پارتی و پەنجە خستنە سەر کەموکورتیەکان
November 17, 2017
وتار و بیروڕا
گرفتی گەورەی پارتی لە پەنجە خستنە سەر کەموکورتیەکان پشت بەستنە بە راپۆرتی ئەو ئۆرگانە حزبیانەی کە خۆیان سەرچاوەی کەموکورتیەکانن، بڕیار بەدەستانی ئەو ئۆرگانانە بۆ پاراستنی پێگەی سیاسی و حزبی خۆیان و دابین کردنی بەرژەوەندی تایبەتی راستییەکان لە حزب دەشارنەوە، چونکە ئەگەر راستییەکان وەک خۆیی بگەیەنن، ئەوا حزب ناچار دەبێ بە کار و بەرنامە و پلانی خۆیدا بچێتەوە، ئەگەر ئەوەش روویدا سوودمەندی یەکەم حزب و زەرەرمەندی یەکەمیش بەرپرسە بڕیار بەدەستەکانی ئەو ئۆرگانانە دەبن.
زۆرێک لە بڕیار بەدەستانی ئۆرگانە حزبییەکان بۆ ئەوەی کەمتەرخەمی و بەرژەوەندخوازی خۆیان دەرنەکەون زۆرینەی راپۆرتەکانیان جگە لە هەڵبەستنی چیرۆکی درۆیین شتێکی تر نین، ئەگەر راپۆرتی مانگانەی زۆرێک لە ئۆرگانە حزبییەکان بەراورد بکرێن زیاتر لە کۆپی دەچن و پێاهەڵدانە بە شتی نەبوو.
پارتی ئەگەر بیەوێ گەشە بکاو رێکخستنەکانی لە پارێزگای سلێمانی لەو چەق بەستووییە رزگار بکات، لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە وەک ئەوەی هەن پەنجە بخرێتە سەر کەموکورتیەکان، لە قۆناغی دووەمیشدا پلان و بەرنامەی تایبەت بە چارەسەری کەموکورتیەکان دابنرێ و بە وردی چاودێری جێبەجێ کردنی پلان و بەرنامەکە بکرێ، بۆ ئەو مەبەستەش تا بۆ ئەندام و لایەنگر و جەماوەرەکەی شۆڕ نەبێتەوە مەحاڵە راستییەکانی بۆ دەربکەون و بتوانێ پەنجە بخاتە سەر کەموکورتییەکان، ئەگەر ئەو هەنگاوە بنێ و بۆ تەنیا جارێک ئەندام و لایەنگر و جەماوەرەکەی بکاتە سەرچاوەی دەست کەوتنی زانیاریەکان، ئەوا هەم پەنجە دەخاتە سەر کەموکورتیەکان و هەمیش راستگۆیی هەموو کادر و بەرپرسەکانی بۆ دەردەکەوێ، خۆ ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنێ و بۆ گەیشتن بە راستییەکان بۆ ئەندام و لایەنگر و جەماوەرەکەی نەگەڕێتەوە، ئەوا پلان و بەرنامەکانی وەک ئێستا لەسەر زانیاری هەڵە دادەنێ و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا باجەکەی زۆر قورس دەبێ.