جبەخانەكانی حزبوڵا زیاتر لە 100 هەزار رۆكێتی تێدایە كە هەندیكیان 250 كیلۆمەتر دەبڕێت
November 12, 2017
وتار و بیروڕا
لە دوای شەڕی لوبنان لە تەمموزی 2006 ـەوە، حزبوڵا توانیویەتی پەرە بە تێگەیشتن و توانای ستراتیژیی خۆی بدات، دیارە پێویستیشە كە لەو مەترسییانە تێبگات كە دێنەپێشێ، ئەمەش بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەگەری روودانی هەر هێرشێك و هاوكات چۆنێتیی پەرچەكرداری ئیسرائیل، ئەوەی پەیوەستە بە توانای شەڕكردنی زەمینی، دەبینین كە حزبوڵا زۆر لە باندو گرووپە تیرۆریست و باندەكانی تێیپەڕاندووە، ئێستا ئەو نزیكترە لە هێزێكی یەكگرتووی سەربازییەوە، وێڕای هەیكەلییەت و ریزبەندیی سەركردایەتیكردن، ژمارەی سەربازەكانی زۆر زیادیكردووە، كە نزیكەی 25 هەزار شەڕكەری چالاكی هەیە لەگەڵ 20 هەزار چەكداری یەدەگ، نزیكەی 5 هەزار سەربازی چالاكی ئەو حزبە سەرقاڵی مەشقی چڕن لە ئێران.
لە هەمان كاتدا جبەخانەی حزبوڵا زۆر فراوان بووە كە 100 هەزار موشەك و گوللـە تۆپ و هەزارانی دوورهاوێژ لەخۆ دەگرێت كە مەودایان 250 كیلۆمەترە، هەر لەم چوارچێوەیەدا هێزی وشكایی ئەو حزبە چەكی كلاشنكۆفی جۆری «AK-47 و دووربینی شەوانەیان پێدراوە، لەگەڵ چەكی پێشكەوتووی دژەتانگ، لەپاڵ شارەزایی تەواوی تەقینەوەكان، لەم دواییەشدا حزبوڵا یەكەیەكی پشتیوانیی تازەی زرێپۆش و تانكی تازەی بەدەستهێناوە، هەر ئەو حزبە خاوەنی سەدان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و سیستەمی پێشكەوتووی بەرگریی و مووشەكی گەڕۆكی زەمین – دەریایە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانی حزبوڵا لە سووریا توانایەكی بەرچاوی شەڕیان بەدەستهێناوە، ئەم هەموو پەرەسەندن و پێشكەوتنە یارمەتیی حزبەكە دەدات كە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەسەر ئاستی سریەو كەتیبە ئەنجام بدات. وێڕای ئەو هەموو شتانەش، تا ئێستا حزبوڵا بەشێكی گرنگە لە ستراتیژیەتی شەڕی ئێران بە وەكالەت، دواجار ئەگەر شەڕێك لەگەڵ ئیسرائیل هەڵگیرسا، ئەوا چاوەڕوان دەكرێت ئێران بریكارە تیرۆریستەكانی دیكەی هانبدات تاكو لە هەموو ناوچەكە بەرگری لە حزبوڵا بكەن.
لەم سۆنگەوە چەمكی ستراتیژیی بنەڕەتیی حزبوڵا لە سێ بەشی بەیەكەوە گرێدراو پێكدێت كە بریتین لە: چالاكیی تیرۆریستی و چالاكیی سەربازیی تەقلیدی و چالاكیی سیاسی، لە رووی هەندی شتی دیكەوە دەبینین كە ئەم كارلێكە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە حزبوڵا ئۆپەراسیۆنەكان ئەنجامدەدات، بێ ئەوەی هیچ نرخ و رەچاوكردنێك بۆ یاساكانی شەڕ دابنێت، لەگەڵ ئەوەی كە بۆتە نیمچە هێزێكی سەربازیی ئاسایی. بۆ نموونە هیچ پەشیمان نییە لەوەی هاووڵاتی سڤیل بۆ پەردەپۆشكردنی چەكدارەكانی بەكاربهێنێت و بیانكاتە ئامانج. بە تێپەڕبوونی كات حزبوڵا زۆربەی گوندە شیعەنشینەكانی لە باشووری لوبنان كردوون بە بنكەو ژێرخانی سەربازی و ناونووسكردنی بۆ بەسەربازكردن و كۆكردنەوەی چەكی تێدا ئەنجامداون، بەشێوەیەك كە تونێڵی لەژێر زەوی لێداون وەك ئەوەی بۆ شەڕ ئامادەی كردبن. بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی مەدەنی دەرك بەوە بكات كە حزبوڵا بۆتە هەڕەشەیەكی گەورە نەك هەر تەنیا بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵكو بۆ سەر گەلی لوبنانیش، بێگومان لە شەڕی داهاتوودا حزبوڵا هەوڵدەدات ورەی ئیسرائیل لاوازبكات و دەستكەوتێكی تەكتیكی بەدەست بهێنێت لەمیانی هێرشكردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیل و ژێرخانی زیندووی نێو خاكی ئیسرائیل، رەنگە هەوڵیشبدات كە دەست بەسەر خاكی دیكەشدا بگرێت، وەك هەوڵێك لەپێناو سەلماندنی راستگۆیی بەرگریكردن لەبەردەم وڵاتانی عەرەبیدا. لەوەڵامی ئەمەشدا بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل دژە هێرش دەكات، بەمەش هاووڵاتیانی سڤیل لە باشووری لوبنان رووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە.
لە كاتێكدا دوا راپۆرتی (گروپی سەربازیی پلە باڵا) جەخت دەكاتەوە لەسەر رێگرتن لە سەرهەڵدانی شەڕی سێیەم، دەكرێ بگوترێت كە بڵێسەی شەڕ بەدەر كەوتووە، هەردوولا بە شێوەی جیاواز دژی یەكتر بە نهێنی خۆیان ئامادە دەكەن، لەم حاڵەتەدا رەنگە ئەوەندە نەخایەنێت كە دۆخەكە لە شەڕی ساردەوە بۆ شەڕێكی گەرم بگۆڕێت.