بەخۆداچوونەوە بۆ پاشەكشە نییە
November 12, 2017
وتار و بیروڕا
ئەو زەبرەی لە 16ی ئۆكتۆبەر بەهۆی دەستكێشیی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەر كوردستان كەوت، زەبری لە چۆنییەتی بیركردنەوەش داوە، ئەوەی پێش ئەو رووداوە بەتەمای بووین و پێمان دەگووت یەكگوتاری، دوای ئەو مێژووە لەبەرچاوان نەما، بەوپێیەی ئەو گرووپەی ناو یەكێتی، بە هەماهەنگییەكی ئیقلیمی ئیشی خۆیان كرد، ناكۆكییەكان هەر لە ئاستێكدا نەمانەوە، بەڵكو راستەوخۆ لە ناو یەكێتیدا رەنگی دایەوە، چونكە رێككەوتنی بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر بەسەرپەرشتیی ئێران و هاوكاریی توركیا، بۆ ئەوەبوو كەركووك رادەستی بەغدا بكرێتەوە، لەبەرامبەریشدا كۆدەتایەك بەسەر پارتی و ناوخۆی یەكێتیدا بكرێت، لایەنی بەغدا بەشی خۆی لە رێككەوتنەكە بەزیادەوە دەسكەوت، چونكە لەڕێی ئەو شاڵاوە دڕندانەیەوە، دوای كوشتن و تاڵانكردن و سوتاندنی ماڵ و شوێنی بازرگانی، كوردی لە خورماتوو تەواو دەرپەڕاند، لە كەركووكیش رێژەیەكی بەرز ئاوارە بوون، بەعەرەبكردنیش دەستی پێكردەوە، لایەنی دووەمی رێككەوتنەكەش تەنیا ئەوەی دەستكەوتووە كە پارتی لە كەركووك نەماوە، بەڵام كۆدەتای ناو یەكێتی تا ئێستا سەرنەكەوتووە، بۆیە لەسەر هەموو ئاستەكاندا ناكۆكی توند دەبنەوە، ئەو گرووپەی ویستی بە بەردێك دوو چۆلەكە بكوژێت، تا ئێستا لەوەدا سەركەوتووە كە توانیویەتی كوردستان لە چەقبەستووییدا بهێڵێتەوە لەبەر ئەم هۆیانە:
1- بەغدا بەداگیركردنەوەی كەركووك غرور بووە، گوێ لە دەستپێشخەری حكوومەتی هەرێم ناگرێت.
2- یەكێتیی بە كێشەكانی ناوخۆوە زیاتر سەرقاڵكردووە.
3- بەشێكی زۆری میدیای ئەو حزبانەی مەیلی یەكپارچەیی عێراقیان هەیە، ناوچە داگیركراوەكانیان بە ئارام پیشان دا.
بۆیە جیا لە گوتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە داوای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات، گوتارێكیش بەجۆرێك كاردەكات كە جگە لە خۆڕادەستكردنێكی بێ مەرج بە بەغدا هیچ دەرەتانێك ناهێڵێتەوە، بەغداش تا دەرفەتی بەعەرەبكردنەوەی هەبێت گوێ لە كورد ناگرێت، خۆیشی لە پێدانی مووچە بە خەڵكی كوردستان دەدزێتەوە، گرەویش لەسەر دووبەرەكی و ناتەبایی حزبەكان دەكات، لەبەرئەوە پێویستە بەخۆداچوونەوەمان بۆ پاشەكشە نەبێت، قۆناغی یەكلاییكردنەوە هێشتا ماوە، ئەو رووداوانەی بەڕێوەن ئەوەمان بۆ دیاری دەكەن، ئاخۆ عێراق دەبێتەوە دەوڵەتێكی بەهێزی مەركەزی، یان دوای شەڕێكی خوێناوی دابەش دەبێت؟ لە سۆنگەی ئەمەوە پێویستە بەخۆداچوونەوەمان بۆ دوورمەودا بێت، نەك بۆ بێ هیوابوون و مانەوە لە چوارچێوەی دۆخی ئێستا.