پەیامەكانی نێچیرڤان بارزانی
November 14, 2017
وتار و بیروڕا
نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئەم هەموو فشارەی كە بەغدا بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانی هێنا، دیسانیش چەندین جار داوای گفتگۆی سەر مێزی كردووە و چەندین پەیامی ئاراستەی جیهان بە گشتی و عێراق بە تایبەتی كردووە، هەر لە كاتی رزگار كردنی شاری موسل لە دەست تیرۆریستانی داعش بگرە و تا داگیر كردنی شاری كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبییەوە، چونكە بارزانی باوەڕی بە چارەسەر كردنی كێشەكان لە رێگەی هێزی چەكدارییەوە نییە و حەز لە رشتنی خوێنی بێ گوناحی رۆلەی گەل نییە.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامی پیرۆزبایی كردنی موسل لە دەست تیرۆریستانی داعش، 11/7/2017 لە پەیامی پیرۆزبایی كردنی سەركەوتنی هێزەكانی عێراق لە شاری موسل، داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عراق دەكات كە، ئەزموونی كاركردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق بكرێتە بنەمای كاری هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا لە هەموو روویەكانی دیكەوە. ئاماژەش بەوە دەكات گرنگتر لە ئازادكردنی شاری موسل، پێویستە لە ئایندەدا كار بۆ ئەوە بكرێت بیری داعش و ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی دروستبوونی داعش لە رەگوڕیشەوە هەڵبكەنرێن و، پێویستە كارە سەركەوتووەكانی هاوبەش بكرێنە بنەما بۆ گەڕانەوەی ژیان و ئاشتی و ئارامی بۆ خەڵكی تەواوی ناوچەكانی عێراق، لێ مخابن لە جیاتی بە هاناوە هاتنی ئەم پەیامانەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەغدا تەنها بیر لە لاواز كردنی پێگەی هەرێم و لێسەندنەوەی دەستكەوتەكانی كورد دەكات، كە ئەمەش مەحالە و كورد لە ئاستێكی باشی دیپلۆماسیدایە.
وێڕای ئەم هەموو نەرمی نواندنە و كار كردن بۆ ئارامی عێراق و جێبەجێ كردنی دەستوور، دەسەلاتدارانی عێراق بە ئەجندای دەرەكی بەستراوەتەوە و عێراق بووەتە مەیدانی مڵمڵانێی یەكلا كردنەوەی هێزە سیاسییە دەرەكییەكانی و خەڵكانیتر هاتوون لە سەر حیسابی هاووڵاتی سڤیلی عێراقی، كێشەكانیان چارەسەر دەكەن.
هەرگیز مێژوو ئەو سەركردانەی عێراق نابەخشێت كە وایان كردووە خەڵكی عێراق بووەتە قوربانی خەڵكی بیانی و وا خۆی نیشان دەدات كە روح و جەستە و خوێنی هاووڵاتییانی عێراقی هیچ بەهایەكی نییە.