میللەتی كورد، متمانەی بە رژێمی عێراق نەماوە و تەنیا رێگە چارە جیابوونەوەی هەولێر وبەغدایە ..
November 11, 2017
وتار و بیروڕا
كاتێك میللەتێك بە دەنگێكی زوڵال و ئاشتیانە گوزارشت لە ماف و رای خۆی دەكات و هەنگاو بۆ سەربەخۆیی دەنێت هەڵوێستی دوو ڕووییان دەبێت. بەڵام دەنگی سێ ملیۆن و نیو مرۆڤ بۆ سەربەخۆیی، نە بە عێراق و نە بە هەڵوێستی شەرمەزاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەسڕێتەوە، ئەمە بە مردوویی ناچێتە مێژووەوە، بەڵكو چارەنووسی داهاتووی ئەم گەلە دەبێت.سەرۆك مسعود بارزانی یەكێكە لە سەركردە مێژووییەكانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی، كەسێكی تێكۆشەرە و لە بەدەستهێنانی مافی گەلەكەی، جەنابیان هەوڵی داوە لە پرۆسەیەكی نەتەوەیی گەلی كوردستاندا سەربەخۆیی بۆ گەلەكەی بەدەست بهێنێت. ئەم سەركردەیە ئەوەندە راستگۆیە تەنانەت لە هەست و سۆزو روخساریدا دەردەكەوێت، ئەم كەسایەتییە پێشمەرگایەتی لە هەموو پۆست و پلەیەك لا پیرۆزترە، هەروەكو خۆیشی لە چەندین بۆنەدا باسی كردووە، من كە خۆشم شانازی بە پێشمەرگایەتی دەكەم و زۆر بەدڵنیاییەوە لەهەست و سۆزی جەنابیان تێدەگەم، چونكە پێشمەرگایەتی بەهاو ئەخلاقێكی بەرز دروست دەكات و گیانی خۆڕاگری و تێكۆشان دروست دەكات، رۆڵی گەورەی سەرۆك بارزانی رۆڵێك نییە بە پۆست و دەسەڵاتێك تەواو بێت، ئەو پێش ریفراندۆم و تەنانەت نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر لە كەناڵی فرانس 24 بە ئاشكرا ئەمەی روون كردەوە. سەرۆك بارزانی رۆڵی كاریگەری لە هەموو بوارەكاندا هەیە، سەرۆك بارزانی ئەو سەركردە تێكۆشەرەیە كە پێگەو قورسایی خۆی هەیە و هەر واش دەمێنێتەوە. ئەوەی لە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان روویدا، بە تەواوی دەرئەنجامەكانیشەوە، نە شكستی سیاسییە، نە شكستی سەربازی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە. بەپێچەوانەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە پردێ و مەخموور و تەلەسقۆف و زومار و سحێلا گەورەترین داستانی قارەمانیەتییان تۆمار كرد. ئەمڕۆ لە هەمێشە زیاتر پێویستیمان بە یەكڕیزی نیشتمانی واقیعبینانە هەیە، راستە ئەوەی روویداوە لاپەڕەیەكی مەترسیدارەو دێڕەكانی ناو ئەو لاپەڕەیە جەرگبڕە، بەڵام هەر دەبێت بە تێكۆشان رووبەڕووی ببینەوە، گەلی كوردستان رازی نابێت بە خۆبەدەستەوەدان و خۆی هێزی بەرەنگاربوونەوەو پاراستنی دەستكەوتەكانی دروست دەكات.
هێرشی حەشدی شیعی و سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر كوردستان بەهانەیەك بوو بۆ داگیركردنەوەی كوردستان و شكاندنی ئیرادەی میللەتێك و لە باربردنی گشت دەستكەوتەكان .ئەمریكا چەكی پێشكەوتووی بە عێراق دا، بەڵام سوپای بەزیوی عێراق لە موسڵ كە دووەم گەورە شاری عێراقە، هەمووی بۆ داعش بەجێ هێشت كە هەر بەو چەكانە دوو لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كردو هاوكات هێرشی كردە سەر كوردستان، بەڵام پێشمەرگە داعشی بەزاند و هاوكاری سوپای تێكشكاوی عێراقی كرد و ورەی بەو سوپایە و حەشدی شەعبی بەخشییەوە، كەچی لە بری دەستخۆشی پەلاماری كوردستانیان دا، بێدەنگبوونی ئەمریكاش وەك پێكردنی گڵۆپی سەوز سەیركراوە بۆ دەستتێوەردانی زیاتری ئێران لەو دۆخە، كە لە راستیدا بوونە ستوون پێنجی ئێران و هەموو كارئاسانییەكیان بۆ بەدەستەودانی ناوچە كوردستانییە رزگاركراوەكان كرد، ئەوەش زیاتر لەوەی بە شكستی بزانین، بازرگانییەكی سیاسی و ئابووری بوو كە لە هەموو بنەمایەكی ئەخلاقی و ئینسانی و دیپلۆماتیكی بەدوور بوو. هەر كەس وا بیر بكاتەوە كە ریفراندۆم هۆكاری رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەر بووە، زۆر بە هەڵەدا چووە. لە بەر ئەوەی تەنیا شەڕی داعش پیلانی داگیركردنەوەی كەركووكی دواخستبوو، ئێران و عێراق هەرگیز قبووڵی ناكەن كە كوردستان گەورەترین زەخیرەی نەوتی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكات. هەروەها ئێران ئۆپۆزسیۆنی خۆی لە عێراقدا دەكاتە ئامانج، هاوكات نایەوێ كورد رێگەی وشكایی عێراق و سووریا كۆنتڕۆڵ بكات. قاسم سولەیمانی جگە لەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و ئێستای عێراقی كردووەتە سەربازێكی بەرفەرمانی خۆی، بەردەوام لە سنووری سلێمانی تەڕاتێنی دانوستاندن دەكات، ئامانجەكەشی تەنیا داگیركردنەوەی كەركووك نییە، بەڵكوو هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە كوردستان لە ئەولەوییەتی ئامانجەكانیدایە. لە لایەكی دیكەوە " بەغدا و تاران " چاویان بە شكۆی پێشمەرگە و سنبولەكانی كورد هەڵنەهات و ئاكامی ریفراندۆم و ئاواتی سەدان ساڵەی كورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لە بار ببات، بەڵام پێشمەرگە بە ئیرادەی پۆڵایینەوە رووبەڕووی دەبێتەوە..