نامەکەی ماکڕۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی

نامەکەی ماکڕۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی
بێگومان نامەکە لەم کاتەدا زۆر گرنگ و ھەستیارە چونکە دووپاتی گرنگیدانی فەرەنسایە بە پێگەی ھەرێمی کوردستان لە دوایی رووداو و گرژییەکانی ئەو دواییەی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بە تایبەت دوایی ڕووداوەکەی ١٦ ئۆکتۆبەر ,ھەروەھا دەربڕینی ئەستۆپاکی فەرەنسایە لەم گەلەکۆمەی لە دژی ھەولێر ڕوویدا,زۆر بە ڕوونی و ئاشکرایی ماکڕۆن ناوی سەرۆک بارزانی دەھێنێت وەک ھاوپەیمان و قارەمانێک ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە لای فەڕەنسا قوربانیدانی پێشمەرگە بە ھەدەر نەچووە و لە بەرچاوییانە ....
وە ھێنانی نامەکە بۆ خودی نێچیرڤان بارزانی خۆی لە خۆیدا بەڵگەی ئەوەیە کە فەڕەنسا مامەڵە لە گەڵ پێگەی فەرمی و دامەزراوەیی کوردستان دەکا ئەمەش چەندین ئاماژەی ناڕاستەوخۆی تێداییە بۆیە پێویستە بەڕێزیان بە ھەندی وەرگرن,وە لایەنێکی تری شاراوەی نامەکە ئەوەیە کە فەڕەنسا لە ئێستادا نایەوێت دڵی بەغدا بڕەنجێنێت لە سەر کوردستان ھەروەک دەڵێت پاڵپشتی عیراقیکی فیدڕاڵ و یەکگرتوو دەکەین ھەر لە بەر ئەمەشە بە ھیچ شێوەیەک باسی گشتپرسی و لێکەوتەکانی ناکات یاخود ناڵێت ڕێز لە داخوازی و داواکارییەکانی گەلی کورد دەگرین بەڵکو دەڵێت پاڵپشتی ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردین لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسانە گەیاندنی پەیامەکەیە بە نوسراو نەوەک بە پەیوەندی کردن(تەلەفۆن).
لە لایەکی تر نامەکە شەرمەزارییەکی شاراوەی لە ناخدا ھەڵگرتووە و نازانن چۆن بە گوێی گەلی کوردی بچرپێنن ئەمەش بەم شێوەیە ,کاتێک بە شان و باڵ و فیداکاری پێشمەرگە و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دا ھەڵدەدەن واتە ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر نە بە دەستی فەڕەنسا بووە نە بە دڵی فەڕەنسا بووە بەڵکو تەنیا تەماشەکەر بووە.....
ھەروەھا نامەکە پەیامێکە بۆ خودی نێچیرڤان بارزانی بە جۆرێک ماکڕۆن بە ئاشکرا چاوەڕوانی توانا و لێھاتووی بەڕێزیان دەکات لە سەر خستن و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەی ئێستای کوردستان بە واتایەکی تر ماکڕۆن ڕووی کردۆتە نێچیرڤان بارزانی و پێی دەڵێت:کاک نێچیرڤان بارزانی ئاگادارین چەندین ساڵە فەرمان ڕەوا و دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستانی بەڵام سەرکەوتن و شکستت پەیوەست بوو بە خودی خۆت و ناوخۆی کوردستان بەڵام ئێستا جیاوازی لە بەرامبەر ئەرکێکی نوێ دای و لە سەرت پێویستە لەم تاقیکردنەوە سەختەدا سەرکەوتوو بیت واتە لەمەودوا ئەنجامی نمرەکانی ڕۆڵ و پێگەی نێچیرڤان بارزانی چاوی وڵاتانی جیھانی لە سەرە و پێویستە زۆر بە ووریایی و بە وردی ئاگاداری ھەنگاوەکانت بیت و زیاتر لە جاران ھەوڵبدەی تاوەکو ڕێژەی نا ئومێدی جیھانی لە سەر کورستان کەم بکەیتەوە .....
لای من ئەم پەیامەی سەرەوە بە قورسترین ئەرکی دەزانم لە شانی بەڕێزیان
لە کۆتایدا دەتوانم بڵێم پەیامێکی پڕ لە ھیواو ئومێدە لە گەلی فەڕەنساوە بۆ گەلی کوردستان ھەروەھا فەڕەنسا گرنگی دەدات بە بوونی کیانی ھەرێمی کوردستان و نایەوێت زیاتر دڕکی نەیاران بەر جەستەی زامداری بکەوێت و ناخوازێت کردەوەی سەربازی و گرژی زیاتر لە ناوچەکەدا ڕووبدا چونکە ئەزانێت لاسەنگی ھێز لە بەرژەوەندی کورستاندا نیە و ئامادە نییە چیتر ببێتە شاھێد لە سەر شکستەکانی ھەرێمی کوردستان بەڵکو ھانی نێچیرڤان بارزانی دەدات پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی کوردستان بکات وخوێندنەوەی تەواو و ھەمەلایەن بکات بۆ ھەموو ڕووداوە نەخوازراوەکان , دیالۆگ بکاتە ھەوێنی ئارامی لە پێناو چارەسەری گونجاو بۆ ڕەوشەکە و تەواوی گیر و گرفتەکان.
Top