستەیی دەیگوت: وروژاندنی پرسی سەبەخۆیی پیلانگێڕییە دژی یەکپارچەیی خاکی عێراق.
٦ــ وشیار عەبدوڵا:ــ وشیار عەبدوڵاش بۆ چاوبەستنی کورد و زیاتر خزمەتکردنی داگیرکارانی کوردستان، وەک ئەوەی کورد عەرەبی ئەنفال کردبێ و شار و شارۆچەکە عەرەبیەکانی کیمیاباران کردبن، پرسی نەتەوەپەرستی و نەتەوەخوازی تێکەڵ دەکردن و دەیگوت: ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی کورد بەرەو هەڵدێرمان دەبات.
ئەوە جگە لە زۆرێک لە کادیر و بانگخواز و هەڵسووڕاوی وەردکە و پرتکەی تر، کە سەری زمان و بنی زمانیان سووکایەتی کردن بووە بە مێژوو و ئێستا و داهاتووی خەڵکی کوردستان.