لێكدانەوەی شەڕی یەمەن بۆ ئایندەی عەرەبستانی سعودیە چۆن دەبێت؟
November 17, 2017
وتار و بیروڕا
بەڵام ئەگەر لەنێو ئەمەدا بەدوای چیرۆكە راستەقینەكەدا بگەڕێن، ئەوا دەبێ بڕواننە رۆڵی ئێران، رۆژی شەممە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز كرایە ئامانج، سعودیە نیمچە دڵنیایی هەبوو كە مووشەكێكی ئێرانی بووەو لە یەمەنەوە تەقێنراوە، ئەو ناوچەیەش لەژێر دەسەڵاتی یاخیبووانی حوسیدایە كە سەرۆك عەبد رەببە مەنسور هادی- یان ناچار كرد لە 2015دا وڵات بەجێ بهێڵێت، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، لەو كاتەوە هاوپەیمانییەی كە سعودیە سەرۆكایەتیی دەكات هەوڵی داوە هادی بگەڕێنێتەوە دەسەڵات، ئەم هەڵمەتە بە 78 مووشەك لە یەمەنەوە تەقێنراوە، لە ئاداری 2015دا شا سەلمان لای وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی ئەمریكا جۆن كیری كە بەسەدان هاتبووە وڵاتەكەی نیگەرانیی خۆی پیشاندابوو كە ترسی هەیە بە مووشەكی سكۆد لە دووری 350 میل لە باكووری سنووری یەمەنەوە هێرش بكرێتە سەر شاری مەككە، بەڵام ریاز بە زیاتر لە 700 میل لە یەمەنەوە دوورە، هێرشەكەی ئەم دواییەش جیاوازییەكی زۆری هەبوو و ئاماژەیشە بۆ پێشكەوتنێكی تەكنیكی خێراو گرنگ.
سەبارەت بە محەمەد بن سەلمان و سەركردایەتیی سعودیە، دیارە هێرشەكان كە لە یەمەنەوە دەكرێنە سەر وڵاتەكەی جێگەی مەترسی ئەوو خۆشحاڵیی حوسییەكانە كە بە پشتیوانیی ئێران ئەنجامدەدرێن، رۆژنامەی (عەرەب نیوز) كە بە ئینگلیزی دەردەچێت هەفتەی رابردوو نووسیبووی كە هێرشە مووشەكییەكە جۆرێكە لە نیشانەكانی شەڕ لەلایەن ئێرانەوە، لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جبێریش دەڵێت: (وڵاتەكەی لەكاتێكی گونجاودا مافی وەڵامدانەوەی هەیە بەرامبەر هەر كردەوەیەكی دوژمنكارانەی رژێمی ئێران، هەروەها رێگەنادەین ئاسایشی نیشتمانیمان پێشێل بكرێت).. هاوكات رۆژنامەكە لە زمانی سەركردایەتیی هێزەكانی هاوپەیمانەوە بە سەرۆكایەتیی سعودیە ئەو هێرشەی وەك دوژمنكارییەكی ئاشكرای سەربازیی رژێمی ئێران وەسفكردووە.
لەرووی تەكتیكییەوە سعودییەكان و هاوپەیمانییەكانی لە ئیماراتی عەرەبی لە ئەركی گێڕانەوەی هادی بۆ دەسەڵات لە یەمەن بەربەستیان بۆ درووستبووە، بەڵام لە رووی ستراتیژییەوە ئەوا هێرشە مووشەكییەكە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هاوپەیمانەكە شكست دێنێت ئەمەش ئاراستەیەكە كە محەمەد بن سەلمان زۆر پەرۆشە پێچەوانەی بكاتەوە، ئەوانەی چاویان پێی كەوتووەو دەگێڕنەوە كە ئەو شازادەیە دەیەوێت بەرامبەر ئێران و بریكارەكانی زۆر توند و یەكلاكەرەوە بێت، هاوكات هێرشە مووشەكییەكانی دیكە وەك ئەوەی دوایی رەنگە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی بیانی ناچاربكات گەشتەكانیان بۆ ریاز رابگرن، بەڵام ئەو مەترسییە لەگەڵ دیدگای تازەی محەمەد بن سەلمان یەكناگرێتەوە سەبارەت بە سعودیەی تازە كە ئیسلامێكی میانڕەو پەیڕەودەكات، ئەو دیدگایەی كە لە میانی كۆنگرەیەكی گرنگی وەبەرهێنەرانی بیانی بەر لە چەند هەفتەیەك خستیەڕوو.
ململانێی سعودیە- ئێران بۆ سەردەمی پێش محەمد بن سەلمان دەگەڕێتەوە، چونكە دوا گەڕی ئەو ململانێیە بۆ شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، سعودیە ئێران بە دوژمنی مێژوویی و ئیتنی خۆی لەقەڵەم دەدات، هاوكات وەك دوژمنێكی شیعەیە كە تەحەددای سعودیە دەكات لەكاتێكدا كە سەركردایەتیی جیهانی ئیسلامی سوننە دەكات، بەڵام ئامانجی ئێران بە درێژایی مێژوو بریتی بووە لە تێكدانی بارودۆخی ئێستا كە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەستەبەری دەكات، ئامانجی ئێران لە مەودای كورتدا ئەوەیە كە سوود لە ئەنجامەكانی شەڕی عێراق و بەهاری عەرەبی وەربگرێت بۆ ئەوەی كاریگەرییەكانی بڵاوبكاتەوە و بگاتە هەموو كۆمەڵگە شیعەمەزهەبەكان لە سەرجەم ناوچەكەدا. لەئێستاشدا هەریەك لە بەغداو دیمەشق و سەنعا و بەیروت لای ئێران دەگرن، بەڵام سعودیە رابەرایەتیی دەوڵەتانی عەرەبی دەكات، لەگەڵ ئەوەی كە دەركەوتنی بەو شێوەیەی محەمەد بن سەلمان مانای وایە لەئێستادا ئایندەیەكی تازە بۆ ئەو وڵاتانە دێتەئاراوە( هەرچەندە ئەو شازادەیە دیموكراسیخواز نییە)، محەمەد بن سەلمان كە تەمەنی 32 ساڵە، مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بە شتێكی گرنگ دەزانێت بەقەدەر ئەوەی كە گۆڕانكاری لە ئابووریی سعودیە رووبدات لەژێر پەردەی هەڵمەتی دژەگەندەڵی و یەكلاییكردنەوەی ركابەریی نێو ماڵی بنەماڵەی شا.
ئەوەی كە پەیوەستە بە ئێرانەوە، دیارە یەمەن لەژێر حوكمڕانیی عەلی عەبدوڵا ساڵح بە رێكەوت بۆتە ئامانج، هاوكات پشتیوانیی هۆزەكانی حوسی لەرێی یارمەتیدانی بە رێكخستن و پارە تەنیا فێڵێك بووە، راستە حوكمڕانیی ساڵح شكستی هێنا، بەڵام هاوپەیمانییەكی لەگەڵ حوسییەكان پێكهێنا دژی سەرۆك هادی كە لەئێستادا بەزۆر نیشتەجێی سعودییەیە، لەگەڵ ئەو هەموو چالاكییانەی هێزی ئاسمانیی سعودیە لە یەمەن، بەڵام لە راونانی حوسییەكاندا شكستی هێنا، هەر چی هێزەكانی ئیماراتە زیاتر سەركەوتنیان لە باشووری یەمەن بەدەستهێناوە، بە تایبەتیش لە دەوروبەری شاری عەدەن كە دەكەوێتە سەر كەناری رووبار، بەڵام هەر ئەو هێزانە لەو ناوچەیەدا لە لایەن چەند گرووپێكەوە لە شێوەی رێكخراوی قاعیدە كە ئەو ناوچانەی یەمەنیان كردۆتە مۆڵگەو پەناگەی خۆیان رووبەڕووی كێشەو هێرش دەبنەوە.
دیارە سەركەوتنی ئێران لە پشتیوانیكردنی هاوپەیمانی حوسی لە یەمەن پاساوێكە بۆ دەستتێوەردانێكی گونجاو، ئەمەش پێشبڕكێیەك بوو و ئەنجامێكی دیاریكراوی لێكەوتەوە، بەر لە چەند مانگێك لە ژەنڕاڵێكی سعودیم پرسی كە لە سەردانی واشنتۆن بوو، ئایا ژمارەی ئێرانییەكان لە لەندەن چەندە، پێشبینیم دەكرد بە هەزاران یان سەدان كەس بن، بەڵام وەڵامی دامەوە: نازانم!.. پێموایە بەگوێرەی ئەو وەڵامانەی بە ناچارییەوە لە بەرپرسانم وەرگرت لە واشنتۆن ، ژمارەكە دەیان كەس بن، بە گوتەی ئەو بەرپرسانە چەند تیمێكی بچووك لە ئێرانەوە دێن و مەشق بە حوسییەكان دەكەن لەسەر سیستەمی چەكی هەمەجۆر و دواتر دەگەڕێنەوە، بۆیە لێرەوە لێكدانەوە دەكرێت بۆ ئەو مووشەكانەی لە ساڵی رابردوو لە كەنارەوە و لەسەر كەشتیی جەنگیی ئەمریكییەوە لە دەریای سوور تەقێنراون، هەروەها هێرشی بەلەمێكی بێ بەلەمەوان بۆ سەر كەشتییەكی سعودی لە كانوونی دووەمی هەمان ساڵدا.
شارەزایانی مووشەك ئەم كارە دەدەنە پاڵ ئێران كە بەدرێژایی كات یارمەتیی جبەخانەی یەمەنیانیان داوە كە پڕیەتی لە مووشەكی جۆری سكۆد. هەندێ لە بەرپرسانی ئێران پێیان راگەیاندم كە رەنگە ئێران چەندین عەمباری گەورەی سووتەمەنی و پارچەی یەدەگی بۆ یەمەن رەوانەكردبێت، بەڵام دیارە تێبینی ئەو هەوڵانە دەكرا تایبەت بە بەقاچاخبردنی تەواوی مووشەك كە پێمانوابوو ئەمە لای ئەمریكییەكان یاساغ بێت، لەلایەكی دیكەوە لەوانەیە بەدواداچوونی بەرپرسانی هەوڵگری بۆ ئەو بارهەڵگرانەی پڕیانە لە عەمبار كە لە بارەگاو تونێلەكان بەتاڵدەكرێن كارێكی زۆر ئەستەم و سەخت بێت، هاوكات گواستنەوەی پارچەی یەدەگ بە نهێنی زۆر ئاسانتربێت(( وێڕای گەمارۆ و كەمیی خۆراك و یارمەتیی مرۆیی لە ناوچەكە كە لەژێر دەستی حوسییەكاندایە، گۆڤاری (زی ئیكۆنۆمیست) لە ژمارەی مانگی تەمموزدا نووسیویەتی كە شیرنەمەنی- باسكن رۆبنز- تائێستاشی لەگەڵدا بێت لە ڕێی بارهەڵگری بەستووەوە لە رێی وشكاییەوە لە سوڵتاننشینی عومانەوە دەگاتە سەنعا)). وا دیارە ئێران گەیشتۆتە چارەسەركردنی ئەو كێشانەی دێنە ئاراوە تایبەت بە سەقامگیری لە فڕۆكەدا ئەوەش لەمیانی دوا تاقیكردنەوەی مووشەكیی لەنێو خاكی خۆیدا. وەڵامی سعودیە بۆ ئەو مووشەكەی كە شەممەی رابردوو تەقێنرا زۆر خێرا بوو، تەنانەت ریشەییش بوو، چونكە سعودیە رۆژی دواتر رایگەیاند كە هەموو سنووری وشكایی و دەریایی و ئاسمانیی خۆی لەگەڵ یەمەن دادەخات، هەروەها ریاز لیستێكی بە ناوو وێنەی 40 حوسی بڵاوكردەوە كە بە تۆمەتی (تاوانی تیرۆر) داواكراون، هاوكات پاداشت بۆ رادەستكردنیان بەم شێوەیە تەرخانكرا: 30 ملیۆن دۆلار بەرامبەر سەركردەی حوسییەكان عەبدولمەلیك بەدر ئەلحوسی، 20 ملیۆن دۆلار بۆ دە كەس لە گەورە یاوەرەكانی، هەروەها 10 ملیۆن دۆلار بۆ پلەكانی دیكە و بەم شێوەیە، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ریاز ئەو هەموو كاتە وەستا بوو بۆ پێشكەشكردنی ئەو پاداشتانە كە دەیزانی یەمەن شوێنێكە نرخی تێدایە تا دەگاتە رادەی وەلا. بۆیە لەجیاتی ئەوەی سەیری یەمەن بكرێت وەەك دەوڵەتێكی لاوەكیی هەژار و بێ بایەخە، میر و شازادەكانی ئالسعود وەك خەنجەرێكی ژەهراوی بۆ سەر دڵیان وەسفی دەكەن، چونكە كوڕی سعود، باپیرەی محەمەد بن سەلمان هەروەك دەگوترێ پێشتر هۆشیاریی دابوو لەهەمبەر هەڕەشەی یەمەن كاتێ لەسەر مەرگدا بوو، بۆیە مادامەكی شەڕی ئیقلیمی بە وەكالەت لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت، ئەوا یەمەن هەردەم وەك گۆڕەپانی سەرەكیی ئەم شەڕەو بەشێكی زیندووی تەماعكاریی ئیقلیمیی محەمەد بن سەلمان دەمێنێتەوە.
سايمون هندرسون
هاوڕێی بیكەرو بەڕێوەبەری بەرنامەی كەنداو و
سیاسەتی وزەیە لە پەیمانگەی واشنتۆن