ئەوەی بوێری لە ناوچاوەکانی داھەبێت،ئەو گولەیە نایکوژێ کە ئاراستەی دەکرێ

ئەوەی بوێری لە ناوچاوەکانی داھەبێت،ئەو گولەیە نایکوژێ کە ئاراستەی دەکرێ
نوسەری ناوداری میسری یوسف ئیدریس دەلێ" ئەوەی بوێری لە ناوچاوەکانی داھەبێت،ئەو گولەیە نایکوژێ کە ئاراستەی دەکرێ"
بوێری کە ئازایەتی و متمانەی تەواوە بە خودی خۆت گرنگە لە ھەموو تاکەکان بوونی ھەبێت، بەڵام ڕادەی بوێری جیاوازە، ئەوەی من مەبەستمە باسی بکەم (بوێری و پەروەردە و بوێری خوێندن و قوتابخانە) چۆن ئێمە بتوانین وا لە قوتابییە خۆشەویستەکانمان بکەین کەوا بوێر بن ئازا بن متمانەیان بە خۆیان ھەبێت، گومانی تێدانییە قوتابخانە دەتوانێ قوتابی بوێر بێنێتە بەرھەم ئەویش لە رێگای پڕۆگرام و مامۆستا دڵسۆزەکان ، دەستەی کارگێڕی قوتابخانە (بەرێوەبەر و یاریدەدەرەکان) پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەین کەوا ھەردەم بواری قوتابی بدەن قسە بکات داخوازی ھەبێت و گلەیی بکات و چی دەوێت و چی پێویستە داوا بکات ئەوەش لە رێگای ڕەخساندنی زەمینەی لە بار بۆ قوتابیان کە ترسیان نەبێت کاتێک گفتۆگۆی بابەتێک دەکەن یانیش گلەییان لە بابەتێک ھەبێت و قوتابخانە بەھی خۆیان بزانن و ئەو چەمکە لایان درووست بێت کە قوتابخانە لە پێناو ئەوان درووست کرایە و بەرێوەبەر و مامۆستاکانیش بۆ ئەوان لە قوتابخانەن و مامۆستاکانیش ھەردەم کەشێکی وا درووست بکەین کە قوتابیان بەشداری بابەتەکان بکەن و داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو بە شێوازێکی پەروەردەیی دروست و قوتابیان ڕابھێنن کە ھەموو ئەوانەی ڕۆژانە قسەیان لەگەڵ دەکەن وەکو خۆتان مرۆڤن و ھەموومان دروست کراوی خودای گەورەین و ھیچ ترس و شەرمی ناوێ لە خستە ڕووی ھەر بابەتێکی پێویست و پەسند.
زۆر جار دەبیستین و دەبینین لە قوتابخانەیەک زۆربەی قوتابیەکانیان بوێرن و خاوەن قسە و ڕەفتار و کرداری خۆیانن و خۆیان بە خاوەنی قوتابخانەکە دەزانن و وەکو ماڵی خۆیان، بێگومان بۆ دڵسۆزی و سەرکەوتووی دەستەی کارگێڕی و مامۆستاکان دەگەرێتەوە کەوا زیاتر گرنگی بنیاتنانی تاک دەدەن و دەیانەوێ قوتابیەکان قسە بکەن، بە پێچەوانە لە ھەندێ قوتابخانەی تر قوتابی شەرم دەکات داوای مامۆستا بکات و دەترسێ لە بەرێوەبەر، گەر باوکی ڕاسپاردەیەکی بۆ قوتابخانە ناردبێ ناوێری تخونی ژووری بەرێوەبەر و مامۆستاکان بکەوێت و ترس لە دڵی دا ھەیە و متمانەی بە خۆی نییە بچێتە لای بەرێوەبەر یان مامۆستاکان ئەو نموونەیە لەوانەیە لە چەندەھا قوتابی دووبارە دەبێتەوە، ئەوە دەگەرێتەوە بۆ چۆنیەتی پەروەردەکردن و کەسایەتی بەرێوەبەر و کارگێڕی کە ھەردەم قوتابیانیان سەرکوت ودەم کوت کرووە بواری دەربڕینی داواکاری و قسەکردنیان نەداوە لە قواتبخانە بێگومان ئەو نموونەیان سەرکەوتوو نییە ، چونکە زۆربەی قوتابیەکان لە ناخیان کۆمەلێ داواکاری و پێشنیار و پرسیار پەنگی خواردووە و ناوێرن بیدرکێنن کە بەدڵنیایی قوتابخانە بە مامۆستا و بەرێوەبەر وفەرمانبەران لە پێناو تێگەیاندن و پێگەیاندنی قوتابی لەوێن ، بۆیە لێرەوە گرنگە وەزارەتی پەروەردە شەفافانە و ڕاشکاوانە و قوتابخانەکان و بەرێوەبەرەکان ئاراستە بکات ڕاستەوخۆ یان لە رێگای سەرپەرشتیاران کەوا ھەردەم ھەوڵ دەدەین نەوەیەکی بوێر و ڕاستگۆ و متمانە بە خۆ و ئازا بھێنینە بەرھەم ، نەوەک نەوەیەکی شەرمن و ترسنۆک و بێ متمانە و داپلۆسراو و لاواز و ڕاڕا .
بێگومان ئایندەی میللەتەکەمان پێویستی بە کەسانی بوێرو ئازا و چاونەترس و ڕاستگۆ و دڵسۆز ھەیە، پێویستە ھەموومان لە ھەموو کەناڵەکانی پەروەردەیی لە بەرێوەبەری قوتابخانە تا بۆ ئاستی بەرێوەبەری گشتی و باڵا تر لە وەزارەت کەسانی بوێر و خاوەن ھەڵوێست و ڕاستگۆ و دڵسۆز و بەتوانا بەرپرسیاریەتی پێ بسپێردرێت کە دەتوانن بە پارێزراوی و بێ ترس و بێ کێشە بەرێوەی ببەن ، نەک خەڵکانی شەرمن و ڕاڕا و متمانە بە خۆە نەبوو بەرپرسیاریەتی پێ بسپێردرێ ئەوکات ھەر تەنھا خەریکی ڕازی کردنی ئەو کەسە دەبن کە ئەو پۆستەی بە دیاری پێشکەش کردوون و لەویشی دەزانن بۆیە پشت لە خەڵک و جەماوەر و پڕەسنیپە نەگۆڕەکان و خاڵە گرنگەکانی ئیشەکەی دەرئەنجام ئەو کەسە دۆڕاو دەبێ بە کۆمەڵگا و کەسەکان کە بێگومان بەشی ھەرە زۆری دەگەرێتەوە بۆ پەروەردە کردن و فێربوون و ژینگە و ڕاھاتنمان.
ماوەتەوە بلێم کەسانی بوێر و دڵسۆز و ڕاستگۆ و خاوەن ھەڵوێست حەز بە کەسانی وەکو خۆیان دەکەن لە ھەمان خاڵ ھاوبەشیان ھەیە و ھانیان دەدەن ڕۆڵ ببینین و بەرپرسیاریەتیان دەدەنێ، پێچەوانەکەشی ڕاستە بۆ کەسانی تر بەداخەوە.

بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top