مرۆڤێک لە لوتکەدا

مرۆڤێک لە لوتکەدا
مرۆڤێک لە لوتکەدا بریتییە لە یادەوەریەکانی عەلی گۆران، لە ٢١٤ لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی پێک ھاتووە، مامۆستا عەلی گۆران لە ساڵی ١٩٤٩ لە دایک بووە، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا، واتە لە ١٩٦٥ پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، بەشداریی لە کۆنگرەکانی لە ھەشت، نۆ، دە، یازدە، دوازدە و سێزدەی حیزبدا کردووە، ھاوکات مەدالیای بارزانی نەمری وەرگرتووە، باوکی دوو شەھیدە، بە ناوەکانی (کاوە و ھیوا).
یادەوەریی واتا سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ رۆژانی ڕابردوو، مامۆستا عەلی گۆران ھاتووە یادەوەریی خۆی ھەر لە ساڵی ١٩٦٥ تا ٢٠١٧ نووسیوەتەوە.
فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لە باسی عەلی گۆراندا دەڵێت:" کاک عەلیم وەکو گەنجێک و کادرێکی خوێندەواری باش و زۆر چالاک و ئازا ھاتە بەرچاوم، ڕۆژ بە ڕۆژ بە حوکمی تێکەڵاوی حزبایەتی و ڕووداوەکانی کارکردنی ناو شارێکی وەک موسڵ و ھەڵوێست و بوێری ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ڕووداوانە بەبێ ھیچ سێ و دوویەک ھەر کارێکی کە پێی دەسپێردرا بێجگە لە کاری ڕێکخراوەیی خۆی بەوپەڕی ئازایەتی و جوامێریەوە ئەنجامی دەدا. کاک عەلی سەرەڕای دەربەدەرەیی و ئاوارەیی، دووچاری زۆر کارەساتی سەنگین بووە لە ھەموویان سەنگینتر شەھید بوونی دوو کوڕی لە بۆردومانەکەی ئۆردوگای زێوە لەلایەن رژێمی گۆربەگۆریی سەدامەوە. ئەو پێشەکییە بەراستی کەمترە لە ڕاستی ناسینی مرۆڤێک کە لە تەمەنی گەنجایەتیەوە کەوتە ناو کاروانی خەباتی سیاسی لە پێناو ڕزگاری نەتەوەکەی لە رێزی پ.د.ک ئەوە جێگەی شانازیە بۆ خۆی و میللەتەکەی کە ڕۆڵەی وای ھەیە بۆیە خەباتی نەتەوایەتی ھەر بەرەو پێشەوە بەردەوامە."
لە نووسینەوەی یادەوەرییەکانیدا ئاماژەی بە ناوی زۆر خەباتگێر کردووە لەوانە:" مام ئەسعەد خۆشەوی، بابەکر زێباری، مامۆستا قاسم، محەمەد عەلی تۆڤی، رێبوار یەڵدا، شوکر نێروەیی، جیھاد ئاکرەیی، فەلەکەدین کاکەیی، حەمید سوری، ناسح غەفور، شەوکەت شێخ یەزدین."
زۆرێک لە ھەڤاڵانی بەشێوەی جۆراوجۆر وەسفی عەلی گۆرانیان کردووە، لەوانە: سەڵاح دەڵۆ نووسیویەتی:" بۆ مرۆڤێک کە شوناسی لوتکەی پێ برا." تاھیرە سوری سوسەیی نووسیویەتی:" ھەڵسەنگاندنی بەڕێز عەلی گۆران."سەعید مەموزینی دەڵێت:" ھەڤاڵ و ھاوسەنگەری خەباتم کاک عەلی گۆران." سەگڤان ھالۆ گوتویەتی:"کادرێکی دڵسۆز و کوردپەروەر."عەبدولقادر ڕۆژبەیانی نووسیویەتی:" بیرەوەرییەکی منداڵیم."ھەروەھا زوھێر ئاکرەیی نووسیویەتی:" ناسینی من و کاک عەلی گۆران."ھاوکات محەمەد مەلا قادر نووسیویەتی:" کاک عەلی گۆران یەکێک بوو لەو کەسانەی کە دەست و داوێنی پاک بوو."مھندس ئەحمەد بریفکانیش دەڵێت:" ئەو پیاوەی بووە ئەفسانە و نازناوی "مرۆڤێک لە لوتکەدا"ی پێبەخشرا." یووسف عەبدولقادر نووسیویەتی:" ئەوکاتەی لە ڤییەننا گەڕامەوە."
مێژووی کوردستان پڕە لە یادەوەری و سەروەری، مێژووی پەنجا ساڵەی ڕابردوو، شایەدی‮ بۆ خەبات و تێکۆشانی‮ ‬عەلی گۆران دەدەن، لەگەڵ نووسینەوەی ڕۆژانی ڕابردووو، عەلی گۆران ئەلبومی وێنەکانی داناوە، وەک وەفایەک، بە بڵاوکردنەوەی وێنە، ئاوڕی لە زۆر کەسایەتی و ھەڤاڵی ڕێگەی خەبات داوەتەوە لەوانە:"باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد، مەلا مستەفای بارزانی، شەھید ئیدریس بارزانی، جەنابی سەرۆک بارزانی، نێیرڤان بارزانی، مام ئەسعەد خۆشەوی، مەلا عەزیز، حاجی عەبدولڕەحمان، دڵشاد بارزانی، سیداد بارزانی، عەبدولکەریم جومعە، شەوکەت شێخ یەزدین، فازڵ میرانی، ڕەئیس عەبدوڵڵا، شوکر نێروەیی، عەبدولستار مەعروف، عیزەدین بەرواری، عەبدولسەلام بەرواری، ئیجرا بارزانی، سەرکیس ئاغاجان، محەمەد ئەتروشی، لیوا خالید، ئەحمەد بڕنۆ، عەبدوڵڵا دەروێش، محەمەد میرۆ، عەلی عەبدوڵڵا، شەھید فرەنسۆ ھەریری، محەمەد شێخ یەزدین، خەلیلە ڕەش، ڕەزا خالید ڕەواندز، کەریم شنگالی، مەحموود محەمەد، حەبیب ئیدریس، زەعیم عەلی، مەسعود ساڵەیی، محەمەد ساڵح ئەمین، ڕەمزی شەعبان، قادر قەچاخ، تەھا ئاکرەیی، فەیسەڵ کورەماری، مەسرور بارزانی، سەلیم محەمەد، محەمەد یاسین، عەبدولسەلام زاخۆیی، جەمیل سلێڤانەیی، محەمەد یاسین، جاسم عەزیز، معاون تۆفیق سلێڤانەیی، حەیبب حاجی، ئەقدەر عومەر، عەلی شنگالی، مقدەم عەزیز، جیھاد ئاکرەیی، ئەحمەد ڕۆژبەیانی، وێنەی مستەفا ئیسماعیلی باوکی، کوڕ وخوشک و برا و کەسوکار، ھەروەھا ئامادەکاری کتێبەکەشی داناوە. لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیدا زیاتر پشتی بە زەین و بیرتیژی خۆی بەستووە، دەنا ھیچ دەفتەری تۆماری ڕۆژانەی نەبووە، بۆ یاداشتکردنی ڕووداوەکان.
نووسینەوەی یادەوەری، بە تایبەتی پاش تێپەربوونی کات و گۆڕانکارییەکان، دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوەی ڕابردوو، مایەی دڵخۆشییە لە دوای ڕاپەرینەوە تا ڕادەیەک ئەگەرچی لە ئاستی پێویستدا نییە بەڵام گرنگییەکی زێتر بە بڵاوکردنەوەی یادداشت و بیرەوەرییەکان دراوە. ھونەری نووسینەوەی ژیاننامە و یادەوەری، لە سەردەمی ئێستادا بووەتە ھونەرێکی ئەدەبیی سەربەخۆ، عەلی گۆران ھەوڵیداوە لە کەس نەچێت و ناخی خۆی ڕاستگۆیانە بنووسێتەوە.
Top